رووداو دیجیتاڵ
کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2024دا بەربژێر بوو بۆ هەڵبژاردن، بەردەوام جەختی لەو خاڵە دەکردەوە کە یەکەم سەرۆک بووە لە دوای جیمی کارتەرەوە ئەمریکای نەبردوەتە نێو هیچ جەنگێکەوە. ترەمپ لە گوتاری سەرکەوتنیدا لە شەوی هەڵبژاردن، دڵنیایی دایە خەڵکی وڵاتەکەی و گوتی: "من شەڕ دەستپێناکەم، بەڵکو کۆتایی بە شەڕەکان دەهێنم."
بەڵام تەنیا دوای ساڵێک لە دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، ترەمپ رێگەی بە بەکارهێنانی هێز لە حەوت وڵاتی جیاواز داوە.
بۆ چەندین ساڵ، ترەمپ رەخنەی لە سەرۆکەکانی پێش خۆی دەگرت بەهۆی خەرجی زۆری کردە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێستا کە رێبەری باڵای ئێران نەماوە و بەشێکی زۆری ئێران وێران بووە، وا دیارە ترەمپ لە کۆتاییدا حەزی بۆ "گۆڕینی دەسەڵات" چووە.
لە کاتێکدا تەنیا 27%ـی ئەمریکییەکان پشتگیری لە هێرشەکان دەکەن، دیموکراتەکان هێرشەکە بە "شەڕی بژاردە" ناودەبەن و کۆمارییەکانیش دابەش بوون.
ترەمپ سەرکێشییەکی سیاسی گەورەی کردووە. بەڵام بۆچی؟
ئاسۆ سیاسییەکانی ترەمپ گۆڕاون
ترەمپ لە خولی یەکەمیدا، لە چەندین بۆنەدا لە لێواری شەڕ پاشەکشەی کرد. لە ساڵی 2019دا، وەڵامی سەربازیی بۆ خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن تارانەوە هەڵوەشاندەوە، ئەمەش دوای ئەوەی تاکەر کارلسۆنی رۆژنامەڤانی ئەمریکی توانی رازی بکات کە ئەگەر بچێتە نێو شەڕەوە لەگەڵ ئێران، دەبێت "ماڵاوایی لە چانسی هەڵبژاردنەوەی بکات."
کوشتنی قاسم سولەیمانی لە ساڵی دواتردا هەنگاوێکی تووند بوو، بەڵام ترەمپ دوای ئەوە خێرا هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکەی دا، نەوەک ئەوەی مەترسیی تێوەگلان لە شەڕ لە ساڵی هەڵبژاردندا بکات.
ئێستا وا دیارە ترەمپ زۆر کەمتر نیگەرانی ئەو مەترسییانەیە. ترەمپ ئێستا سەرۆکی خولی دووەمە و پێویست ناکات دووبارە رووبەڕووی دەنگدەران ببێتەوە.
ئەمەش هەستیارییەکەی بەرامبەر مەترسییە سیاسییەکان بە گشتی کەمدەکاتەوە؛ ترەمپ چی دیکە هەوڵ بۆ هەڵبژاردنەوە نادات، بەڵکو بیر لە "میرات"ـەکەی دەکاتەوە.
کارلسن هێرشەکانی ترەمپی بە "قێزەون و خراپ" ناوبردووە، بەڵام چی دیکە لە ترەمپیشەوە نزیک نییە. ئەو کەسانەی ئێستا کاریگەرییان لەسەری هەیە، وەک سیناتۆر لیندزی گراهام، تێدەگەن کە ترەمپ ئێستا دەیەوێ هەژموونی سیاسیی خۆی بەکاربێنێت وەک لەوەی پاشەکەوتی بکات. گراهام کە لە ساڵی 2020دا هانی ترەمپی دا سولەیمانی نەکاتە ئامانج، هەفتەی رابردوو لەو کەسە سەرەکییانە بوو کە هانی سەرۆکی دا گوێ بە هۆشدارییەکان نەدات.
