رووداو دیجیتاڵ
دادگایەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سزای 10 ساڵ زیندانیی بەسەر پیاوێکدا سەپاند، کە بەشدار بووە لە پیلانێکی "ئاراستەکراو لەلایەن تارانەوە" بۆ تیرۆرکردنی مەسیح عەلینەژاد، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی دیاری ئێرانی-ئەمریکی.
رۆژی چوارشەممە، دادگایەکی ئەمریکا سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ جۆناسان لۆدهۆڵت (37 ساڵ) دەرکرد، کە دانی بەوەدا ناوە بەشێک بووە لەو پیلانەی مەسیح عەلینەژادی تەمەن 49 ساڵی کردبووە ئامانج.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، لۆدهۆڵت و تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی کارلایڵ ریڤێرا، بڕی 100 هەزار دۆلاریان وەرگرتووە بۆ ئەوەی چاودێریی عەلینەژاد بکەن و بیکوژن. ریڤێرا پێشتر لە مانگی کانوونی دووەمدا بە 15 ساڵ زیندانی سزادرابوو.
وەزارەتی دادی ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رادەکێشێت و رایگەیاندووە، فەرمانی ئەم کوشتنە لە تارانەوە دەرکراوە. جۆن ئایزنبێرگ، یاریدەدەری داواکاری گشتی بۆ ئاسایشی نیشتمانی لەو بارەیەوە گوتی: "تاران هەوڵیدا رۆژنامەڤانێکی ئەمریکی لە ناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان بکوژێت، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەو رۆژنامەڤانە پێشێلکارییەکانی ئەو رژێمەی ئاشکرا کردبوو."
تۆمەتباری سەرەکیی کەیسەکە کە ناوی فەرهاد شاکەرییە و هاووڵاتییەکی ئەفغانیی نیشتەجێی ئێرانە، تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراوە. واشنتن دەڵێت شاکەری "بە نوێنەرایەتی سوپای پاسدارانی ئێران" ئەو دوو کەسەی بەکرێ گرتووە.
مەسیح عەلینەژاد، یەکێکە لە رەخنەگرە سەرسەختەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رابەرایەتی هەڵمەتی "ئازادیی دزیوی من" دەکات دژی حیجابی زۆرەملێ. ئەو کە لە ساڵی 2009ـەوە ئێرانی جێهێشتووە، تەنیا لە ساڵی 2022شدا جارێکی دیکە لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بووە.
عەلینەژاد لە سۆشیاڵ میدیا کاریگەرییەکی زۆری هەیە و تەنیا لە ئینستاگرام نزیکەی 9 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە، ئەوەش وایکردووە ببێتە یەکێک لەو دەنگە ناڕەزایانەی کە تاران بە مەترسییان دەزانێت.
