رووداو دیجیتاڵ
دانا وایت، سەرۆکی جێبەجێکاری دامەزراوەی زۆرانبازیی یوو ئێف سی (UFC)، لە سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی لە تەنیشت دۆناڵد ترەمپ، پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکای بۆ وەرگرتنی پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی بە فەرمی و بە شێوازێکی تەنزئامێز رەتکردەوە و رایگەیاند، نایەوێت بێتە نێو جیهانی سیاسەتەوە.
ئەم رووداوە دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو پۆستی گوتەبێژی کۆشکی سپی پێشکێشی دانا وایت کردبوو و تەنانەت بە گاڵتەوە داوای لێکردبوو کە پاڵەوانەکانی وەک حەبیب نورماگۆمێدۆڤ و ئیسلام مەخاچێڤ لەگەڵ خۆیدا بهێنێتە کۆشکی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیموکراتەکان؛ بەڵام دواتر هەردوولا روونیانکردەوە کە بابەتەکە تەنیا بۆ گاڵتە بووە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە کۆشکی سپی، دانا وایت بە ترەمپی راگەیاند: "سوپاس بۆ پێشنیازەکەت جەنابی سەرۆک، بەڵام من نامەوێت لە سیاسەتدا کار بکەم."
وایت باسی لەوە کرد کە نەیدەویست پێش سەرۆک هیچ قسەیەک بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بکات کە بەردەوام پەیوەندییان پێوە دەکرد، گوتیشی: "من هەرگیز بە سەرۆک ترەمپ ناڵێم نا، بەڵام ئێستا ئارەزووی هاتنە نێو سیاسەتم نییە."
لە بەرامبەردا، ترەمپ جەختی کردەوە کە تەواوی بابەتەکە تەنیا گاڵتەیەک بووە و گوتی: "رۆژێکی زۆر ناخۆشمان لەگەڵ میدیاکاندا هەبوو، لە پڕ ناوی دانا وایتم بە خەیاڵدا هات چونکە ساڵانێکی زۆرە هاوڕێی یەکدین؛ بە رۆژنامەڤانانم گوت وا دیارە دانا دەکەمە گوتەبێژ و دواتر میدیاکان بە جیددی وەریانگرت. ئەو کەسێکی نایابە، بەڵام ئێمە تەنیا ویستمان کەمێک کاتێکی خۆش بەسەرببەین."
ترەمپ بە پێکەنینەوە لە دانا وایتی پرسی ئایا ئامادە نییە "یوو ئێف سی بەجێبهێڵێت" بۆ ئەوەی ببێتە گوتەبێژ؟ کاتێکیش وایت پێشنیازەکەی رەتکردەوە، ترەمپ بە گاڵتە گوتی: "دڵم شکا!"
پەیوەندیی نێوان دۆناڵد ترەمپ و دانا وایت بۆ 25 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی 2001 هۆتێل و گازینۆی تاجمەحەلی سەر بە ترەمپ لە نیوجێرزی میوانداریی پاڵەوانێتیی یوو ئێف سی کرد لە سەردەمێکدا کە لە 36 ویلایەتی ئەمریکا ئەو یارییە قەدەخە کرابوو؛ لەو کاتەوە هەردوولا وەک دوو هاوڕێی زۆر نزیک ماونەتەوە و وایت لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ترەمپدا بەردەوام بە گوتار بەشداریی کردووە.



