رووداو دیجیتاڵ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتیانی بیانی و دیپلۆماتکاران کرد کە شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا جێبهێڵن؛ دەشڵێت، مۆسکۆ بەنیازی هێرشی نوێیە بۆ سەر "سەنتەرەکانی بڕیاردان." رۆژی دووشەممە 25ی ئایاری 2026، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پلانیان هەیە هێرشی زیاتر بۆ سەر پایتەختی ئۆکراینا بکەن، کە تێیدا بنکە سەربازی و حکومییە هەستیارەکان دەکرێنە ئامانج. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "هێرشەکان هەم سەنتەرەکانی بڕیاردان و هەم بنکەکانی فەرماندەیی دەگرنەوە. ئێمە هۆشداری دەدەینە هاوڵاتیانی بیانی، لەوانەش کارمەندانی نێردە دیپلۆماسییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کە بە زووترین کاتدا شارەکە چۆڵ بکەن." راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کاتێکدایە پێرێ سوپای رووسیا بە 690 درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر 40 ناوچەی ئۆکراینا، لەوانە کیێڤ و لوهانسک. بەگوێرەی تەندروستیی ئۆکراینا، لە هێرشەکاندا چوار کەس کوژران و 100ی دیکەش بریندار بوون. هێرشەکەی رووسیا دوای هەڕەشەیەکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بوو دژی هێرشێکی سوپای ئۆکراینا. رۆژی 22ی ئایار، کیێڤ هێرشیکردە سەر ئەکادیمیایەکی رووسیا و لە ئەنجامدا 21 کەس کوژران. دوای هێرشەکە سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی رووسیا راسپێردراوە بۆ ئەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم تاوانە ئاگادار بکاتەوە. بەڵام، بێگومان، هەموومان تێدەگەین کە تەنیا لێدوانەکانی وەزارەتی دەرەوە بەس نین. هەر لەبەر ئەوەشە فەرمان بە وەزارەتی بەرگریی رووسیا کراوە کە پێشنیازەکانی خۆی پێشکەش بکات بۆ وەڵامدانەوە". رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراینا زیادکردووە. بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا، مانگی نیسانی ئەم ساڵ رووسیا بە شەش هەزار و 800 مووشەک و درۆن هێرشیکردووەتە سەر وڵاتەکەیان، مانگی ئادار ژمارەکە شەش هەزار و 600 بوو.