دیموکرات یەکەم کورسیی بردەوە

باڵەخانەی کۆنگرێس. وێنە: AFP
لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسدا نزیکەی 210 ملیۆن دەنگدەری تۆمارکراو لە سەرانسەری ئەمریکا مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە 57 ملیۆن هاووڵاتیش پێشوەختە دەنگیان داوە. لەم هەڵبژاردنە کێبڕکێ لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و پۆستی حاکمی 36 ویلایەت دەکرێت. لە کاتێکدا ئێستا کۆمارییەکان بە 53 کورسی بەرامبەر 47 کورسی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیان بەدەستەوەیە، دیموکراتەکان تەنیا پێویستیان بە بردنەوەی سێ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و چوار کورسی لە ئەنجوومەنی پیرانە تاوەکو تەواوی کۆنگرێس کۆنتڕۆڵ بکەن. تێچووی بانگەشە و ریکلامی هەڵبژاردن لەم خولەدا گەیشتووەتە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار. رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنی نیوەخولدا بە شێوەیەکی مێژوویی نزیکەی 42٪ بووە و لە ساڵی 2022ـدا گەیشتە 46٪. هەڵاوسان، نرخی سووتەمەنی، کۆچبەران و جەنگ لەگەڵ ئێران پرسە سەرەکییەکانن. هەرچەندە بڵاوبوونەوەی ئەنجامە سەرەتاییەکان دوای داخرانی یەکەمین بنکەکان لە کاژێر 06:00ـی ئێوارە (2:00 بەرەبەیان بەکاتی هەولێر) دەستپێدەکات، بەڵام جیاکردنەوە و یەکلاکردنەوەی تەواوەتیی ئەنجامەکان لە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکاندا رەنگە چەندین رۆژ بخایەنێت.

مارک وۆرنەر، بەربژێری پارتی دیموکرات لە ویلایەتی ڤێرجینیا کورسیی ئەنجوومەنی پیرانی ئەو ویلایەتەی بردەوە.
وۆرنەر خۆی ئەندامی ئەم خولەی ئەنجوومەنی پیران بوو، بۆ خولی داهاتوو دووبارە کورسییەکەی بردەوە.

لە ویلایەتانەی خوارەوە سندووقەکانی دەنگدان داخران:
1. ڤێرمۆنت
2. جۆرجیا
3. ئیندیانا
4. کارۆلاینای باشوور
5. ڤێرجینیا
6.کێنتەکی


زیاتر لە 230 ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی کە مافی دەنگدانیان هەیە، دەتوانن لە هەڵبژاردنی نیوەخولدا دەنگ بدەن تاوەکو نوێنەرانی خۆیان لە کۆنگرێس هەڵبژێرن. کێبڕکێکەش لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران و 35 کورسی لە کۆی 100 کورسییەکەی ئەنجوومەنی پیرانە، هاوکات لە 36 ویلایەتیش پۆستی حاکم یەکلایی دەکرێتەوە. لە کاتێکدا ئێستا کۆمارییەکان کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکەیان بەدەستەوەیە.
بنکەکانی دەنگدان کەی کرانەوە؟
کاتی دەنگدان لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکی دیکە جیاوازە:
•یەکەم بنکەکانی دەنگدان لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کاژێر 05:00ـی بەیانی بە کاتی ناوخۆ (1:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) کرانەوە.
•لە ویلایەتەکانی نیوجێرزی، ڤێرجینیا، کنێتیکەت و کێنتەکی دەنگدان کاژێر 06:00ـی بەیانی (01:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) دەستی پێکرد.
•لە جۆرجیا، فلۆریدا، پێنسلڤانیا و نیویۆرک لە نێوان 06:00 بۆ 07:00ـی بەیانی (1:00 بۆ 03:00ی دوای نیوڕۆ بە کاتی هەولێر) دەرگای بنکەکان کرانەوە.
•لە ئۆهایۆ و کارۆلاینای باکوور دەنگدان لە 06:30ـی بەیانی (01:30ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) دەستی پێکرد.
•لە میشیگن بنکەکانی دەنگدان کاژێر 07:00ـی بەیانی (03:00ی دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەولێر) کرانەوە.
بنکەکانی دەنگدان کەی دادەخرێن؟
داخستنی بنکەکان بە چەند قۆناخێک لە سەرانسەری ئەمریکادا دەبێت:
•زووترین کاتی داخستنی بنکەکان کاژێر 06:00ـی ئێوارەی سێشەممە بە کاتی ناوخۆ (2:00ی بەرەبەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) لە هەردوو ویلایەتی ئیندیانا و کێنتەکی بوو.
•دەنگدان لە ویلایەتی میشیگن کاژێر 08:00ـی ئێوارە و لە کانساس کاژێر 07:00ـی ئێوارە بە کاتی ناوخۆ (هەردووکیان دەکاتە 04:00ـی بەیانی چوارشەممە بە کاتی هەولێر) دادەخرێن.
•لە ویلایەتی ئایوواش کاژێر 08:00ـی ئێوارە (05:00ـی شەو بە کاتی هەولێر) دەرگای بنکەکان دادەخرێن.
بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگەکان بە پۆستە و پێشوەختە دراون، جیاکردنەوەی دەنگەکان لەوانەیە چەند کاژێرێک یان چەند رۆژێک بخایەنێت و دەستبەجێ روون نەبێتەوە کام پارت کۆنترۆڵی کۆنگرێس دەکات.
دیموکراتەکان پێویستیان بە چەند کورسییە بۆ بردنەوەی زۆرینە؟
•لە ئەنجوومەنی پیران: دیموکراتەکان پێویستیان بە زیادکردنی 4 کورسییە تاوەکو ببنە زۆرینە.
•لە ئەنجوومەنی نوێنەران: دیموکراتەکان پێویستیان بە بردنەوەی 3 کورسیی زیاترە بۆ بەدەستهێنانی زۆرینە.

