رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی بێڵتۆڤنی نزیک ئوتریختی هۆڵەندا، دوو کەسی نەناسراو لەڕێگەی تەقەمەنییەوە ئامێرێکیان لەناو ئارایشتگایەکدا تەقاندووەتەوە، خاوەنی ئارایشتگاکە کوردێکی خەڵکی شاری رواندزی باشووری کوردستانە و نیشتەجێی ئەو وڵاتەیە.
گۆڤەند موخلیس، خاوەنی ئارایشتگاکە بە بەرنامەی دیاسپۆرای راگەیاند، تەقینەوەکە زیانێکی زۆری بە دووکانەکەی گەیاندووە، بەڵام رووداوەکە زیانی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
سەبارەت بە هەوڵی تاوانبارەکان بۆ بردنی پارەی ئارایشتگاکە، گۆڤەند گوتی، سەرکەوتوو نەبوونە لە بردنی بڕە پارەیەکی زۆر و ئەوەی لەناو ئەو ئامێرە بووە بڕە پارەیەکی کەم بووە و بردوویانە.
دیاردەی تەقاندنەوەی ئامێری پارەدان لە هۆڵەندا بەربڵاوە و گرووپە تاوانکارییەکان هەموو ئەو پارەیەی لەنێو ئامێرەکەدا دەستیاندەکەوێت دەیدزن.

.jpg&w=3840&q=75)

