رووداو دیجیتاڵ
ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤێنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رەوایەتی بە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەدات و دەڵێت: "ئێمە نامانەوێ ئۆکراینا خاپوور بکەین، یان داگیری بکەین. تەنیا دەمانەوێ بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانیمان بکەین و بەرگری لە برا رووسەکانمان بکەین لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا".
سەبارەت بە گفتوگۆکانی نێوان رووسیا و ئۆکرایناش دەڵێت: "ئێمە دانوستاندنمان دەوێت. تائێستا گوێیان لە ئێمە نەدەگرت. ئێستا کە گوێدەگرن کات بەسەرچووە. سەرەتا وا دانرابوو یەکەمجار رۆژی هەینی پێکەوە دانیشین. رازیبوون بێن، بەڵام نەهاتن. ئۆپەراسیۆنی سەربازیش لەو کاتەدا وەستێنرابوو. ئەوە تەنیا فێڵکردن بوو. ئێمەش گوتمان لەمەودوا هەرچەند دانوستاندن ئەنجامبدرێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناوەستێنین. پشت بەوە مەبەستن! ئەگەر دەتانەوێ قسە بکەن وەرن بەڵام تێبگەن کات لەبەرژەوەندی ئێوەدا نییە کاتێک دانوستاندن دەکەین".
باڵیۆزی رووسیا لە عێراق باسی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ رووسیا دەکات و دەڵێت: "بایی 14 ملیار دۆلار وەربەهێنمان لە عێراق هەیە، کە دوو ملیار دۆلاری لە هەرێمی کوردستانە و سەرجەم وەربەرهێنانەش لە بواری وزەدایە".
سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی لەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوتی رووسیا، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانمان نەبووە لە عێراق، چونکە، بە سادەیی، هێشتا جێبەجێنەکراوە"
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سوپاس بۆ ئەو کاتەی بە ئێمەت بەخشی.
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەخێربێن، بەخێربێن دۆستانمان لە کەناڵی رووداو. خۆشحاڵم کە لانی کەم ئەمە سێیەمجارە چاوم پێتان دەکەوێت لەو کاتەوە کە هاتوومە عێراق. خۆشحاڵم وەڵامی پرسیارەکانتان بدەمەوە بۆ دۆستانی بینەرمان لە کوردستان.
رووداو: بەدرێژایی مێژوو رووسیا پەیوەندی باشی هەبووە لەگەڵ عێراق. بەڵام ئەگەر لە پەیوەندییەکانی ئێستا بڕوانی، ئەم پەیوەندییانە هێندە گەرموگوڕ نین وەک جاران. پێتوایە بۆچی وایە؟
عێراقی ئێستا ئەو عێراقە نییە کە لە رابردوودا هەبوو
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەمە پرسیارێکی باشە، بەڵام رەنگە پێویست بکات تەنیا ئاڕاستەی رووسیا نەکرێت، بەڵکو ئاڕاستەی عێراقیش بکرێت. چونکە عێراقی ئێستا ئەو عێراقە نییە کە لە رابردوودا هەبوو. شتەکان دەگۆڕێن. رووسیاش یەکێتیی سۆڤیێتی جاران نییە. سەرەڕای ئەوەش، رەشبینانە لەم بابەتە ناڕوانم، بەڵکو گەشبینانە دەڵێم سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییە مێژووییەکان، رەوشی ئاڵۆزی ناوچەکە، هەموو ئەو کێشانەی تووشی عێراق بوون و تووشی رووسیا بوون، هێشتا دوو وڵاتی دۆستین و پەیوەندی نزیکمان هەیە. جگە لە هەبوونی گفتوگۆی سیاسی پێشکەوتوو و هاوسۆزی.
رووداو: چ شتێک وایکرد ئێستا پەیوەندییەکان جیاوازبن؟ لە روانگەی ئێوەوە.
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ. پێویستە پسپۆڕان و کەسانی ئەکادیمی لەسەر مێز گەنگەشەی ئەم بابەتە بکەن. بەڵام بە کورتی دەڵێم هۆکار ئەوەیە سەردەمەکە گۆڕاوە. پێشتر یەکێتی سۆڤێت هەبوو، کۆماری عێراقیش حوکمڕانی دیکەی هەبوو. ئێستا رووسیای فیدڕاڵ هەیە، کۆماری عێراقیش هەیە بەڵام بە هەبوونی بارودۆخێکی زۆر جیاواز لە ناو وڵاتەکەدا و سیستمێکی سیاسیی جیاواز، لەگەڵ بارودۆخی جیاوازی هەرێمایەتی. بە گشتی بارودۆخەکە لە جیهاندا جیاوازە. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش ئەو پەیوەندییانە لەبیر ناکەین کە لە رابردوودا هەمانبوون. ئەو بناخەیەی هەمانە لە پەیوەندییە کۆنەکانەوە بە میرات بۆمان ماوەتەوە و وادەکات ئەمڕۆ هەست بە ئاسوودەیی بکەین.
