رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی فەرەنسا رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، پێنج هاووڵاتیی بەریتانی کە بە گومانی هەراسانکردن و بێزارکردنی کۆچبەران دەستگیر کرابوون، سزای دارایی دران، دیپۆرت کرانەوە و بۆ ماوەی شەش مانگیش رۆیشتنیان بۆ ئەو ناوچەیە لێ قەدەخە کرا.
بەپێی راگەیێندراوی بەرپرسانی ناوچەکە، ئەو پێنج کەسە سەر بە "بزووتنەوەیەکی راستڕۆی تووندڕۆن"ـن و رۆژی پێنجشەممە لە کاتی پەخشی راستەوخۆی ڤیدیۆ لەسەر ئینتەرنێت، لە نزیک بەندەری دانکیخ لە باکووری فەرەنسا دەستگیرکراون.
شارلۆت هوێت، داواکاری گشتی، رۆژی یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، رێکخراوێکی خێرخوازی ئەو کەسانەی بە نانەوەی تووندوتیژی دژی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامە تۆمەتبار کردبوو، بەڵام لە لێکۆڵینەوەکاندا هیچ بەڵگەیەک لەسەر تاوانی تووندوتیژی نەسەلمێندرا.
پیاوەکان کە تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 46 ساڵاندایە، لە کاتی دەستگیرکردنیاندا گازی فرمێسکرێژ و دار و خوترەی پۆلیسیان پێبووە، کە هەڵگرتنیان بەپێی یاسای فەرەنسا نایاساییە.
دادوەر بڕیاری دا بۆ ماوەی شەش مانگ رۆیشتنیان بۆ هەرێمەکانی نۆرد و پادوکالێ قەدەخە بکات، هەروەها بڕیاری دا هەر یەکەیان بڕی 500 یۆرۆ (550 دۆلار) وەک پێبژاردن بدەنە کۆمەڵەیەکی پاڵپشتیکردنی قوربانییان.
بەرپرسێکی پارێزگای ناوچەی باکوور بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: "هەر پێنج کەسەکە رۆژی یەکشەممە لە خاکی فەرەنسا دیپۆرت کرانەوە."
ئەمە یەکەمین رووداوی لەم جۆرە نییە. لە مانگی کانوونی دووەمی رابردووشدا، دوو بەریتانی کە گومان دەکرا بۆ بەشداریکردن لە چالاکییەکی قەدەخەکراوی دژە کۆچبەران لە بەندەری کالێ (کالاس) هاتبێتنە فەرەنسا، دەستگیرکران و دیپۆرت کرانەوە. هەروەها لە نێوەڕاستی هەمان مانگدا، 10 چالاکڤانی دیکەی راستڕۆی تووندڕۆی بەریتانی رۆیشتنیان بۆ خاکی فەرەنسا لێ قەدەخە کرا، ئەوەش دوای ئەوەی تۆمەتبار کران بەوەی لە مانگەکانی پێشوودا تووندوتیژییان دژی کۆچبەران لە کەناراوەکانی فەرەنسا کردبوو.



