رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆسـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا دەڵێت، رۆژی شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر راشکاوانەی لەگەڵ بێنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەبووە، سەبارەت بە دۆخی دانوستاندنەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران و ئەوەی کە کەی دەست بە شەڕ دەکرێتەوە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە "سەخت" بووە، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمریکیش بە گفتوگۆیەکی "راستەوخۆ و راشکاوانە" ناوی بردووە.
ترەمپ رۆژی یەکشەممە لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، لە پەیوەندییەکەدا "گفتوگۆیەکی باش"ی لەگەڵ نەتەنیاهوو لە بارەی ئێران هەبووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستە روو.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەسەر نێوەڕۆکی پەیوەندییەکە نەداوە.
وردەکاریی قسەکانی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوو چی بوون؟
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی ئەکسیۆس، نەتەنیاهوو گوشاری خستووەتە سەر ترەمپ بۆ ئەوەی دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەخول لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، هێرش بکاتە سەر ئێران، بەڵام ترەمپ لەم کاتەدا دەیەوێت دەرفەت بە دانوستاندنەکان بدات تاوەکو بزانێت بەکوێ دەگەن — کە ئەمە ستراتیژییەکە نەتەنیاهوو زۆر لێی نیگەرانە.
هاوشێوەی ئەو کاتانەی کە پێش "ئۆپەراسیۆنی چەکوشی نیوەشەو" لە حوزەیرانی 2025 و "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا" لە شوباتی ئەمساڵدا کردی، ترەمپ ئێستا دوو رێڕەو بەیەکەوە بەکاردەهێنێت: لە لایەکەوە هەوڵدەدات بگاتە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی ئاشتی، لە لایەکی دیکەشەوە ئامادەکاری دەکات بۆ ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی گەورە دوای هەڵبژاردنەکانی نیوە خول.
هەفتەی رابردوو، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا نامەیەکی بۆ موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران نارد سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان. ئەمە بەرزترین ئاستی پەیوەندیکردنی ئەمریکا بوو بە ئێرانەوە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا.
هەڵوێستی ترەمپ لەسەر ئێران چییە؟
رۆژی شەممە ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران "بەباشی بەڕێوەدەچن" و ئاماژەی بەوە کرد کە "زۆر پەلەی نییە." سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هەرچەندە ئێرانییەکان دەیانەوێت رێککەوتن بکەن، بەڵام "زۆر جێگەی متمانە نین... رێککەوتنێک دەکەن و دواتر لێی پاشگەز دەبنەوە."
لە هەمان کاتدا ترەمپ هۆشداری دا کە هێشتا ئەمریکا دەبێت مامەڵە لەگەڵ "یەک یان دوو" پێگەی ئەتۆمی لە ئێران بکات و گوتی: "دەتوانین لە 10 خولەکدا ئەوە بکەین. پلانمان بۆی داناوە. دەتوانن سەیری قوڵنگ بکەن. پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکەین و دەتوانین زۆر بەخێرایی بیکەین." چیای قولەنگ پێگەیەکی ئەتۆمییە کە لەنێو چیایەکدا دروستکراوە.
دۆخی دانوستاندنەکان چۆنە؟
رۆژی یەکشەممە بۆ سێیەم رۆژ لەسەریەک، نێوەندگیرە قەتەرییەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران کۆبوونەوە، لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و ئێران.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێشتا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە و جەختی لەوە کردەوە کە رێککەوتن بەندە بە وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ پرسیارەکانی ئێران. عێراقچی گوتی: "ئێمە هەموو هەوڵێک لەم بوارەدا دەدەین و هیوادارین لایەنی بەرامبەر ئەوەندە دانایی نیشان بدات کە رێگەی دیپلۆماسی هەڵبژێرێت نەک رێگەکانی دیکە."



