رووداو دیجیتاڵ
فەرەنسا، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا، سوپای پاسدارانی ئێران بە کردنی هێرشێکی گەورەی سایبەری بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەی نزیکەی 700 فرۆشگە و ناوەندی خۆراک لە فەرەنسا تۆمەتبار دەکەن؛ دەزگا هەواڵگرییەکانی فەرەنساش پەردەیان لەسەر ئەندازیارانی هێرشەکە لادا کە دوو یەکەی تایبەتی سوپای پاسدارانی ئێرانن.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "دەتوانم پشتڕاستی بکەمەوە کە هێرشە سایبەرییەکەی رۆژانی 11 و 12ـی تشرینی یەکەم لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە کراوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی: "ئەم پەلامارە لە رووی قەبارە و دووژمنکارییەوە بێوێنەیە و لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا سزای تووند بەسەر بەرپرسانیدا دەسەپێنین." هاوکات پاریس باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد.
فەرماندە و ئەندازیارانی هێرشەکان کێن؟
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان و بەڵگەنامەی فەرمیی دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسا، سێ بەرپرسی سەرەکیی سوپای پاسداران لە پشت داڕشتن و سەرپەرشتیکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەن.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی هاوئاهەنگی قەیرانە ئەلیکترۆنییەکانی فەرەنسا، حەمیدڕەزا لەشکریان وەک فەرماندەی گشتیی فەرماندەیی سایبەری و ئەلیکترۆنیی سوپای پاسداران کار دەکات، کە سەرپەرشتی و ئاراستەی سەرجەم ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییە ئەلیکترۆنییەکانی حکومەت دەکات.
لەشکەریان فەرماندەیە لە نێو هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسداران؛ ئەم پێگەیە وای لێدەکات ئەندازیاری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکان بێت؛ پێشتریش لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەهۆی تێوەگلانی لە ژمارەیەک هێرش بۆ سەر ناوەندەکانی جیهان و بەئامانجگرتنی ژێرخانە هەستیارەکان، لەوانە سیستەمی کۆنترۆڵی ئاوی یونیتڕۆنیکس و نەخۆشخانەی منداڵانی بۆستن سزای بەسەردا سەپێنراوە.
مەهدی لەشکریان راستەوخۆ لەژێر دەستی حەمیدڕەزا کار دەکات وەک جێگری فەرماندە و بەرپرسیاریەتیی راستەوخۆی یەکەی "شەهید کاوە"ی لە ئەستۆدایە کە تایبەتە بە ئۆپەراسیۆنی تێکدانی پیشەسازی.
لە کاتێکدا حەمیدڕەزا نەخشەی ستراتیژی دادەنێت، مەهدی بەرپرسە لە گۆڕینی ئامانجە باڵاکان، وەک هێڵی دابینکردنی خۆراکی ئەورووپا بۆ پلانی کرداری و دروستکردنی ژێرخانی هاککردن؛ ئەویش هاوشێوەی فەرماندەکەی لە لیستی سزاکانی ئەمریکادایە.
رەزا سالاروەند، هاوشانی مەهدی لەشکریان جێگری فەرماندەی یەکەی شەهید کاوەیە. سالاروەند تیشکی سەرەکیی کارەکانی لەسەر جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و دروستکردنی گرووپی ساختەی هاککەرانە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، ئەرکی سەرەکیی سالاروەند بریتییە لە دابینکردنی بەرگی دیجیتاڵی ساختە تاوەکو رێگە لە بەستنەوەی فەرمیی هێرشەکان بە دەوڵەتی ئێرانەوە بگرێت.
