رووداو دیجیتاڵ
گرنگیی هەڵبژاردنەکانی نێوەخولی کۆنگرێس لە ئەمریکا هێندە زیاد بووە کە شەین دەن، لە تەمەنی 65 ساڵیدا بڕیاریداوە بۆ یەکەمجار لە ژیانیدا دەنگ بدات. دەن کە پێشتر چێشتلێنەر بووە و ئێستا لە دەوروبەری فیلادێلفیا دەژی، دوای دەنگدانی پێشوەختە گوتی: "من هەمیشە پیاوێکی سەرقاڵ بووم، بەڵام ئێستا تێدەگەم چی لە وڵاتەکەماندا دەگوزەرێت و هەر ئەوەش وایکرد بێم دەنگ بدەم." شەین دەنگی بە دیموکراتەکان دا و گوتی: "هەستێکی زۆر خۆشە کە قسەی خۆمم کرد."
لە سەرانسەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەنگدەران قسەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی بڕیار بدەن لەم دوو ساڵەی کۆتایی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، کێ کۆنترۆڵی ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات و کێ دەبێتە حاکمی ویلایەتەکان.
ئەوەی زۆر لە دەنگدەران دەیبینن ئەوەیە، ئەو ئەمریکایەی پێشتر دەیانناسی، خەریکە لەدەستیان دەچێت. دەبینن کە یاسادانەران خۆیان یاساشکێنی دەکەن. دەبینن سیاسەتڤانان رق و کینە لەنێوان ئەمریکییەکاندا بڵاودەکەنەوە، گەندەڵی هەموو لایەکی گرتووەتەوە، ملیاردێرەکان وڵات بەڕێوەدەبەن و کولتوورەکەش چیدیکە لەگەڵ شێوازی ژیانی ئەواندا ناگونجێت — بە کورتی، بنەماکانی ئەمریکا لە مەترسیی داڕماندان، بێگومان بێجگە لەمە، کێشەی گرانیی بەنزینیش هەیە.
لە دەیان چاوپێکەوتنی دەنگدەران لە سەرانسەری وڵاتدا، ئەم نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە بەڕوونی هەستی پێدەکرێت، نەک تەنیا لەلایەن نەیارانی ترەمپەوە، بەڵکو لەلایەن زۆر لە لایەنگرانیشیەوە.
دەنگدان بۆ راگرتنی "سەرشێتییەکە"
ئارسەر هۆرنەر (59 ساڵ)، کە کۆمپانیایەکی هاوردەکردن و بەبازاڕکردنی خۆراکی هەیە و بەهۆی باجە گومرگییەکانەوە زیانی پێگەیشتووە، دوای دەنگدانەکەی بە دیموکراتەکان لە پێنسلڤانیا گوتی: "ئەمڕۆ دەنگم وەک هەوڵێک دەبینم بۆ راگرتنی ئەم سەرشێتییە."
لە ویلایەتی ئایۆوا، ئیلیزابێس مارلێت، ژنێکی ئاژەڵدار (61 ساڵ) کە دەنگی بە کۆمارییەکان دا، لە زۆر شت نیگەران بوو — لە ماددە کیمیاییەکانی نێو خۆراکی لەقوتوونراو، کێشەکانی کوڕەکەی بۆ وەرگرتنی مافەکانی وەک سەربازێکی دێرین و لە هەمووشی زیاتر ئەوەی کە ئەو وەک "لادانی کۆمەڵگە بەرەو چەپڕۆیی" دەیبینێت. ئەویش پێیوایە شتەکان لەسەر یەک نەماون و گوتی: "بەهاکانی خێزان لەنێودەچن و دەبێت بگەڕێندرێنەوە. ئازادییەکانمان و ئایینمان پێشێل کراون. پێموایە ئێمەی زۆرینە دەبێت هەنگاو بنێین و چیدیکە بێدەنگ نەبین."
نیگەرانییەکان لە رقوکینەی ترەمپ و هاوپەیمانەکانی
ئەو رقەی لە هەوادا بڵاوبووەتەوە، کە سەرۆکێک هۆکاریەتی و هیچ رەخنەیەک قبووڵ ناکات، بۆ هەندێک کەس زۆرە.
