رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند ئێران لە دانوستانەکاندا "دوا هەناسەکانی هەڵدەکێشێت." پێداگری لەسەر ئەوە کرد هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەمدا، نابنە هۆی ئەوەی پەلە بکات لە واژۆ کردنی رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ سێ مانگییەی ئابووریی جیهانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.
ترەمپ لە سەرەتای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتەکەیدا، گەشبینی خۆی پێشاندا رێککەوتن لەگەڵ ئێران نزیکە، تەنانەت لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا رایگەیاند ئیدارەکەی و تاران "تا ئاستێکی زۆر" گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، هەرچەندە دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن.
ئامانجی ترەمپ لە رێککەوتنەکە چییە؟
سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێک تەنگەی هورمز بکاتەوە و بەڵگەیەکی باوەڕپێکراویشی بداتێ توانای ئەتۆمی ئێران هێندە کەم بووەتەوە تا بتوانێت سەرکەوتنی خۆی رابگەیێنێت. بەمەش کۆتایی بە ململانێیەک دەهێنێت لە رووی سیاسییەوە لە ناو لە نێو کۆمارییەکان تێدا نراوە نەبووە.
بەڵام ئێستا، ترەمپ لەبەردەم ئەو ئاڵنگارییەکدایە، کۆتاییهێنان بەم شەڕە ئەنجامێکی قایلکەری نەبێ.
خاڵە ناکۆکەکان:
رێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە زۆربەی پرسە هەستیارەکان بۆ قۆناخی داهاتوو دوا دەخات، ئەمەش وای کردووە ترەمپ رووبەڕووی رەخنەی توندی لایەنگرانی ببێتەوە، ئەوان پێیانوایە سەرکردە "توندڕەوەکانی" ئێران هەرچەندە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە بەهێزی دەردەچن.
ئەم کێشەیە لەو کاتەدا دەگاتە لووتکە هەڵبژاردنەکانی نیوەخول بۆ دیاریکردنی دەسەڵاتی کۆنگرێس نزیک دەبنەوە، کۆمارییەکان نیگەرانن لەوەی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و نرخی سووتەمەنی، دەنگدەری ئەمریکی تووڕە بکات.
بەڵام ترەمپ ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە دەڵێن هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کاریگەرییان لەسەر ستراتیژی ئەو بەرامبەر بە ئێران دەبێت و گوتی، "ئەوان پێیان وابوو دەتوانن کات بکوژن تا من دەڕۆم، دەیانگوت "خۆڕاگر دەبین، ئەو هەڵبژاردنی لەپێشە"، بەڵام من گوێ بە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول نادەم."
ناڕەزایەتی کۆمارییەکان و مەرجە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە
لە کاتێکدا ترەمپ پێداگری دەکات رێککەوتنەکە نزیکە، بەڵام لەسەر چەندین پرسی سەرەکی جیاوازیی گەورە لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا هەیە، لە لایەکی دیکەوە کۆمارییەکانی وەکو سیناتۆر رۆجەر ویکر، لیندزی گراهام و تێد کروز رەخنەی توند دەگرن و دەڵێن مەرجەکانی رێککەوتنەکە زۆر لە بەرژەوەندی تارانن.
ئەوان دژی ئەو بەشانەی رێککەوتنەکەن بڵاوکراونەتەوە، چونکە پێیانوایە زۆر لەو رێککەوتنە ئەتۆمییە دەچێت باراک ئۆوبامای سەرۆکی پێشووی ئەمریکا واژۆی کردبوو، ترەمپ لە خولی یەکەمیدا لێی کشایەوە.
بەپێی زانیاریی بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران هێڵە گشتییەکانی رێککەوتنەکە بریتیین لە:
• رادەستکردنی یۆرانیۆم: تاران رازی دەبێت دەستبەرداری کۆگەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ببێت لە بەرامبەر لادانی سزاکان.
• قۆناخی راوێژکاری: بەرپرسێکی ناوچەیی رایگەیاندووە چۆنیەتی دەستبەرداربوونی ئێران لەو یۆرانیۆمە پێویستی بە دانوستانی زیاترە، رەنگە بەشێکی کەم بکرێتەوە و ئەوەی دیکەش بگوازرێتەوە بۆ وڵاتی سێیەم.
