رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی هەرێمی خێرسۆن لە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، رۆژی یەکشەممە خۆیان بۆ کۆتاییهاتنی ئەو ئاگربەستە نێوخۆییە ئامادە کرد کە بە گرنگترین ئاگربەستی نێوان کیێڤ و مۆسکۆ دادەنرێت لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە چوار ساڵ و نیو لەمەوبەر.
کۆشکی سپی رایگەیاند، مێلانیا ترەمپ، خانمی یەکەمی ئەمریکا هاوکار بووە لە نێوەندگیریکردن بۆ ئەو ئاگربەستە سنووردارە، کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە دەستیپێکرد و بڕیارە ئێوارەی یەکشەممە کۆتایی بێت. وەستانی شەڕەکە وایکرد دانیشتووانی گەمارۆدراوی شاری ئۆلێشکی لە هێڵی پێشەوەی جەنگ، لە ئۆپەراسیۆنێکی دەگمەنی هاوبەشدا بگوازرێنەوە کە رۆژی شەممە کۆتایی هات.
پێشبینی دەکرێت کاتێک ئاگربەستە کاتییەکە چووە واری جێبەجێکردنەوە، نزیکەی دوو هەزار کەسی سڤیل لە ئۆلێشکی بووبن. ئەوان سەرپشک کران لە نێوان چوون بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆکراینا یان رووسیا، یاخود مانەوە لە شارەکەدا لەگەڵ پێدانی خۆراک و پێداویستیی پزیشکیی نوێ. لەپێناو سەلامەتیی ئەوانەی ماونەتەوە، دوای پرۆسەی چۆڵکردنەکە هیچ ئامارێکی ورد بڵاونەکرایەوە.
رۆژی شەممە لەسەر سنووری ئۆکراینا، کەسوکاری ئەو هاووڵاتییانە چاوەڕێی بینینی ئازیزانیان بوون، هاوکات دانیشتووانی گوندەکانی نزیک ئەو سنوورە لەسەر رێگە سەرەکییەکە بە هەڵکردنی ئاڵا و لایت پێشوازییان لە کاروانە مرۆییەکە کرد.
بەڵام مۆسکۆ و کیێڤ لە شوێنەکانی دیکە بەردەوام بوون لە هێرشە ئاسمانییەکانیان. رۆژی یەکشەممە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، رووسیا پێش هاتنی زستان بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانی وزەی ئۆکراینا و شەوی رابردوو سەتان هەزار خێزان بێ کارەبا ماونەتەوە، چونکە مۆسکۆ هەوڵ دەدات کەمیی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئۆکراینا بقۆزێتەوە.
زیلینسکی گوتیشی: "چڕیی هێرشەکان یەکجار زۆرە و رووسەکان هەوڵ دەدەن زۆرترین سوود لە کەمیی مووشەکی بەرپەرچدەرەوەی مووشەکی بالیستی وەربگرن."


