رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە جیهاندا بۆ (خوێندنی نێودەوڵەتی) لە شاری ئۆرلاندۆ لە ویلایەتی فلۆریدا بەردەوامە کە شاندێکی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدارە. یەکێک لە بەشداران دەڵێ: "کۆنفرانسەکە بۆ ئاڵۆگۆڕی زانستی و وەرگرتنی ئەزموون گرنگە".
کۆنفرانسی نافسا (NAFSA Annual Conference & Expo) 26ـی ئایار دەستیپێکردووە و سبەی 29ـی ئایار دوایین رۆژی دەبێ. شاندێکی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پێنج کەس لەو کۆنفراسەدا بەشدارە.
پرۆفیسۆری یاریدردەر، د. تاڵیب محەممەد، راگری پەیمانگەی تەکنیکی مێرگەسۆر سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر کە بەشدارە لە کۆنفرانسەکە، رۆژی پێنجشەممە، 28ـی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "یەکێک لە گرنگییەکانی کۆنفرانسەکە بۆ ئێمە ئاڵگۆڕە لە بواری زاستی و ئەزمووندا لەگەڵ وڵاتانی جیهان".
کۆنفرانسەکە بە گەورەترین و گرنگترین کۆبوونەوەی ساڵانەی جیهان دادەنرێ کە تایبەتە بە خوێندنی نێودەوڵەتی و، هەموو ساڵێک لە کۆتایی مانگی ئایادار لە شارەکانی ئەمریکا دەبەسترێت.
د. تاڵیب محەممەد گوتی: "کۆنفراسەکە گەورەترینی جیهانە؛ نوێنەری نزیکەی 110 دەوڵەت بەشدارن، بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە لە نزیکەوە بڕیار بەدەستە باڵاکانی خوێندنی باڵا لە جیهاندا دەبینین و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین و باسی کولتوور، زانست و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکەین".
لە کۆنفرانسەکەدا هەشت هەزار ئەکادیمی و بەرپرسانی خوێندنی باڵا بەشدارن و لەنێویاندا 558 قسەکەر هەن، یەکێک لەوان د. تاڵیب محەممەدە و دەڵێت: "لە قسەکانمادا ئاماژەم بەوەکرد، کە لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیان لە ئاستێکی قووڵ و مێژووییدایە، جگە لە پێکەوەژیانی مرۆڤ، باسم لە پێکەوە ژیانی ئاژەڵ و سرووشتی کوردستان کرد و دەڤەری بارزانم وەکو نموونە باسکرد".
د. تاڵیب محەممەد گوتی: "باسمان لە فرەچەشنیی لە پەروەردە و کولتوور کرد لە ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان و ئاماژەمان بە گرنگیدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ زمانە و ئاینییە جیاوازەکان و پەروەردەکردنیان".
لە کۆنفرانسەکەدا نزیکەی 600 دامەزراوەی جیهانیی پێشانگەیان هەیە.
یەکێک لە ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە لە جیهاندا بۆ ئاسانکارییە بۆ قوتابیان کە بتوانن لە وڵاتانی دیکەی جیهان بخوێنن. هەروەها دروستکردنی هاوبەشی لە نێوان زانکۆکانی ئەمریکا و زانکۆکانی دیکەی جیهان.

