رووداو دیجیتاڵ
ئەم هەفتەیە، ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان لە بەریتانیا، کە بە NCA دەناسرێت، بڕیارێکی تووند و بێ پێشینەی دەرکرد؛ ناوی 30 تاوانباری مەترسیداری خستە لیستێکی تایبەتەوە، لەنێو لیستەکەدا ناوی سێ کورد هەن کە ئەم ساڵ دادگا سزایدان.
ئەو سێ کوردە ناویان "دڵشاد ش.، عەلی خ. و راماڵ ب.)ـە؛ دوای تەواوکردنی سزای زیندانییەکەیان، بە تەواوی ئازاد ناکرێن، بەڵکو راستەوخۆ دەکەونە ژێر یاسای رێگری لە تاوانی مەترسیدار (SCPO).
دڵشاد و عەلی، کە یەکەمیان وەکو هاووڵاتیی عێراق و ئەوی دیکەیان وەکو هاووڵاتیی ئێران ناسێندراون، پێشتر چەند هەفتەیەک پێش ئێستا، دادگایەکی بەریتانیا هەریەکەیانی بە 19 ساڵ زیندان سزادا. دادگا ئەوەی ساخکردووەتەوە، ئەو دووانە تۆڕێکی فراوان و پێشکەوتووی بردنی کۆچبەرانیان بۆ بەریتانیا هەبووە.
بنکەی سەرەکیی چالاکییەکانی دڵشاد و عەلی شوێنێکی شووشتنی ئۆتۆمبێل (واتە غەسل) بووە لە باشووری وێڵز. دادگا دەڵێ، سەتان کۆچبەریان لە عێراق و ئێران و سووریاوە (واتە باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستانەوە) هێناوەتە ئەورووپا و بەریتانیا.
کەسی سێیەم کە ئاژانسە بەریتانییەکە ناوی تەواوی بڵاوکردووەتەوە و رووداو لەبەر ماڵباتەکەی تەنیا ناوی یەکەمی بڵاودەکاتەوە، راماڵە. ئەویش پۆلیس لە شاری وۆڵڤەرهامپتن دەستگیری کردووە و وەکو ئەندامی سەرەکیی تۆڕێکی دیکەی هێنانی کۆچبەران ناسێندراوە.
ئاژانسی تاوان دەڵێ ئەگەر ئەوانە پاش 19 ساڵی دیکەش ئازاد بکرێن، لە سێ شتدا هەتا ماون ئازاد نابن:
یەکەم، مۆبایل و پەیوەندییەکانیان. تەنیا مافی ئەوەیان دەبێ یەک مۆبایلیان هەبێت. دەبێت پێشتریش ناو و ژمارەی مۆبایلەکەیان لەلای پۆلیس تۆمار بکرێت. هەروەها بەکارهێنانی ئینتەرنێتیشیان بە تووندی چاودێری دەکرێت.
دووەم، کاروبارە داراییەکانیان. ئەو سێ کوردە ناچار دەکرێن راپۆرتی زۆر ورد و شەفاف لەسەر هەموو حیسابات، دارایی و مامەڵە بانکییەکانیان بۆ حکومەتی بەریتانیا ئاشکرا بکەن.
سێیەم، گەشتکردن و جووڵەیان. بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە بچنە دەرەوەی بەریتانیا. ئەگەر ئەو سێ کەسە، دوای ئازادبوونیان بچووکترین بەندی ئەو خاڵانە پێشێل بکەن، هیچ دادگایی ناکرێنەوە و راستەوخۆ دەخرێنەوە زیندان.