رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی زنجیرەیەک هەڕەشەی بۆمبڕێژکردنەوە، زیاتر لە 300 قوتابخانە لە سەرتاسەری ئیتاڵیا بەپەلە چۆڵکران؛ جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەش دڵنیایی دەدات کە هیچ "مەترسییەکی راستەقینە لە ئارادا نییە" و هەڕەشەکان ساختەن.
میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، نامە و ئیمەیڵی هەڕەشەی تەقاندنەوە بۆ 312 قوتابخانە لە شارە جیاوازەکاندا نێردراون، ئەمەش وایکرد دەسەڵاتداران دەستبەجێ قوتابخانەکان لە خوێندکاران چۆڵ بکەن. هاوکات هەڕەشەی هاوشێوە لە بەریتانیا و ئێرلەنداش تۆمارکراون و لەوێش پشێوییان دروستکردووە.
جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەمنیی حکومەتی کردووە و گوتی: "لەسەر بنەمای پشکنینە ئەمنییەکان، هیچ بەڵگەیەک نییە کە مەترسییەکی بەرجەستە هەبێت؛ بەڵکو ئەوەی دەبینرێت ستراتیژێکە بۆ دروستکردنی شڵەژان و ترس لەنێو کۆمەڵگەدا، ئێستاش لێکۆڵینەوەی چڕ بۆ دۆزینەوەی بکەران بەردەوامە."
لەلایەکی دیکەوە، ئەنتۆنێلۆ جیانێلی، سەرۆکی کۆمەڵەی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی ئیتاڵیا جەختی کردەوە کە هەڕەشەکان "ساختەن"، بەڵام هۆشداری دا لەوەی چۆن بەکارهێنانی نادروستی تەکنەلۆژیا و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا پشێوی و پەککەوتنێکی گەورە لە کەرتی پەروەردەدا دروستبکات.
ئەم پەرەسەندنە دوای زنجیرەیەک ئاگادارکردنەوەی ساختەی بۆمب دێت لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ سەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئەورووپا، هەروەها دوای هێرشە سایبەرییەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی خۆراک و سوپەرمارکێتەکان لە فەرەنسا و ئیتاڵیا.
رۆژی شەممەی رابردووش، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاشکرای کرد کە بەهۆی پشتیوانیی وڵاتەکەی لە ئۆکراینا، لەلایەن گرووپە هاککەرەکانەوە کراوەتە ئامانج و زانیارییە کەسییەکانی دزەپێکراون؛ ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەورووپا هۆشداری بدەن لە پەرەسەندنی تاکتیکەکانی "جەنگی تێکەڵاو" بۆ تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکانیان.



