رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین راپۆرتی ساڵانەی ناوەندی زانیاریی رەگەزپەرستیی دژەکورد، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 440 پێشێلکاری و هێرش دژی کورد لە ئەڵمانیا تۆمار کراون؛ پەرلەمانتارانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن کە زۆرینەی هێرشەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەکرێن و داواش دەکەن ئاماری فەرمیی کورد لە دامەزراوەکانی ئەڵمانیادا جێگیر بکرێت.
رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە ئەڵمانیا روو لە هەڵکشانە و ئامارەکان مەترسیدارن. نوێترین راپۆرتی ساڵانەی ناوەندی زانیاریی رەگەزپەرستیی دژەکورد ئاشکرای دەکات، تەنیا لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 440 پێشێلکاری و هێرش دژی کورد لەو وڵاتەدا تۆمار کراون.
بەپێی ئامارەکان، زۆرینەی هێرشەکان کە دەکاتە 396 حاڵەت، لە رێگەی پلاتفۆرم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەنجام دراون. لەو ژمارەیە 181 کەیس راستەوخۆ پەیوەستن بە نەتەوەپەرستیی تورکی و گرووپە توندڕۆکانەوە، نەتەوەپەرستیی عەرەبیش بە 72 کەیس لە پلەی سێیەمدایە و 136 حاڵەتی دیکەش بە نادیاری ماونەتەوە.
قاسم تاهیر ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکات کە بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک تیکتۆک و ئینستاگرام، هەروەها لەسەر شەقامەکانیش رەگەزپەرستی بەرامبەر کورد لە زیادبووندایە. ئەو دەڵێت: «هۆکارەکەی ئەوەیە تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەم لە کەیسەکان بە فەرمی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت و ناگەنە لای پۆلیس».
ئەو پەرلەمانتارە ئامۆژگاریی کوردانی ئەڵمانیا دەکات کە ئەگەر رووبەڕووی رەگەزپەرستی بوونەوە، بچنە لای پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکەن، تاوەکو بەپێی یاسا لێپێچینەوە بکرێت و لە رێگەی دەرکەوتنی ئامارەکانیشەوە هۆشیاریی سیاسی دروست ببێت.
لەکاتێکدا سەدان هەزار کورد لە ئەڵمانیا دەژین، هێشتا لە ئامارە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەدا تۆمارێک بە ناوی کوردەوە نییە. کێشەی نەبوونی ئاماری فەرمی، بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم مافە سەرەتایی و کۆمەڵایەتییەکانی کورد لە ئەڵمانیا، بۆیە ئێستا پەرلەمانتاران لە هەوڵێکی نوێدان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە.
ئادیس ئەحمەتۆڤیچ، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات کە لە زۆرێک لە هاوڕێ کوردەکانی بیستووە، بۆ ئەوان ئاسان نییە بڵێن 'من کوردم'، بەتایبەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، چونکە دەستبەجێ رووبەڕووی دوژمنایەتی دەبنەوە.
ئەحمەتۆڤیچ دەڵێت: «پێموایە گرنگە ئێمە وەک ئەوانەی لە پەرلەمانی ئەڵمانیان، بۆ سیاسەتمەدارانی روون بکەینەوە کە چاومان لەسەر دۆخی کوردە و دان بە ناسنامەی کوردبووندا دەنێین. هەر بۆیە بەشێک لە کارەکانی من لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەوەیە کە پەنجە بخەمە سەر مافەکانی کورد لە دەرەوەی ئەڵمانیا».
نەبوونی داتای فەرمی وای کردووە کێشەکانی تایبەت بە جیاکاری، رەگەزپەرستی و دۆخی کۆمەڵایەتیی کورد بە تەواوی دەرنەکەون. شارەزایانیش جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو دەوڵەتی ئەڵمانیا بە فەرمی داتا لەسەر پێکهاتەی کورد کۆنەکاتەوە، مەحاڵە بتوانرێت سیاسەتێکی یەکسان و دادپەروەرانە بۆ پاراستنیان دابڕێژرێت.

