رووداو دیجیتاڵ
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی نێودەوڵەتی، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا بۆ یەکەمجار لە دوای پەتای کۆرۆناوە، دەردانی گازە گەرمکەرەوەکان لە سووتەمەنییە بەبەردبووەکان کەمێک داببەزێت؛ توێژەرانیش هۆکارەکەی بۆ شۆکی جەنگی ئێران لە بازاڕی نەوت و هەڵکشانی خێرای وزە نوێبووەوەکان دەگەڕێننەوە.
راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی "بودجەی کاربۆنی جیهانی" کە هاوکات لەگەڵ لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ئەنتاڵیای تورکیا بڵاوکرایەوە، ئاشکرای دەکات، پاش ئەوەی لە ساڵی 2025 دەردانی کاربۆن گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی، پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026دا 0.4٪ دابەزێت؛ ئەمەش یەکەمین دابەزینی ساڵانەیە لە دوای ساڵی 2020ـەوە.
توێژەرانی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن، جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و پاشان داخستنی تەنگەی هورمز، رۆڵێکی بنەڕەتییان لەم دابەزینەدا هەبووە، چونکە گرانبوونی نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکاندا، وایکردووە بەکارهێنانی لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی 1.9٪ پاشەکشە بکات.
هاوکات هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەکە، پەرەسەندنی خێرای وزەی نوێبووەوەیە؛ بەجۆرێک لە ئێستادا دوو لەسەر سێی خواستی نوێی وزە لە جیهاندا لە رێگەی تیشکی خۆر، کێڵگەکانی با و ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانەوە دابین دەکرێت.
پیێر فریدلینگشتاین، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ئێکسەتەری بەریتانیا رایگەیاند: "دابەزینی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن جێگەی دڵخۆشییە، بەڵام کەمبوونەوەیەک کە بەهۆی قەیرانی جیۆپۆلەتیکی و شەڕەوە دروستبووبێت، چارەسەرێکی بەردەوام نییە، چونکە بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دووبارە دەردانی گازەکان هەڵدەکشێنەوە؛ هەربۆیە چارەسەری درێژخایەن تەنیا لە بڵاوکردنەوەی تەکنەلۆژیای وزەی پاکدایە."
بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی دەکرێت کۆی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن لە ساڵی 2026 بگاتە 38.2 ملیار تۆن، بەڵام ئەگەر بڕینەوەی دارستانەکان و ئەو ئاگرکەوتنەوانەی بەهۆی دیاردەی کەشوهەوایی "ئێڵ نینۆ" لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دروستبوون بۆی زیاد بکرێت، کۆی گشتیی دەردانی ساڵانە دەگاتە 43.3 ملیار تۆن.
زانایان هۆشداریی تووند دەدەن لەوەی کە بودجەی کاربۆنی ماوەی جیهان پێش ئەوەی گەرمبوونی زەوی 1.5 پلەی سەدی تێپەڕێنێت، تەنیا 150 ملیار تۆن ماوەتەوە؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەگەر وڵاتان بەم شێوازەی ئێستا بەردەوام بن، ئەو بڕە تەنیا لە ماوەی کەمتر لە چوار ساڵدا تەواو دەبێت و ئامانجە سەرەکییەکەی رێککەوتنی کەشوهەوای پاریس شکست دەهێنێت.