لیندا مارکڵ (72 ساڵ)، دەنگدەری دیموکراتەکان سەبارەت بە ترەمپ گوتی: "خەریکە لەنێومان دەبات... من زۆر خەمی ئەم وڵاتەمە. پێشتر خەڵک ئاگایان لە یەکدی بوو، بەڵام ئێستا وا نییە." گوتیشی: "ئێستا خەڵک تەنیا رقیان لە یەکدییە و وا دیارە ترەمپ بوێریی پێداون کە بەو شێوەیە بن... دابەشبوونەکە زۆر ترسناکە و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی رۆیشتنی ئەوم."
کریس سمیس (27 ساڵ)، ئەندازیارێکی سۆفتوێرە کە لە ساڵی 2024 دەنگی بە ترەمپ دابوو، تا رادەیەک هاوڕایە لەگەڵ لیندا و دەڵێت: "خەڵکێکی زۆر لەبەر هۆکاری جیاواز رقیان لێیەتی و تێدەگەم بۆچی. پێموایە لە زۆر شتدا کەمێک شێتانە رەفتار دەکات." بەڵام ئەو حەزی بە هەوڵەکانی ترەمپە بۆ گەڕاندنەوەی کارگەکان بۆ ئەمریکا، بۆیە دووبارە دەنگی بە کۆمارییەکان داوە.
لەلایەکی دیکەوە، دەیڤد ویلکینسن کە پێشتر دەنگی بە جۆرج دەبلیو بووش داوە، ترەمپ بە "خراپترین سەرۆک لە مێژووی ئەمریکا" دەزانێت و دەڵێت: "هەموو رۆژێک کە هەڵدەستیت، دەپرسیت: 'ئەمڕۆ چی دەکات؟'" هاوژینەکەشی لۆری دەڵێت: "ئەو هێندە رقوکینەی هەیە کە لە کۆنترۆڵ دەرچووە" و دەترسێت ئەگەر دیموکراتەکان بیبەنەوە، ترەمپ "بەتەواوی شێت بێت."
بەڵام تێرێز مێنێل، لایەنگری ترەمپ، تێڕوانینێکی دیکەی هەیە: "ئەو کەسایەتییەکی لەخۆبایی هەیە کە خەڵک حەزیان پێی نییە و هەندێک جار بەهۆی شێوازی قسەکردنیەوە گوێی لێ ناگرم. بەڵام، مەبەستم ئەوەیە، ئەو کاری راست دەکات. ئەو وڵاتەکەمان رزگار دەکات."
هەندێک وا مامەڵە دەکەن وەک ئەوەی ترەمپ بەربژێر بێت
سەرەڕای دابەزینی جەماوەرییەکەی لە راپرسییەکاندا، ترەمپ چەندین جار داوای لە لایەنگرانی کردووە وا مامەڵە بکەن کە لەم هەڵبژاردنەدا ئەو بەربژێرە، بەو ئومێدەی ئەمە هانیان بدات بۆ دەنگدان.
دێنیس وەندەر، کە لایەنگرێکی سەرسەختی ترەمپە و کێشەی کۆچبەرە نایاساییەکان بەلایەوە زۆر گرنگە، دەڵێت: "پێموایە ترەمپ دوایین هیوای ئێمەیە، ئەگەرنا ئەم جیهانە بەتەواوی وێران دەبێت. بەڵێ راستە هەندێک جار قسەی گەمژانە دەکات، بەڵام دەزانیت ئێمەش وا دەکەین."
بەڵام هەندێکی دیکە ئەم داواکارییەی ترەمپ رەتدەکەنەوە. پریمڕۆز سولیڤان، پەرستارێکی سەربەخۆ دەڵێت: "نەخێر چونکە ئەو بەربژێر نییە. کاتێک نەخۆشێک دێتە نەخۆشخانە، دەتەوێت مامەڵە لەگەڵ راستییەکاندا بکەم، نەک بڵێم 'با وا رەفتار بکەم کە لەوانەیە شێرپەنجەت هەبێت'. نەخێر. ئایا شێرپەنجەت هەیە یان نا؟ دەبێت لەسەر بنەمای راستییەکان هەنگاو بنێین." بۆیە ئەو دەنگی بە دیموکراتەکان دا.
