رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکادا، پارتی دیموکرات دوو سەرکەوتنی بەدەستهێنا کە زوو لە لایەن میدیا جیهانییەکانەوە بڵاوکرایەوە؛ کێشا لانس بۆتۆمز بووە یەکەم ژنە رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا کە پۆستی حاکم بباتەوە، هاوکات کریس پاپاس وەک یەکەم پیاوی هاوڕەگەزخواز لە مێژووی ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکە هەڵبژێردرا.
بەپێی پێشبینی و داتاکانی میدیای ئەمریکا، کێشا لانس بۆتۆمز، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئەتڵەنتای جۆرجیا و بەربژێری دیموکراتەکان توانی لە کێبڕکێی پۆستی حاکمی ویلایەتی جۆرجیادا سەرکەوتن بەسەر ریک جاکسن، بەربژێری کۆمارییەکان کە ملیاردێرێکی کەرتی تەندروستییە بەدەست بێنێت. بەم سەرکەوتنەش بۆتۆمز بووە یەکەم ژنە رەشپێست لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بگاتە پۆستی حاکمی ویلایەت.
لە ویلایەتی نیوهامشێیەریش، کریس پاپاس، ئەندامی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران توانی جۆن سونونو، سیناتۆری پێشووی کۆمارییەکان ببەزێنێت و کورسیی ویلایەتەکە لە ئەنجوومەنی پیران بۆ پارتەکەی بپارێزێت.
پاپاسی تەمەن 46 ساڵ کە لە ساڵی 2018ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، بە فەرمی دەبێتە یەکەم پیاوی هاوڕەگەزخواز کە وەک ئەندامی ئەنجوومەنی پیران دەستبەکار دەبێت.
ئەم ئەنجامە بەراییانە لە کاتێکدان، هەڵبژاردنەکانی نیوەخول هاوسەنگیی هێز لە واشنتن و چارەنووسی دوو ساڵی ماوەی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دیاری دەکەن، هاوکات راپرسییەکان دەریدەخەن کە دیموکراتەکان بەهۆی نیگەرانیی خەڵک لە دۆخی ئابووری و جەنگی دژی ئێران، چانسی بەهێزیان هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی کۆنگرێس.