لە شاری ئالێن لە ویلایەتی تێکساس، ژمارەیەکی زۆر دەنگدەر روویان لە بنکەکانی دەنگدان کردووە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە کاتێکدا ئەو ویلایەتە شوێنی یەکێک لە گەرمترین و چارەنووسسازترین کێبڕکێی ئەنجوومەنی پیرانە.
ململانێی سەرەکی لە نێوان کێن پاکستن، داواکاری گشتیی ویلایەتەکە لە پشکی کۆمارییەکان و جەیمس تالاریکۆ، بەربژێری دیموکراتەکاندایە.
دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن بە سەرکەوتن کۆتایی بە زنجیرە شکستی 30 ساڵەی خۆیان لەو ویلایەتە بێنن. کۆمارییەکانیش لە هەوڵێکی توونددان بۆ پاراستنی ئەو قەڵا گرنگەیان تاوەکو زۆرینەی لەرزۆکی خۆیان لە ئەنجوومەنی پیراندا لەدەست نەدەن.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پرسی باج، ئایین و ئابڕووچوونەکانی پێشوو کاریگەرییان لەسەر بۆچوونی دەنگدەران هەبوو.
پاکستنی کۆماری هێشتا بەدەست کاریگەریی تۆمەت و ئابڕووچوونەکانی پێشوویەوە دەناڵێنێت، لە بەرامبەردا تالاریکۆی دیموکرات لەڕێگەی گوتارێکی پۆپۆلیستی و ئاوێتەکردنی پەیامەکانی لەگەڵ ئایین، هەوڵی داوە دەنگی دەنگدەرانی تێکساس بەدەستبهێنێت، کە پێش دوو ساڵ دۆناڵد ترەمپ بە ئاسانی تێیدا سەرکەوت.
لە ساڵی 1994ـەوە هیچ بەربژێرێکی دیموکراتەکان نەیتوانیوە پۆستێک لەسەر ئاستی ویلایەتی تێکساس بباتەوە، بەڵام زنجیرەیەک رووداو و گۆڕانکاری ئەم کێبڕکێیەی کردووەتە یەکێک لە پڕخەرجترین و تووندترین کەمپینەکانی ئەمریکا، تەنانەت کۆمارییەکان ترسی ئەوەیان هەیە ئەمجارە کورسییەکە لەدەستبدەن.
رۆژی سێشەممە دوایین رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسە، سەرەڕای گومانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەسەر پاکوبێگەردیی دەنگدان لە ئەگەری دۆڕانی کۆمارییەکان، تاوەکو ئێستا بەشداریی ملیۆنان ئەمریکی بەراورد بە دوو ساڵ لەمەوبەر ریکۆردی شکاندووە و پرۆسەکەش بە کەمترین گرفت بەڕێوەدەچێت.
لە هەردوو ویلایەتی کێنتەکی و ئیندیانا دەنگدانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس کۆتایی هات و بنکەکانی دەنگدان داخران.

