رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە پلانێکی پەسند کرد بۆ گۆڕینی بنکەیەکی کۆنی بەرگری بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر لە 1,200 پەناخواز، سەرەڕای ئەوەی گوندێکی نزیک لەو شوێنە وەک ناڕەزایەتییەک دژی پڕۆژەکە، بە شێوەیەکی دەنگی دابوو بۆ جیابوونەوە لە شانشینی یەکگرتوو.
حکومەتی پارتی کار کە بەڵێنی داوە ئەو پەناخوازانە بگوازێتەوە کە ئێستا لە هوتێلەکاندا نیشتەجێکراون، پلانی هەیە ژمارەیەک ناوەندی پێشوازی لە بنکە سەربازییەکانی پێشوودا بکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە حکومەت رایگەیاند، رەزامەندیی داوە لەسەر کردنەوەی یەکێک لەو ناوەندانە لە نزیک گوندی پیدینگتۆن کە ژمارەی دانیشتووانەکەی 350 کەسە و دەکەوێتە دووری 25 کیلۆمەتر لە ئۆکسفۆردەوە، کە لە مانگی ئەیلوولدا دەنگدانێکی بۆ دژایەتیکردنی پلانەکە ئەنجام دابوو.
گوتەبێژێکی حکومەت رایگەیاند، ئەنجێلا رەینەر، وەزیری نیشتەجێکردن و کۆمەڵگەکان "مۆڵەتی تەواوی پلاندانانی بەخشیوە بۆ بەکارهێنانی کاتی و قۆناخ بە قۆناخی شوێنی کۆگای پێشووی وەزارەتی بەرگری لە بیستەر ."
حکومەت پلانی هەیە نزیکەی 1,250 پەناخواز لەو بنکەیەی پێشووی وەزارەتی بەرگریدا نیشتەجێ بکات، کە هەموویان پیاوی سەڵتن و تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 65 ساڵیدایە.
هاوینی ئەمساڵ دانیشتووانی پیدینگتۆن خۆپێشاندانیان دژی پڕۆژەکە ئەنجامدا و رایانگەیاند کە لە سەلامەتیی خۆیان، بەتایبەتی ژنان، نیگەرانن.
لە گشتپرسییەکەی مانگی ئەیلوولدا، 285 کەس لە کۆی 312 دەنگدەر لە بەرژەوەندیی جیابوونەوە لە شانشینی یەکگرتوو و "هەوڵدان بۆ مافی چارەی خۆنووسین" دەنگیان دا.
دەنگدانەکە هیچ بەهایەکی یاسایی نەبوو بەڵام بووە مانشێتی میدیاکانی جیهان و بۆ چەند رۆژێک گوندەکەی خستە چەقی مشتومڕەکانی بەریتانیا لەسەر پرسی پەنابەری و کۆچبەری.
گرێگ سمیس، پەرلەمانتاری پارتی پارێزگارانی ئۆپۆزیسیۆن کە بازنەی هەڵبژاردنەکەی نزیکە لەو شوێنەوە، بڕیارەکەی بە "کارەسات" سەرکۆنە کرد و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەمە تەواو جێگەی تووڕەییە و دەیسەلمێنێت ئەم حکومەتە هیچ بایەخێکمان پێ نادات،" هاوکات بەڵێنی دا بەرەنگاری بڕیارەکە ببێتەوە.


