رووداو دیجیتاڵ
عەتا سەمەدی، هاونیشتمانییەکی شاری سنەیە، کە دوای 26 ساڵ دوورکەوتنەوە لە نیشتمان، ئێستا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا نیشتەجێیە. ئەو لە دووریی زێدەکەیەوە چیرۆکی ژیانی پڕ لە هەوراز و نشێوی خۆی بۆ بەرنامەی دیاسپۆرا دەگێڕێتەوە؛ لە ئاوارەییەوە تا دروستکردنی کەلوپەلی کۆنی کوردی و سەرەنجام بوونی بە شۆفێرێکی سەرکەوتووی پاس لە ئەڵمانیا.
عەتا سەمەدی، باسی لە حەسرەت و تاسەی خۆی بۆ زێدەکەی، شاری سنە و بەتایبەتی ناوچەی ئاوێر، دەکات. ئەو ئاماژەی بەوە دا، ماوەی 26 ساڵە لە شارەکەی دوورە و ئەو حەسرەتەی بە حەسرەتی منداڵێک بۆ باوەشی دایکی دەچووێنێت.
سەمەدی، خەڵکی گوندی "ئاواخ"ی سەر بە دیواندەرەیە، باسی لەوە کرد، باوکی کەسێکی دڵخۆش و رووخۆش بووە و هەمیشە حەزی لە پۆشینی جلی کوردی بووە. هەروەها ئەوەی خستەڕوو، لە منداڵیدا گوندەکەی جێهێشتووە و چووەتە شاری سنە، لە گەڕەکی "حاجیاوا" نیشتەجێ بوون.
سەمەدی باس لە ژیانی خۆی لە سەرەتای حەفتاکاندا لە حاجیاوا دەکات، کە خوێندنەکەی بەهۆی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و شەڕی 24 رۆژەی شاری سنە پچڕاوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئاوارەبوون و دوورکەوتنەوەی لە خوێندن.
دواتر ماوەی ساڵ و نیوێک خوێندنی پیشەیی بەشی کارەبای خوێندووە. پاشان چووەتە تاران و کارگەیەکی دروستکردووە کە تایبەت بووە بە کاری دەستی و دروستکردنی کەلوپەلی رووناککەرەوە. کەلوپەلە کۆن و کولتوورییەکانی کوردی وەک لەنتەر، چایەنگڵیش و لامپای نەوتی بە شێوازێکی نوێ و بە کارەبا دروست کردووەتەوە. دەڵێ، بۆ ماوەی 9 ساڵ شاگردی وەستایەکی گەورە بووە بە ناوی وەستا مەجید و لێیەوە فێری ئەم هونەرە بووە.
عەتا سەمەدی، ئێستا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا دەژی و کەسێکی چالاک و فرە کارە، شۆفێری پاسە و لەپاڵ ئەوەشدا دووکانێکی فرۆشتنی مریشکی هەیە و بەناوی کچە بچکۆلەکەی "مێلۆدی" ناوی ناوە.
سەمەدی باس لە ئەزموونی کارکردنی وەک شۆفێری پاس لە ئەڵمانیا دەکات و دەڵێ، دوای تەواوکردنی خوولێکی راهێنان، دەستی بەم کارە کردووە؛ لە سەرەتادا، کارەکە زەحمەت بووە و رووبەڕووی ئاستەنگی وەک نەزانینی رێگەکان، شوێنی راگرتنی پاس و کارکردنی شەوانە بووەتەوە، بەڵام زوو خۆی گونجاندووە و شارەزایی پەیدا کردووە.
ئەو لە کاری رۆژانەیدا وەک شۆفێری پاس گرنگییەکی زۆر بە مامەڵەی جوان و پاکوخاوێنی دەدات، بەتایبەتی لە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵاندا، کاتێک کارتی پاس لەبیردەکەن، ئەو بە نەرمی رەفتاریان لەگەڵ دەکات و پێیان دەڵێت، رۆژی دواتر لەگەڵ خۆیاندا بیهێنن. ئەو وەک شۆفێرێکی پاسی رووخۆش بۆ زۆر لە دانیشتووانی شارەکەی کەسێکی ناسراوە.
بێجگە لە کاری شۆفێریی پاس، لەگەڵ هاوژینەکەی بەیەکەوە لەنێو سەنتەری شارەکەیان کۆشکێکی فرۆشتنی مریشکی برژاویان هەیە. سەمەدی بە دڵخۆشیەوە پێشوازی لە کڕیارەکانی دەکات و لەگەڵ ئامادەکردنی مریشکی برژاو، گۆرانییش دەڵێت و باس لەوە دەکات کە ئەو کارە هەمەجۆرانە وایلێدەکات بێزار نەبێت.