لە ناوچەی پێلهام سەر بە ناوچەی وێستچێستەر لە ویلایەتی نیویۆرک، بەهۆی لەکارکەوتنی لەناکاوی ئامێرەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسدا کارمەندانی هەڵبژاردن فۆرمەکانی دەنگدانیان خستە نێو کیسی پرتەقاڵیی فریاگوزارییەوە تاوەکو دواتر بە دەست بژمێردرێن.
کارۆڵ هۆڵ، دەنگدەر لە ناوچەکە نیگەرانیی خۆی نیشاندا و رایگەیاند، لەبری ئەوەی ئامێرەکان دەنگەکان تۆمار بکەن، دەخرێنە نێو کیسەوە، ئەمەش مەترسیی دواکەوتنی ئەنجام و کێشە لە چاودێریکردنی پرۆسەی ژماردندا دروستدەکات. بڕیاریشە لە کۆتایی شەودا دەنگە کۆکراوەکان بۆ ناوەندێکی تایبەت بگوازرێنەوە.
هاوکات ناتالیا فێرناندێز، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتەکە رایگەیاند، بەشداریی دەنگدەران زۆر باشە و پێویستە ژمارەیەکی پێویست لەو کیسانە دابین بکرێن بۆ ئەوەی دەنگەکان بە پارێزراوی بمێننەوە تاوەکو دەژمێردرێن.
فێرناندێز هۆشداری دا کە پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان بە دەست، لەوانەیە راگەیاندنی ئەنجامەکان لە ناوچەی وێستچێستەر بە چەند رۆژێک دوابخات.
دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی رابردوودا بەردەوام گومانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دروستکردووە، لە ئەگەری دۆڕانی کۆمارییەکان. سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان ئەمریکی دەنگی خۆیان داوە و بەشداری لە هەڵبژاردن پێش رۆژی سێشەممە ریکۆردی شکاندووە، تاوەکو ئێستا پرۆسەی دەنگدان بە کەمترین کێشەوە بەڕێوەچووە.

لە چەند بنکەیەکی دەنگدان لە شاری شیکاگۆ، بەهۆی تەواوبوونی کارتی کاخەزیی دەنگدان، پرۆسەکە تووشی سستی و دواکەوتن بووە و دەنگدەران لە ریزەکاندا ماونەتەوە.
جولی مێتیا، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی شیکاگۆ رایگەیاند، کارتی زیاتر چاپ دەکرێن و هەر کەسێک تاوەکو کاتی داخرانی دەرگەی بنکەکان لە نێو ریزدا بێت، دەتوانێت دەنگ بدات، هەرچەندە دەکرێت بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە چاوەڕوانییەکە درێژە بکێشێت. بەرپرسانی شارەکە داوا لە دەنگدەران دەکەن لە ئەگەری دروستبوونی قەرەباڵخیدا، سەردانی بنکە گشتییەکانی دیکەی شارەکە بکەن.
لە گەڕەکی لۆگان سکوێر لە شیکاگۆ، دەنگدەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە لە بەیانییەوە کارمەندانی بنکەکە داوایان لێکردوون دواتر بگەڕێنەوە. هەندێک لە دەنگدەران دوای زیاتر لە کاژێر و نیوێک چاوەڕوانی توانیویانە دەنگ بدەن، بەڵام لە دوانیوەڕۆدا دیسانەوە کارمەندانی بنکەکان بە دەنگدەرانی نێو ریزیان راگەیاندووە کە کارتەکانی دەنگدان تەواو بوونەتەوە.

