رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەو دەنگۆ و راپۆرتانەی رەتکردەوە کە باسیان لەوە دەکرد بەنیازی دەستلەکارکێشانەوە بێت لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە مەبەستی خۆئامادەکردن بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2028 و جەختی لەوە کردەوە کە تاوەکو کۆتایی خولەکەی ترەمپ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، روبیۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز گوتی، "هەمیشە پلانم ئەوە بووە کە تاوەکو کۆتایی خولی سەرۆکایەتییەکەی بۆ سەرۆک ترەمپ کار بکەم." سەبارەت بەو هەواڵانەشی کە باسیان لە ئەگەری جێهێشتنی ئیدارەکە دەکرد، گوتی، "راستیت دەوێت نازانم ئەم قسانە لە کوێوە سەرچاوە دەگرن."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە هاوکات وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆکیش کار دەکات و وەک یەکێک لە بەربژێرە بەهێزەکانی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028 سەیر دەکرێت، لە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی خۆی گوتی، "چیدیکە باسی ساڵی 2028 ناکەم."
دەنگۆی بلومبێرگ و وەڵامی تووندی وەزارەتی دەرەوە
ئەم لێدوانانەی روبیۆ دوای ئەوە هاتن کە ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوە لە دوای پاشەکشەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی کۆنگرێسدا تاوتوێی دەستلەکارکێشانەوە دەکات و تەنانەت لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی قسەی کردووە، بەڵام داوای لێکراوە لە ئەرکەکەیدا بمێنێتەوە.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تووندی وەڵامی ئەم دەنگۆیانەی دایەوە؛ دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری گشتی، راپۆرتەکەی بلومبێرگی بە "تەواو هەڵبەستراو" ناوبرد. هەروەها هەواڵێکی رۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ـی بەریتانیشی بە "هەواڵی ناڕاست و بێبنەما" ناوبرد کە تێیدا باسی لە پلانی روبیۆ کردبوو بۆ خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028.
چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس، روبیۆ لە هەنگاوێکی دەگمەندا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لەسەر سەکۆی کەمپینی جەماوەریی هەڵبژاردن دەرکەوت و گوتارێکی کورتی پێشکێش کرد، ئەمەش گومانی لەسەر ئامادەکارییەکانی روبیۆ بۆ قۆناخی دوای ترەمپ زیاتر کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێشتر مارکۆ روبیۆ رایگەیاندبوو ئەگەر جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ساڵی 2028 بەربژێر بکات، ئەوا پشتیوانیی لێدەکات؛ بەوپێیەی ڤانسیش وەک بەربژێرێکی سەرەکیی پارتی کۆماری بۆ ئەو وادەیە سەیردەکرێت.