ترەمپ یەکەم سەرۆک نییە کە هەوڵی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ تاران دەدات، وەک ئامرازێک بۆ چەسپاندنی میراتی سیاسەتی دەرەوەی خۆی. لە دوای شۆڕشی 1979ەوە پەیوەندییەکان لە نێوان دووژمنایەتی و هەوڵدان بۆ لێکتێگەیشتن دابەشبوون، بەڵام زۆربەی سەرۆکەکان هەوڵیان داوە خولی دووەمیان بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بەکاربهێنن. ترەمپ بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی لەسەر ئاستێکی بێ پێشینە، هاوکێشەکەی هەڵگەڕاندەوە.
سەرۆک هەمیشە سەربازێکی ئاشتیخواز بووە
بۆ ترەمپ، بەکارهێنانی هێز دژی گەیشتن بە ئاشتی نییە. بەپێچەوانەوە، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار باوەڕی خۆی بە کاریگەریی بەکارهێنانی هێزی سەربازی وەک ئامرازێک بۆ دروستکردنی ئاشتی دەربڕیوە.
بۆ نموونە، لە رێوڕەسمی واژۆکردنی دامەزراندنی (بۆردی ئاشتی)دا، ترەمپ ستایشی هێرشەکانی هاوینی رابردووی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد، وەک "سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ ئامانجی کۆتایی کە ئاشتییە؛" هەروەها بە پەرۆشەوە باسی لە "لەنێوبردنی تیرۆریستان" لە نایجیریا، "سڕینەوەی" داعش لە سووریا، و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە "سەرسوڕهێنەرەکەی" کرد کە بووە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا.
ویستی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێرشی کتوپڕ شتێکی نوێ نییە. ترەمپ بەردەوام شانازی بە سەرکەوتنەکانی خولی یەکەمی دەکات لە لەنێوبردنی کەسایەتییەکان، لە ئەبوبەکر بەغدادی لە سووریاوە بیگرە تاوەکو قاسم سولەیمانی لە عێراق. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بۆچی هەوڵەکان بۆ وێناکردنی ترەمپ وەک کەسێکی گۆشەگیر تەنیا تا رادەیەک راست بوون.
هەڵوێستی ترەمپ هەروەها گوزارشت لە دژایەتییەکی بنەڕەتی لە تێڕوانینی گشتیدا بەرامبەر سیاسەتی دەرەوە دەکات.
لە لایەکەوە، دەنگدەران مەیلیان بەرەو دژایەتیکردنی جەنگە درێژخایەن و پڕ تێچووەکانە کە تێیدا خەڵک باجی مرۆیی و دارایی دەدات. لە لایەکی دیکەوە، راپرسییەکان بەردەوام دەریدەخەن کە رای گشتی ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆری بەرامبەر هەڕەشە جیهانییەکان هەیە و پشتگیری لە بەکارهێنانی هێز دەکەن وەک ئامرازێکی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.
گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە هەمیشە لە سەرووی لیستەکانەوەیە؛ 77%ـی خەڵک لە دوایین راپرسی گاڵۆپ لە ساڵی 2024دا بە هەڕەشەیەکی مەترسیداریان داناوە.
بەم دواییانە، راپرسییەکی کەناڵی سی بی ئێس کە تەنیا سێ رۆژ پێش هێرشەکان ئەنجامدرا، دەریخست کە 51%ـی ئەمریکییەکان لایەنگری کردەی سەربازیین دژی ئێران بۆ رێگریکردن لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی. توێژینەوەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە دەنگدەران بە شێوەیەکی سیستماتیک لایەنگری ئەو بەربژێرانە دەکەن کە هەڵوێستی سیاسییان وێنەیەکی "بەهێز و تووند" نیشان دەدات.
هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر ئێران دەکرێت وەک ئەنجامێکی لۆژیکیی هەوڵەکانی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا تێبگەین بۆ تێرکردنی ئەو حەزە دژبەیەکەی رای گشتی لە سیاسەتی دەرەوەدا هەیە: دەنگدەران دەیانەوێ سەرکردەکان توانای لێدانی "پیاوە خراپەکان" و کاریگەرییان لەسەر ئەو ئەنجامانە هەبێت کە بۆیان گرنگە، بێ ئەوەی باجی ئەو کارە بدەن.
تێڕوانینی گشتی بەرامبەر سیاسەتی دەرەوە دەگۆڕدرێ
ئارەزووی ترەمپ بۆ سەرکێشی رەنگە بەهۆی متمانەی بە توانای خۆی لە ئاراستەکردنی رای گشتی بەهێزتر بووبێت. سیاسەتی دەرەوە بۆ زۆربەی دەنگدەران پرسێکی دوورە و ئەوان بۆ تێگەیشتن لە رووداوەکانی دەرەوە پشت بە سەرکردە سیاسییەکان دەبەستن. ترەمپیش سەرکردەیەکی کاریگەرە لە دروستکردنی رای گشتی، بەتایبەت لەنێو لایەنگرانی پارتەکەی.
بۆ نموونە ڤەنزوێلا، بەگوێرەی راپرسییەکی یو گەڤ لە کۆتایی کانوونی یەکەمدا، تەنیا 21%ـی ئەمریکییەکان پشتگیرییان لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی دەکرد بۆ لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ. کەچی تەنیا سێ هەفتە دواتر، دوای ئەوەی ترەمپ دەستی بۆ ئەو کارە برد، پشتگیرییەکان نزیکەی دوو هێندە بوون و گەیشتنە 40%. لەوەش گرنگتر، بنکەی جەماوەریی ترەمپ پاڵپشتییان لێکرد، بە جۆرێک پشتگیریی کۆمارییەکان لە هەمان ماوەدا لە 43%ـەوە بۆ 78% بەرزبووەوە.
کردەکانی ترەمپ رەنگە راوێژکارەکانی ناچاربکات بە لێدوانەکانیان جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان بەکارهێنانی هێز لە دەرەوە و دیدگای "ئەمریکا لەپێشینەیە" دروست بکەن. بەڵام ناڕەزایەتییە دەنگییەکانی رەوتە سەرسەختەکانی ماگا (MAGA) لە نێو پارتی کۆماری، تاوەکو ئێستا تەنیا وەک دۆخێکی دەگمەن دەردەکەون.
چی بەدوای ئەوەدا دێت؟
مێژوو پێمان دەڵێت کە لە رووی سیاسییەوە، تاکە شت کە لە تێوەگلان لە شەڕ خراپتر بێت، شکستخواردنە لە بەدیهێنانی سەرکەوتن بە تێچوویەکی گونجاو.
گۆڕانی ئامانجەکانی ئەمریکا لەلایەن ئیدارەکەوە رەنگە کەمێک بوار بە ترەمپ بدات کە تەنیا "سەرکەوتن" رابگەیەنێت ئەگەر تێچووەکان دەستیان بە بەرزبوونەوە کرد.
بەڵام بەرگەی ئەو بۆ زیانە گیانییەکان بێ سنوور نابێت. ئەگەر پەککەوتنی بازاڕەکانی نەوت کاریگەریی بکاتە سەر گیرفانی ئەمریکییەکان، ئەوا ئارەزووی ئەو بۆ بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی هێز کەم دەبێتەوە.
باری سیاسی لە ئەمریکا یارمەتیمان دەدات تێبگەین چۆن ترەمپ گەیشتە ئەم خاڵە، بەڵام هاوکات ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چۆن شەڕ دەتوانێت ببێتە بارگرانی بۆ سەرۆک لە ناوخۆدا، ئەگەر سەرکەوتن گران، دوور یان هەردووکیان بێت.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ناوەندی چاتم هاوس بڵاوبووەتەوە

.jpg&w=3840&q=75)