• رۆڵی رووسیا و چین: ترەمپ رایگەیاندووە "ئاسودە نییە" بەوەی رووسیا یان چین یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران وەربگرن، سەرڕای ئەوەی شارەزایانی ئەتۆمی پێیانوایە ئەم دوو وڵاتە ( چین و رووسیا) نزیکترین هاوپەیمانی تارانن و دەکرێت وەکو لایەنی سێیەم رۆڵ ببینن.
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، ئێران 440.9 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە رێژەی 60٪ هەیە، تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکی کورتی ماوە بگاتە ئاستی 90٪، ئەو ئاستە دەیگەیێنێتە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئێران تا ئێستا بە فەرمی بەڵێنی نەداوە دەستبەرداری ئەم کۆگەیە ببێت.
کاریگەری رێککەوتنەکە لەسەر شەڕی ئیسرائیل لە لوبنان
یەکێکی دیکە لەو پرسانەی هێشتا چارەسەر نەکراوە، ئەوەیە ئایا ئاگربەستەکە شەڕی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵای لوبنان دەگرێتەوە یان نا، ئێران پێداگری دەکات؛ دەبێت لوبنانیش بەشێک بێت لە هەر رێککەوتنێکی ئاگربەست.
ئیدارەی ترەمپ لەم پرسەیەدا کەمێک نەرمی نواندووە؛ رەشنووسی لێکتێگەیشتنەکە داوای ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دی ئێران و گروپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا دەکات، بەڵام هاوکات جەخت لەسەر مافی ئیسرائیل دەکاتەوە بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە دژی هەر هەڕەشەیەک.
ئەمەش لە کاتێکدایە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنەکانی لە لوبنان "فراوانتر دەکات" و سوپای ئیسرائیلیش لە هێرشەکانیدا بەرەو باکوور پێشڕەوی دەکات.
جۆناتان کۆنرایکۆس، گوتەبێژی پێشووی سوپای ئیسرائیل و لێکۆڵینڤان لە پەیمانگای بەرگری لە دیموکراسی لە واشنتن دەڵێت، "ئیسرائیل پێشبینی دەکات ئێران پارەی بەدەستهاتوو لە لادانی سزاکان خێرا بۆ بونیاتنانەوەی هێزە سەربازییەکانی و پاڵپشتیکردنی گروپەکانی وەک حیزبوڵڵا و حەماس بەکاربهێنێت، ئێمە ناوەستین، چونکە دەزانین رژێمی ئێران دەستبەرداری شەڕ نابێت."
پرسی رێککەوتنامەی ئەبراهام و کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا مەرجێکی تریشی زیاد کردووە، ئەویش ئەوەیە دەبێت چەند وڵاتێکی دیکەی وەکو کوێت، سعودیە، قەتەر و پاکستان ببنە بەشێک لە رێککەوتنی ئەبراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
بەڵام ئەم خواستەی ترەمپ رەنگە زۆر لە راستییەوە دوور بێت، بۆ نموونە، سعودیە گەورەترین هێزی جیهانی عەرەبییە، هەمیشە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە مەرجی سەرەکی ئەوان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، دانانی نەخشەڕێگەیەکی روونە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین، ئەمەش شتێکە ئیسرائیل بە توندی دژی دەوەستێتەوە.
باربارا لیف، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیمارات رایگەیاندووە بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو پێیان گوتووە داواکارییەکەی ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکاندا ئەوەندە مایەی شۆک بووە بێدەنگ بوون.
هەرچەندە سەرچاوەیەکی نزیک لە ترەمپ ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت هەندێک لە هاوپەیمانەکان پێشوازییان لە بیرۆکەکە کردووە.
لیف دەشڵێت، هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەزانن ئێران پارەی سزاکان بۆ کەرتی سەربازی بەکاردێنێت، بەڵام پشتگیری لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، چونکە "هیچ رێگەیەکی تری دەربازبوون نابینن" بەهۆی ئەو هەڵە سەرەتاییانەی ئیدارەی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی ئەم شەڕەدا کردوونی.
