رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یەکەم پەیامیدا دوای دەرکەوتنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی کۆنگرێس و لەدەستدانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن کۆمارییەکانەوە، رایگەیاند کە ناوی ئەو لەسەر کارتی دەنگدان نەبووە، ئەگەرنا بە "جیاوازییەکی زۆر سەرکەوتنمان بەدەست دەهێنا".
ترەمپ لە پۆستێکی ترووس سۆشیاڵدا نووسیویەتی: "ناوی من لەسەر کارتی دەنگدان نەبوو، ئەگەر ناوم هەبووایە، بە جیاوازییەکی زۆر گەورە و بە لێشاو سەردەکەوتین! سوپاس بۆ سەرنجتان لەسەر ئەم بابەتە. سەرۆک دۆناڵد جەی ترەمپ."
هاوکات ترەمپ لە گۆڕانکارییەکی کتوپڕ لە هەڵوێستەکانیدا، رایگەیاند، بە تەواوی ئامادەیە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی کۆنگرێس قبووڵ بکات و لەگەڵ دیموکراتەکاندا کار بکات.
ترەمپ بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی رایگەیاندووە: "من بە تەواوی ئامادەم دان بەم ئەنجامانەدا بنێم. ئێمە لەگەڵ دیموکراتەکان کار دەکەین و چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین پێکەوە کار بکەین، پێدەچێت بگەینە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنێک."
سەرۆکی ئەمریکا کاژێر 10:30ـی شەوی سێشەممە بە کاتی واشنتن، کاژێر 6:30ی بەیانیی چوارشەممە بە کاتی هەولێر، لە کۆشکی سپییەوە و لە کاتی چاودێریکردنی ئەنجامەکاندا لەگەڵ رۆژنامەکە قسەی کردووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو بەربژێرانەی شکستیان هێناوە، ترەمپ جەختی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک پەشیمان نییە لەوەی پشتیوانیی لە دارلین گراهام لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور یان کێن پاکستن لە تێکساس کردووە، لە کاتی راگەیاندنی شکستی دارلین گراهام، ترەمپ بە سەرسوڕمانەوە گوتوویەتی: "دەبینم کە دارلین دۆڕاندی، دەستخۆش، ئەوە سەرنجڕاکێشە!"
ئەم گوتارە نوێیەی ترەمپ تەواو پێچەوانەی لێدوانەکانی پێشوویەتی بۆ کەناڵی سی بی ئێس نیووز، کە هەڕەشەی بەکارهێنانی ڤیتۆ و دەسەڵاتە بێسنوورەکانی کردبوو ئەگەر دیموکراتەکان کۆنگرێس ببەنەوە.
هەروەها قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان کە پێش هەڵبژاردنەکە، لە گردبوونەوە جەماوەرییەکاندا بەردەوام داوای لە لایەنگرانی دەکرد کە "وا هەست بکەن ناوی من لەسەر کارتی دەنگدانە" و دەنگ بە کۆمارییەکان بدەن، بەڵام پێشبینییەکان دەریدەخەن کە پارتی دیموکرات بە مسۆگەرکردنی لانیکەم 244 کورسی، کۆنتڕۆڵی تەواوی ئەنجوومەنی نوێنەرانی لە دەستی کۆمارییەکان دەرهێناوە.
هاوکات بە بەپێی پێشبینی میدیایی ئەمریکی، دیموکراتەکان زۆرینەی ئەنجوومەنی پیرانیش لە دەستی کۆمارییەکان دەردەهێنن. تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، دیموکراتەکان 48 کورسییان مسۆگەر کردووە و کۆمارییەکانیش 40 کورسی. بۆ ئەوەی ببنە زۆرینە، دیموکراتەکان پێویستیان بە 3 کورسیی دیکەیە.