ملیۆنان هاووڵاتی لە سەرتاسەری ئەمریکا لە هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسدا دەنگ دەدەن، کە وەک گشتپرسییەک لەسەر دوو ساڵی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ و ئایندەی سیاسیی وڵاتەکە سەیر دەکرێت.
لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ لەسەر سەرجەم 435 کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، 35 کورسی لە کۆی 100 کورسیی ئەنجوومەنی پیران و پۆستی حاکمی 36 ویلایەت دەکرێت. لە کاتێکدا ئێستا کۆمارییەکان بە 53 کورسی بەرامبەر 47 کورسی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیان بەدەستەوەیە، زیاتر لە 57 ملیۆن دەنگدەر پێشوەختە دەنگیان داوە و تێچووی ریکلامی سیاسیش لەم خولەدا ریکۆردی شکاندووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار.
بەرزبوونەوەی نرخی وزە، هەڵاوسان بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران، پرسی کۆچبەران و باج لە سەرەکیترین نیگەرانییەکانی دەنگدەرانن لە بنکەکانی دەنگدان.
ململانێیەکی تووند لە ویلایەتەکانی وەک کانساس، تێکساس، ئایوا، ئۆهایۆ، میشیگن و ئەلاسکا هەیە، راپرسییە بەراییەکانیش پێشبینی دەکەن دیموکراتەکان بتوانن بە بەدەستهێنانی 241 کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەران و 52 کورسیی ئەنجوومەنی پیران زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنەکە کۆنترۆڵ بکەن، ئەمەش دەسەڵاتی تەواویان پێدەدات رێگری لە پڕۆژەیاساکانی ترەمپ بکەن و لێکۆڵینەوەی بەرفراوان لە ئیدارەکەی دەستپێبکەن.
هاوکات نیگەرانی لەبارەی ئەگەری رەتکردنەوەی ئەنجامەکان لەلایەن کۆمارییەکانەوە دروستبووە، بەتایبەت دوای لەکارکەوتنی بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان لە ویلایەتی نیویۆرک و کێشەی یاسایی لەسەر ناوی دوو بەربژێر بە ناوی دان سوڵیڤان لە ویلایەتی ئەلاسکا.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە وڵاتەکەی سەرلەنوێ بنیاتناوەتەوە و هۆشداریشی داوە لە ئەگەری لەدەستدانی کۆنگرێس، رێگە لە کارنامەی دیموکراتەکان دەگرێت و هەموو بڕیار و یاساکانیان ڤیتۆ دەکات.

لەگەڵ بەڕێوەچوونی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا، بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو بەرپرسانی هەڵبژاردنی لە ویلایەتی فلۆریدا ناچار کرد لە دوایین ساتەکاندا شوێنی بەشێک لە وێستگەکانی دەنگدان بگوازنەوە.
لە باشووری ویلایەتی فلۆریدا بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، کێشە بۆ بەشێک لە دەنگدەران دروستبوو. نانسی ژمێنداک، دەنگدەرێکی دیموکراتەکان لە ناوچەی ریڤێرا بیچ باسی لەوە کرد، هەمیشە لە یانەی گەڕەکەکەی خۆیان دەنگی داوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی لافاو لە کەرتی پاڵم بیچ، بەرپرسان شەوی پێش هەڵبژاردن شوێنی دەنگدانەکەیانیان گواستووەتەوە.
سەرەڕای دروستبوونی کێشەی کەشوهەوا لە فلۆریدا، پرۆسەی دەنگدان لە سەرانسەری ئەمریکا بە ئاسایی و بە کەمترین کێشەوە بەڕێوەدەچێت.
ئەم هەڵبژاردنە دوای چەندین مانگ لە هەوڵ و بانگەشەی چڕی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت بۆ ئەوەی رێگری لە دۆڕانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێسدا بکات.
ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەش هاوسەنگیی هێز لە واشنتن بۆ دوو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ دیاری دەکات.

رۆژی سێشەممە، سێ کەشتیوانی ئاژانسی ناسای ئەمریکا لەنێو وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان دەنگیان لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا دا.
ئەنیل مێنۆن، کەشتیوانی ناسا لە کورتە ڤیدیۆیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نیشانی دا کە چۆن لەنێو وێستگەکەوە بەشداری لە دەنگداندا دەکەن و ژووری خەوتنەکەی کردووەتە کابینەی دەنگدان.
مێنۆن باسی لەوە کرد کە لە رێگەی کۆمپیوتەرەکەیەوە فۆرمی ئەلیکترۆنیی دەنگدانی پڕکردووەتەوە و راستەوخۆ بۆ ناوەندی هەڵبژاردن لە کەرتی هاریس لە ویلایەتی تەکساس ناردوویەتی.
هاوکات هەردوو هاوڕێکەی دیکەی، جێسیکا واتکینز و لوک دێلانی، بە هەمان شێواز لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگیان دا.
کەرتی هاریس لە ویلایەتی تەکساس، ناوەندی بۆشایی ئاسمانیی جۆنسن و ژووری کۆنترۆڵی گەشتەکانی ناسای لێیە. کەشتیوانە ئەمریکییەکان لە ساڵی 1997ـەوە دەتوانن لە بۆشایی ئاسمانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ بدەن.