رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆماری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە فەرمی رێکارەکانی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانەی لە پێت هێگسەس، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی دەستپێکرد بەهۆی جەنگی ئێرانەوە؛ هەنگاوێک کە چەند رۆژێک دوای شکستی گەورەی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس دێت و ململانێیەکی تووند لە واشنتن دروستدەکات.
تۆماس ماسی، ئەندامی کۆنگرێس لە پارتی کۆماری لە ویلایەتی کێنتاکی، هەشت بڕگەی تۆمەتی بۆ لێسەندنەوەی متمانە (Impeachment) ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد و هێگسەسی تۆمەتبار کرد بە هەڵگیرساندنی "نایاساییانە"ی جەنگ بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بە شێوەیەکی خراپ لە پێنتاگۆن؛ بڕیاریشە رۆژی چوارشەممە دەنگ لەسەر پرۆژەکە بدرێت.
تۆماس ماسی لە گوتارێکدا لەنێو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی: "هێگسەس بە ئەنقەست فەرمانی نایاسایی جێبەجێ کردووە بە هەڵگیرساندنی جەنگ بەبێ رەزامەندیی کۆنگرێس؛ ئەمەش پێشێلکردنی روونی یاسای دەسەڵاتەکانی جەنگی ساڵی 1973یە لە پاڵ دروستکردنی قوربانیی مەدەنی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئێران، یەمەن و ڤەنزوێلا."
بەشێک لە پەرلەمانتارانی دیکەی کۆماریش ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەم دەنگدانەدا دەچنە پاڵ دیموکراتەکان.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا داکۆکیی لە وەزیری بەرگری کرد و گوتی هێگسەس کارێکی باشی کردووە و "جەنگەکانی ڤەنزوێلا و ئێرانی بردووەتەوە."
کاتێک لەبارەی ئەگەری لێسەندنەوەی متمانە پرسیاری لێکرا، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت: "بەڵێ، لە تەنیشتی دەوەستم." هەروەها پەرلەمانتار تۆماس ماسیشی بە "دۆڕاوێکی تەواو" ناوبرد.
لەلایەکی ترەوە، حەکیم جێفریز، سەرکردەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکە راگەیاند و گوتی: "ئەو کەسەی لە پۆستی وەزیری بەرگریدایە، دەسەڵاتەکانی خراپ بەکارهێناوە و بە ئارەزووی خۆی ئەم جەنگە بێباکانە و پڕ لە تێچووەی لە ئێران هەڵگیرساندووە؛ بۆیە پێویستە دەستبەجێ بڕوات."
هەندێک لە کۆمارییەکان دوودڵن، لەوانە دۆن بەیکۆن کە باوەڕی وایە هێگسەس شایەنی لێسەندنەوەی متمانەیە، بەڵام بەهۆی راگرتنی هاوکارییەکانی ئۆکراینا و رێگریکردن لە بەرزکردنەوەی پلەی نزیکەی 80 ئەفسەری باڵای سەربازی. هێگسەس هەوڵەکانی ماسی بە "شانۆگەری" ناوبرد و تۆمەتەکانی رەتکردەوە.
رێکارە دەستوورییەکان چۆنن؟
پەسندکردنی لێپرسینەوە و لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران تەنیا پێویستی بە زۆرینەی سادە (50+1) هەیە کە مسۆگەرکردنی ئاسانە، بەڵام بۆ لادانی یەکجاریی لە پۆستەکەی، پێویستە دۆسیەکە بچێتە ئەنجوومەنی پیران و دەنگی دوو لەسەر سێی سیناتۆرەکان (67 دەنگ) بەدەستبهێنێت، کە ئەمەش بەربەستێکی زۆر قورسە.
لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، تاوەکو ئێستا تەنیا دوو وەزیر رووبەڕووی پرۆسەی لێسەندنەوەی متمانە بوونەتەوە و هیچ کامێکیان لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە لە پۆستەکانیان لانەدراون.



