رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەکارهێنانی سەرجەم جۆرەکانی درۆنی دروستکراوی چینی بۆ مەشق و راهێنانی سەربازی قەدەخە کردووە و مۆدێلی ناوخۆیی و ئەورووپی لە شوێنیان دادەنێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ پاراستنی داتا و ئاسایشی تەکنەلۆژیای زانیاری گەڕاندەوە. رۆژی چوارشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ئیدی مۆدێلە دروستکراوەکانی چین بەکارناهێنرێن و سیستەمەکانی ئێستا بە بەرهەمی ناوخۆیی یان لە کاتی پێویستدا، بە سەرچاوەی ئەورووپی جێگەیان دەگیرێتەوە."
پێشتر گۆڤاری دێر شپیگڵ ئاشکرای کردبوو، ئەم هەنگاوە لە ترسی ئەوە دێت کە درۆنەکان زانیاری و داتای پەیوەست بە مانۆڕە سەربازییەکان، گۆڕەپانەکانی مەشق، یان سیستەمی چەکەکان رەوانەی دەزگا هەواڵگرییەکانی چین بکەن.
سوپای ئەڵمانیا پێشتر ئەم درۆنە بازرگانییە هەرزانانەی لە بازاڕدا بۆ مەبەستی نیشانەشکێنی و مەشق بە رێکاری بیرۆکراسیی کەم دەکڕی، بەڵام وەزارەتەکە دەڵێت: "بۆ بەهێزکردنی خۆبژێویی سوپای ئەڵمانیا و سەروەریی تەکنەلۆژی، چیدی مۆدێلە چینییەکان بۆ مەبەستی مەشق یان نیشانە بەکارناهێنرێن."
گۆڤاری دێر شپیگڵ بڵاویکردەوە، سوپای ئەڵمانیا رێگری لە چوونەژوورەوەی ئۆتۆمبێلە دروستکراوەکانی کۆمپانیا چینییەکانی وەک بی وای دی، جیلی و نیۆ دەکات بۆ نێو سەربازگە و بنکە سەربازییەکان.
ئەو سەربازانەی خاوەنی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەن دەبێت لە دەرەوەی سەربازگەکان رایانبگرن و بە پێ بچنە ژوورەوە. وەزارەتی بەرگری پشتڕاستی کردەوە کە رێگری لە هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل کراوە و رایگەیاند: "هەموو ئەو هەستەوەرانەی لە ئۆتۆمبێلدا بۆ چاودێری گونجاون وەک کامێرا، رادار، مایکرۆفۆن و سیستەمی گواستنەوەی داتا، دەکرێت ببنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سەربازی."
دوای بینینی رۆڵی یەکلاکەرەوەی درۆنەکان لە جەنگی ئۆکراینادا، بەرلین وەبەرهێنانی گەورە لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆمپانیا ئەڵمانییەکانی وەک رینمێتاڵ و هێلزینگ دەکات؛ لە ساڵی 2025 بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری رایگەیاند بایی 11.1 ملیار دۆلار لە ساڵانی داهاتوودا لەم تەکنەلۆژیایەدا خەرج دەکەن.
ئەم بڕیارەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە تەکنەلۆژیای چینی و رووسی و "هەڕەشە تێکەڵاوەکان" لە ئەورووپا گەیشتوونەتە لوتکە؛ لە مانگی ئابدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی لایپزیگ-هال لە نزیک فڕۆکەیەکی بارهەڵگری ئۆکراینی دۆزرایەوە کە بەرلین رووسیای پێ تۆمەتبار کرد.
کۆمپانیاکانی دروستکردنی درۆن لە ئەڵمانیا، لەوانە Tytan Technologies و ARX Robotics، پێشوازییان لە بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری کردووە و هۆشدارییان داوە لەوەی هەر ئامرازێک پەیوەست بێت بە تۆڕەوە دەکرێت بۆ دزەپێکردنی زانیارییەکان بۆ لایەنی سێیەم بەکاربهێنرێت.