وردەکاریی هێرشەکە بۆ سەر سیستەمی ساردکەرەوەکانی فەرەنسا
راپۆرتەکەی ناوەندە هەواڵگرییەکانی فەرەنسا لە راپۆرتەکەیاندا دەڵێن، لە شەوی 11ی تشرینی یەکەمی 2026، هێرشێکی بێوێنە لە رووی قەبارە و دەستدرێژیکارییەوە کرا کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکەرەکانی ساردکەرەوەی پیشەسازی بوو لە نزیکەی 700 پێگەی فرۆشگە گەورەکانی کەرتی خۆراک لە سەرتاسەری فەرەنسادا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، هاککەرەکانی یەکەی "شەهید کاوە" دوای چوونە نێو سیستمەکان، پلەی گەرمای ساردکەرەوەکانیان بەرز کردەوە. ئەم دەستکارییە بووە هۆی خراپبوون و لەناوچوونی بڕێکی زۆر لە کاڵا و خۆراک و لانیکەم لە 15 شوێندا ئاگری لێکەوتەوە.
فرۆشگە گەورەکانی وەک کاسینۆ، لیکریک، کۆپێرەت یو، کارفور و ئینتەرمارچ لەگەڵ چەندین گۆشتفرۆشی، سەربڕخانە و کارگەی بەرهەمهێنانی خۆراک زەرەرمەندی سەرەکی بوون. هاوکات لە هەمان کاتدا چەند کەرەستەیەکی کۆمپانیای شنایدەر ئەلیکتریک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی لە فەرەنسا کرابوونە ئامانج.
فەرەنسا چەند بەڵگەیەکی خستووەتەڕوو کە پێیوایە دەیسەلمێنن یەکەی شەهید کاوە لە پشت هێرشەکە بووە:
1. بەکارهێنانی هەمان ژێرخان کە پێشتریش بۆ پشکنینی ئامێرەکانی شنایدەر ئەلیکتریک بە پرۆتۆکۆلی مۆندس (پۆرت 502) بەکارهاتبوو.
2. بەکارهێنانی ئامرازی سکانکردنی ئێف ئۆ ئێف ئەی لەلایەن هێرشبەرانەوە کە شێوازی هەمیشەیی ئەو یەکەیەیە.
3. بڵاوکردنەوەی هەواڵی هێرشەکە لە 13ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە ماڵپەڕی پروپاگەندەی سایبەریان نیوز کە سەر بە یەکەی شەهید کاوەیە.
4. دۆزینەوەی شوێنپێ و بەڵگەی بەکارهێنانی زمانی فارسی لە نێو ژێرخانی هێرشەکەدا.
راپۆرتەکەی فەرەنسا دەریدەخات کە سوپای پاسداران تەنیا لە رێگەی یەکەی شەهید کاوەوە کار ناکات، بەڵکو لە رێگەی یەکەیەکی دیکەی بەناوی "شەهید شووشتەری" کە بە ناوی کۆمپانیاکانی ئیلیانێت یان ئیمینیت پاسارگاد ناسراوە، لە ساڵی 2020ـەوە هێرشی بەردەوامی بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری کردووەتە سەر فەرەنسا:
بەئامانجگرتنی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ: ئەم یەکەیە لە ساڵی 2020 و دواتر لە 4ـی کانوونی دووەمی 2023، وەک وەڵامێک بۆ کاریکاتێرەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، فرۆشگەی ئۆنلاینی گۆڤارەکەی هاک کرد و تەواوی داتابەیسەکەی دزی.
ئۆپەراسیۆنی دژ بە ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024: لە 20ـی تەمووزی 2024، یەکەی شەهید شووشتەری دەستی بەسەر سیستەمی بەڕێوەبردنی شاشە و تابڵۆ ڤیدیۆییەکانی کۆمپانیایەکی فەرەنسیدا گرت. هێرشبەران هەوڵیان دابوو لە کاتی ئۆڵۆمپیاد و پارالۆمپیادی پاریس وێنەی دەستکاریکراو دژی بەشداریکردنی وەرزشوانانی ئیسرائیل بڵاوبکەنەوە. دەزگا ئەمنییەکان پێش پەخشکردنی وێنەکان هێرشەکەیان ئاشکرا کرد و دەرکەوت وێنەکان رۆژێک پێشتر لە ئەکاونتێکی ئینستاگرامی فارسی و ماڵپەڕی جەهان نیوز بڵاوکرابوونەوە و هێرشبەران دوو ناونیشانی ئای پیـی کۆمپانیا ئێرانییەکانیان بەکارهێنابوو.