رووداو: بەپێی ئەو ژمارانەی لەبەردەستمدان،بەهای وەبەرهێنانی رووسیا لە عێراق دەگاتە 13 ملیار دۆلار. ئەگەر داتاکە هەڵەیە بۆم راست بکەوە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەخۆشحاڵییەوە بۆت راست دەکەمەوە. رێژەکە زۆرترە.
رووداو: زۆرترە؟ باشە.
ئێلبروس کوتراشێڤ: کەمێک زۆرترە.
قەبارەی وەبەرهێنانمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان 14 ملیار دۆلارە
رووداو: باشە. ژمارەکە چەندە و رێژەی چەندی ئەو وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و چەندی لە ناوچەکانی دیکەی عێراقە؟
وەبەرهێنانمان لە کوردستان لانیکەم دوو ملیار دۆلارە
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەگوێرەی داتای ئێمە رێژەی وەبەرهێنان بەهاکەی 14 ملیار دۆلارە. کەواتە نزیکە لەو ژمارەیەی تۆ ئاماژەت پێکرد. زۆربەی وەبەرهێنانەکە لە پرۆژەکانماندایە لە باشووری عێراق. بەشێکیشی لە کوردستانە. بەداخەوە ژمارەی دروستم لەلانییە بەهۆی ئەم چەند هەفتە ئاڵۆزەوە، چ پەیوەست بە رەوشی پرۆسەی سیاسی لە عێراق یان پەیوەست بە رەوشی ئۆکراینا. ئەمە وایکردووە بەدواداچوونمان بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ عێراق کەمێک خستبێتە لاوە. بەڵام پێموایە وەبەرهێنانمان لە کوردستان لانیکەم دوو ملیار دۆلارە.
رووداو: دوو ملیار، دەزانی بە دیاریکراوی لە چ بوارێکدایە؟ نەوت و گاز یان کەرتەکانی دیکەش؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: نزیکەی هەمووی لە کەرتی نەوت و گازدایە. هەم لە کوردستان هەم لە بەشەکانی دیکەی عێراق. بەداخەوە وەبەرهێنانمان لە کەرتەکانی دیکە کەمە، بەڵام کاردەکەین بۆ ئەوەی زۆرتری بکەین. هەندێ بیرۆکە و پلانی هاوبەشمان هەن، ئەگەر بەباشی بچنە پێش، رێژەی وەبەرهێنان زیاد دەکات.
رووداو: دەتوانی باسی ئەو بیرۆکانەمان بۆ بکەی؟ چ بوارێکی دیکە هەیە کە سەرنجی ئێوەی راکێشابێ بۆ وەبەرهێنان لە عێراق؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: راستییەکەی، دەتوانین باسی هەموو بوارەکانی پیشەسازی بکەین لە عێراق. کێشەکە ئەوەیە ئەم رەوشەی ئێستا عێراقی تێکەوتووە زۆر هاندەرنییە بۆ راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی. ئەمە ئاستەنگی سەرەکییە کە دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکەین. ئەوە جگە لە کێشەکانی دیکە کە ئەوانیش پێویستیان بە سەرنجی حکومەت و بایەخپێدانیانە. بەڵام وەک پێشتر گوتم، خاڵی سەرەکی ئەوەیە ئیرادەی سیاسی باشمان هەیە بۆ ئەو کارە. لەبارەی بابەتی دیکەش وەکو دۆخی بازار، رێژەی ئاڵوگۆڕ و بانک و ئەو گەمارۆیانەی لەسەر رووسیا دانراون، بابەتگەلێکن دەتوانین کاریان لەسەر بکەین.
رووداو: کاتێک دەڵێی رەوشی عێراق زۆر هاندەرنییە بۆ وەبەرهێنان، مەبەستت چییە بەدیاریکراوی؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: پێش هەموو شتێک رەوشی ئەمنی. شتێکی زانراوە کە هەر وەبەرهێنەرێکی بیانی کە هەوڵدەدات لە هەر کەرتێکدا پارەکەی بخاتە وەبەرهێنانەوە، ئەوە لەبەرچاودەگرێت کە 20٪ بۆ 25٪ی داهاتی وەبەرهێنانەکەی بۆ دابینکردنی ئاسایش دەڕوات. ئەوە زۆر زۆرە.
رووداو: رەوشی سیاسی لە عێراق کاریگەری هەیە لەسەر راکێشانی وەبەرهێنان بۆ عێراق؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: مەبەستت رەوشی سیاسی عێراقە؟
رووداو: بەڵێ عێراق.
