رووداو دیجیتاڵ
لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری سویسرا پیاوێک بە هاوارکردنی "ئەڵڵاهو ئەکبەر" بە چەقۆ هێرشی کردە سەر خەڵک و سێ کەسی بریندارکرد، ئینجا دەستگیرکرا. بەرپرسانی ئەو وڵاتە رووداوەکەیان بە "کردەیەکی تیرۆریستی" وەسفکرد و گوتیان پێشینەی نەخۆشیی دەروونی هەبووە.
رووداوەکە رۆژی پێنجشەممە، 28-05-2026 لە وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری شاری ڤینتەرتور، شەشەم گەورەترین شاری سویسرا روویدا. بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، پیاوەکە ناوی نەسیپ دێدێلەرە، تورک-سویسرییە و تەمەنی 31 ساڵە. بەرپرسان دەڵێن، پێشینەی کێشەی دەروونی هەیە.
ماریۆ فێر، بەرپرسی ئەمنی لە کانتۆنی زیورخی سویسرا رایگەیاند، "بەمە دەڵێم هێرشی تیرۆریستی."
ماریوس وایەرمان، فەرماندەی پۆلیسی هەرێمەکە گوتی: "پاڵنەری ئەم کردەیە تووندڕۆیی و تووندئاژۆییە."
دێدێلەر سێ پیاوی تەمەن 28، 43 و 52 ساڵی بریندار کردووە. پیاوە 52 ساڵانەکە بە سەختی بریندار بووە و نەشتەرگەریی بەپەلەی بۆ کراوە.
بەگوێرەی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، پیاوەکە بە قژێکی درێژی رەش و ریشێکی پڕەوە، بە دەم هاواری ئەڵڵاهو ئەکبەرەوە لەبەردەم وێستگەکە وەستاوە.
شۆفێرێکی تەکسیی تەمەن 65 ساڵ بە رۆژنامەی بلیکی راگەیاندووە، "بینیم کە بەپەلە هاتە خوارەوە و هەوڵیدا چەقۆ لە پیاوێک بدات. ئەگەر پاسەوانەکان ئەوەندە بەخێرایی نەگەیشتنایە، نازانم چی روویدەدا."
شایەتحاڵێکی دیکە گوتی: "گوێم لە پیاوێک بوو پێنج یان شەش جار ئەڵڵاهو ئەکبەری دەکرد و شڵەژابوو." گوتیشی منداڵان و خەڵکی دیکە بە ترسەوە "بەسەر شەقامەکەدا رایانکردووە."
کێشەی دەروونی هەبووە
بەرپرسان رایانگەیاند، هێرشکارەکە 10 ساڵ لەمەوبەر بەهۆی پێشێلکردنی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوی داعش، سكاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
هەروەها، رۆژی دووشەممەی رابردوو خۆی چووەتە بنکەیەکی پۆلیس و بە شێوەیەکی پچڕپچڕ قسەی کردووە، دواتر براوەتە نەخۆشخانەیەکی دەروونی. بەڵام رۆژی چوارشەممە لەوێ دەرچووە، چونکە دامەزراوەکە رایگەیاندووە، مەترسی نییە بۆ سەر خۆی و خەڵک نییە.
ماریۆ فێر گوتی: "ئاشکرایە بە هەڵە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە."