رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، ئەمریکا، چین و رووسیا "سیاسەتێکی دڕندانە" بەرامبەر ئەورووپا پەیڕەو دەکەن و نابێت خۆیانی لێ بێدەنگ بکەن.
رۆژی چوارشەممە، 4ی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئێمە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتێکی زۆر دڕندانە و واقیعی دەکەین لەلایەن مۆسکۆ، بەیجینگ و واشنتن".
سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەورووپا ناتوانێت بەردەوام بێت لە خۆساویلکەکردن. ئەمە کارێکی زۆر سەختە و دەبێت بتوانین بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ئاسایشی خۆمان خەرج بکەین."
گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا لە کاتێکدان، پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ ئەمریکا لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا بەرەو خراپتر رۆشتوون. لە شوباتی 2022ەوە، پەیوەندییەکانی وڵاتانی ئەورووپا لەگەڵ رووسیا گرژی زیاتریان تێکەوتووە، لەگەڵ چینیش بەردەوام بەهێز نەبوون.
ئێستا وڵاتانی ئەورووپا کەمتر لە 4٪ی بوودجەی خۆیان بۆ بەرگری خەرج دەکەن هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام گوشاریان لێدەکات کە رێژەکە لە 5٪ کەمتر نەبێت.
دوو ساڵە یەکێتیی ئەورووپا گرنگییەکی زیاتر بە سەربەخۆیی لە واری سەربازی و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ئەمریکا دەدات، ئەمەش لە رێگەی خەرجکردنی پارەی زیاتر لە بەرهەمهێنانی چەک و بەرەوپێشبردنیان.