نیگەرانی لە ملیاردێرەکان و قەیرانەکان
سولیڤان یەکێکە لەو دەنگدەرانەی نیگەرانە لە نزیکایەتیی ترەمپ لەگەڵ ملیاردێرەکان، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی داڕمانی ئەمریکا. دەڵێت: "من ئیرەیی بە دەوڵەمەندەکان نابەم وەک جێف بێزۆس یان ئیلۆن مەسک، بەڵام کێشەم لەگەڵ ئەوەدایە کە بەردەوام زیاتریان دەوێت و کارێک دەکەن کە هیچ خزمەتێک بە مرۆڤایەتی ناکات."
بنجمین ئاپدێگرافت، کە پێشتر گەنجێکی کۆماری بووە و لە 2016 دەنگی بە ترەمپ داوە، ئێستا بووەتە دیموکرات. رەخنەی تووندی لە دەستەبژێری دەسەڵاتدار گرت و ئاماژەی بە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ستارلینک لە ئۆکراینا لەلایەن مەسکەوە کرد و دەڵێت: "ئەمە وەک شێرپەنجەیەک وایە و دەبێت لەم وڵاتەدا بنبڕ بکرێت. ئێمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەمان هەیە بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی خراپترین کەسەکانی ئەم وڵاتە دەربهێنین و سزایان بدەین لەسەر کارەکانیان."
لەلایەکی دیکەوە، دەیڤد لی (63 ساڵ) کە پێشتر دەنگی بە کۆمارییەکان داوە، رەخنە لە سیاسەتی تووندی ترەمپ دەگرێت بەرامبەر بە کۆچبەران و دەڵێت: "کەس حەز ناکات سنوورەکان کراوە بن، بەڵام ناتوانیت بەبێ رێکاری یاسایی مامەڵە لەگەڵ ئەم خەڵکە بکەیت و بیاننێریتە وڵاتانێک کە تەنانەت خەڵکی ئەوێش نین. چیدیکە هیچ یاسایەک نەماوە."
ئەی نرخی بەنزین و شەڕی ئێران؟
لایەنگرانی ترەمپ رایانگەیاندووە، بەرگەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین دەگرن کە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دروستبووە و بەشێکیان پێیانوایە گرانییەکە بەهۆی شەڕەکەوە نییە، بەڵکو هۆکاری دیکەی هەیە. تەنانەت لەسەر بڕیاری شەڕەکەش لەگەڵ ترەمپ ناکۆک نەبوون.
دەیڤد ستۆفەر (59 ساڵ)، کە سێ جار دەنگی بە ترەمپ داوە دەڵێت: "ئێران بۆ ماوەی 50 ساڵە ئەمریکییەکان دەکوژێت. بەڵێ، من ئامادەم بەرگەی کەمێک گرانبوونی بەنزین بگرم تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن." کاتێک پرسیاری لێ کرا کە ئایا ئەمە زیان بە بودجەی خێزانەکەی ناگەیەنێت؟ گوتی: "بێگومان وایە، بەڵام من هەر بەردەوام دەبم لە لێخوڕین... [ترەمپ] باجەکانی کەمکردووەتەوە و سنوورەکانی پاراستووە. ئەوە بۆ من زۆر گرنگە."
بەڵام لە بەرامبەردا، هاکیم جێفریس، سەرۆکی کەمینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، رەخنەی تووندی لە ترەمپ گرت و گوتی: "بەبێ گوێدانە رێساکان، ترەمپ شەڕێکی پڕتێچوو و بێباکانەی لە ئێران هەڵگیرساندووە کە زیاتر لە 100 رۆژە بەردەوامە. زیاتر لە سەد ملیار دۆلاری پارەی باجدەران بەفیڕۆدراوە، لە کاتێکدا پێگەی ئێرانی بەهێزتر کردووە و ئابووریی گەلی ئەمریکاشی لاواز کردووە، بەتایبەتی بەهۆی بەرزیی نرخی بەنزینەوە."
بەڵام جێری کاسنەر (74 ساڵ)، دەنگدەرێکی لایەنگری ترەمپ، پێچەوانەی ئەمە بیردەکاتەوە و دەیەوێت ترەمپ تاوەکو پێی دەکرێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەرچەندە بە داخەوە دەڵێت: "ئەو ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکاتەوە... لە رووی یاساییەوە ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە."

