رووداو دیجیتاڵ
رەنگە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەم زووانە لەسەر دراوێکی نوێی 250 دۆلاری دابنرێت، ئەمەش نوێترین هەنگاوی ترەمپە بۆ شکاندنی نەریتەکانی ئەمریکا و دانانی مۆری تایبەتیی خۆی لەسەر دامەزراوە نیشتمانییەکان. ئەگەر ئەمە رووبدات، دەبێتە یەکەمجار لە ماوەی سەدە و نیوێکدا وێنەی کەسێکی زیندوو، بەتایبەتیش سەرۆکێک، لەسەر دراوی ئەمریکی بدرێت.
پێشنیازەکە رۆژی پێنجشەممە، 28-05-2026 لەلایەن رۆژنامەی واشنتن پۆستەوە ئاشکرا کرا. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێستا پڕۆژەیاسای پێشنیازکراو لەبەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران هەیە بۆ گۆڕینی یەکەم مەرج، بۆ ئەوەی [وێنەی] کەسێکی زیندوو، دۆناڵد جەی. ترەمپ، بتوانێت لەسەر دراوێکی 250 دۆلاری بێت."
بێسێنت گوتیشی: "پێموانییە هیچ شتێکی نەشیاو هەبێت لەوەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر دراوی یادی 250 ساڵە بێت."
وەزیرەکە ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی گەنجینە ئامادەکاریی پێشوەختەی کردووە ئەگەر یاساکە تێپەڕێنرێت، بەڵام "پابەندی یاسا دەبن."
نیگەرانی و رەخنە
دیزاینێکی نموونەیی کە واشنتن پۆست دەستی کەوتووە، وشەکانی (یادی 250 ساڵەی ئەمریکا)ـی لەسەر نووسراوە، کە ئاماژەیە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا لە 4ـی تەممووزی 1776.
بەگوێرەی واشنتن پۆست، دوو بەرپرسی دانراوی ترەمپ لە وەزارەتی گەنجینە، پار دەستیان کردووە بە هاندانی کارمەندانی نووسینگەی نەخشاندن و چاپکردن بۆ ئامادەکردنی نموونەی سەرەتایی.
کارمەندان لەوێ، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت رایانگەیاندووە، پلانەکە نیگەرانیی دروستکردووە، چونکە یاسایەکی فیدراڵی پێشێل دەکات کە وێنەکێشانی سەرۆکە زیندووەکان لەسەر دراوی ئەمریکی قەدەخە دەکات.
گوتەبێژێکی وەزارەتی گەنجینە رایگەیاندووە، نووسینگەی نەخشاندن و چاپکردن لە وەڵامی پێشنیازەکەدا "پلانی گونجاو دادەنێت و لێکۆڵینەوەی پێویست دەکات."
واشنتن پۆست رایگەیاند، پاتریشیا سۆلیمن، بەڕێوەبەری نووسینگەی چاپکردن، دژی پلانەکە وەستاوەتەوە و لەناکاو لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.
مۆری ترەمپ لەسەر دامەزراوەکان
ئەو هەوڵە نوێترین هەنگاوە لە زنجیرەیەک هەوڵی ئیدارەی ترەمپ بۆ دانانی وێنە یان ناوی لەسەر دامەزراوە کولتوورییەکان و شتی دیکە.
ئەم ساڵ کۆمیسیۆنی هونەرە جوانەکانی ئەمریکا، کە ئەندامەکانی لەلایەن ترەمپەوە دانراون، بە کۆی دەنگ رەزامەندییان لەسەر لێدانی (دراوی کانزایی زێڕینی یادی 250 ساڵە) دا.
لە مانگەکانی دواییدا، هەریەک لە ناوەندی جۆن کەنەدی بۆ هونەری نمایشکردن و پەیمانگەی ئاشتیی ئەمریکا، ناویان گۆڕدراوە بۆ ئەوەی ناوی ترەمپیش لەخۆبگرن.
ترەمپ وێنەشی لەسەر ئەو لافیتانە [بانەر] هەیە کە لە باڵەخانەکانی وەزارەتی داد و وەزارەتی کشتوکاڵ شۆڕ کراونەتەوە.
کاردانەوەی دیموکراتەکان
یاساکە بۆ رێگەدان بە دەرکەوتنی ترەمپ لەسەر دراوێکی 250 دۆلاری، پار لە کۆنگرێس پێشکێش کرا، بەڵام کاری لەسەر نەکراوە.
کاردانەوەی دیموکراتەکان تووند بوو. سیناتۆر مارک وۆرنەر، ئەندامی لیژنەی بانکیی ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند، پێشنیازە بێوێنەکە بە واتای ئەوە دێت کە کۆشکی سپی بە ئاشکرا خەریکە بە خۆویستیی ترەمپ رازی دەبێت.
