رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "زۆر پەرۆشە" بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بگاتە رێککەوتن. ئاماژەی بەوەش کرد، چاوەڕێ دەکەن بزانن دۆخەکە بە کوێ دەگات.
ئەمڕۆ هەینی لە رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا، ترەمپ گوتی، هەرگیز رێگە نادەن تاران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
لەبارەی هێرشەکانی حوزەیرانی پار و شوبات و ئادار و سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ، ترەمپ گوتی: "گورزی قورسمان لە ئێران داوە، چونکە هیچ بژارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نەبوو."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ستراتیج و کارانەی ئێستا بەرامبەر ئێران دەیکەن، هاوشێوەی ئەو هەنگاوانەیە کە پێشتر لە ڤەنزوێلا گرتوویانەتەبەر.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی تواناکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و بە "مەزنترین سوپای جیهان" ناوی برد.
ترەمپ باسی لەوە کرد، دەیانەوێ بودجەی بەرگریی وڵاتەکەیان بەرزبکەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێ: "دەمانەوێ بودجەیەکی بەرگری بەدەستبهێنین کە قەبارەکەی بگاتە 1.5 تریلیۆن دۆلار."
ئەم گوتەیە لە کاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی درێژخایەن چڕبوونەتەوە و ئەمڕۆش سوپاسالاری پاکستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گەیشتە تاران.
