رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی
ئەمریکا رایگەیاند، هەڵبژاردنەکانی نیوەخول کە تێیدا پارتی کۆماری کۆنتڕۆڵی
کۆنگرێسی لەدەستدا، "هەنگاوێکی گەورە بوو بەرەو دواوە لە مێژوو"ی ئەمریکا، هاوکات بەڵێنی گەڕانەوەیەکی بەهێزتری بە لایەنگرانی دا.
ترەمپ لە پەیامێکدا لە
تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە: "ئەمریکا بە ئەنجامەکانی
ئەم هەڵبژاردنەی دوایی، هەنگاوێکی گەورەی لە مێژوودا بەرەو دواوە نا؛ بەڵام
مەترسن، ئێمە دەگەڕێینەوە، گەورەتر و بەهێزتر لە هەر کاتێکی دیکە!"
ئەم لێدوانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردنەکانی نیوەخول بوونە
هۆی ئەوەی پارتی دیموکرات زۆرینەی هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران مسۆگەر
بکات، ئەمەش گەورەترین گورزی سیاسی بوو لە ترەمپ لە دوای دەستپێکردنەوەی خولی
دووەمی سەرۆکایەتییەکەی.
بە لەدەستدانی زۆرینەی
هەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەلایەن کۆمارییەکانەوە، ترەمپ لە ماوەی دوو
ساڵی داهاتووی سەرۆکایەتییەکەیدا رووبەڕووی تەنگژە و لەمپەری زۆر گەورە دەبێتەوە
بۆ تێپەڕاندنی هەر پڕۆژەیاسایەک لە کۆنگرێسدا.
سەرەڕای ئەم شکستە
گەورەیە، ترەمپ هیچ ئاماژەیەکی بۆ نەرمی نواندن بەرامبەر بە زۆرینەی نوێی
دیموکراتەکان نیشان نەداوە. رۆژی هەینی ستێفن میلەری راوێژکاری، کە یەکێکە لە
رووخسارە دیارەکانی رەوتی راستڕۆی تووندڕۆ، کردە سەرۆکی نوێی ستافی کۆشکی سپی.
هەروەها رۆژی شەممە ترەمپ ئاشکرای کرد کە پۆستی گوتەبێژی دەسەڵاتی
جێبەجێکردنی پێشکەشی دانا وایت کردووە، کە یەکێکە لە کەسە زۆر نزیکەکانی و سەرۆکی
رێکخراوی ناوداری هونەرە جەنگییە تێکەڵەکانە (UFC).