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەگەر بە ڕاشکاوی قسە بکەم، ناتوانرێت رەوشی سیاسی بە وشەیەک باسبکرێ. بێگومان رەوشی سیاسی ناوخۆی عێراق بەم هەموو ناسەقامگیرییەوە، وەک دەزانرێ دوای هەموو هەڵبژاردنێک کێشەی پێکهێنانی حکومەت هەیە، ئەمە هاندەر نییە. لەلایەکی دیکەشەوە، وەک گوتم، ئێمە لە عێراق هەستدەکەین ژینگەیەکی دۆستانە هەیە. باسی رێکخراوە تیرۆرستییەکان ناکەم کە هەموو خەڵکی جیهان بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، بە خەڵکی عێراقیشەوە.
ئەگەر باسی کۆمەڵگەی عێراقی و دەوڵەتی عێراق و حکومەتی عێراق بکەین، ئێمە بەگڕوتینین بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵیان و بەدەستهێنانی پشتگیری ئەوان بۆ کارکردنمان لە عێراق.
رووداو: هیچ داتایەکتان لەبەردەستە، کە چەند کۆمپانیا و چەند هاووڵاتی رووسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاردەکەن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەگەر باسی کۆمپانیا گەورەکان بکەین، سێ کۆمپانیای گەورەمان لە باشووری عێراق کاردەکەن. لوک ئۆیڵ، گازپڕۆم نەفت و باشنەفت. چەند سەت کەسێکمان لە هەر یەک لەو کۆمپانیایانە کاردەکەن. وەک باسمکرد، ئەگەر رەوەشی ئەمنی ئەم وڵاتە لەبەرچاوبگرین ئەم ژمارەیە زۆر گەورەیە. ئەوە نموونەیەکی باشە بۆ ئیرادەی رژدمان بۆ کارکردن لەم وڵاتە و بەرەوپێشبردنی هاوئاهەنگی دوولایەنەمان. هیوادارم ئەم ژمارەیە زیادبکات، نەک بە پێچەوانەوە. سەردەمی یەکێتی سۆڤێت هەزاران هاووڵاتیمان لێرەبوون. هێشتا زۆر شت هەن بیریان لێبکەینەوە و زۆر کار هەن ئەنجامبدرێن.
بەداخەوە قەبارەی بازرگانیمان لە عێراق زۆر کەمە
رووداو: قەبارەی بازرگانی نێوان رووسیا و عێراق چەندە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەداخەوە قەبارەی بازرگانی زۆر کەمە. بەتایبەتی لەدوای بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنا. تەنانەت شایەنی ئەوە نییە لەم گفتوگۆیەدا باسبکرێت. بازرگانیی راستەوخۆ زۆر نییە، کاردەکەین بۆ زیادکردنی. عێراق ئارەزوودەکات کەلوپەل لە رووسیا بکڕێت و کەلوپەلیش هەناردە بکات بۆ رووسیا. ئەمە دەبێ پێش هەمووان بازرگانان کاری لەسەر بکەن. ئێمە وەک دەستەیەکی حکومی، وەک باڵیۆزی رووسیا و وەک وەزارەتی کاروباری دەرەوەی رووسیا ئامادەین هاندەربین. بەڵام پێویستە سەرەتا بازرگانان قسەی خۆیان هەبێت. ئێستا ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ بازرگانانی هەردوو لا بۆ کارکردن لەسەر ئەم بابەتە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێژەی بازرگانی زۆر کەمە.
رووداو: ئایا پێش کۆڕۆناش کەم بوو؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: هێندە کەم نەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنی کۆڕۆنا زۆر کەمبووەوە. بۆ نموونە رێژەی هەناردەی عێراق بۆ رووسیا بۆ رێژەیەکی زۆر کەم دابەزی. ئێستا بازرگانییەکە زۆرتر هاتنی کەلوپەلی رووسییە بۆ عێراق.
رووداو: دڵنیام ئاگاداری بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراقی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی رەتکردەوە. بڕیارەکە رووبەرووی رەخنەبووەوە لەلایەن کورد و سوننەوە. ئەم بڕیارە چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر کاری کۆمپانیا رووسەکان لە هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی ئەو کۆمپانیایانەی لە پیشەسازی نەوت و گازدا کاردەکەن؟
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیی عێراق تائێستا هیچ کاریگەریی لەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانمان نەبووە لە عێراق
ئێلبروس کوتراشێڤ: شتێک کە هیچ باڵیۆزێک نایەوێت، گەنگەشەکردنی یاسا نێوخۆییەکان و بڕیاردانە لەسەر باشی و خراپییان. بۆ ئێمە شتێکی پێشبینینەکراو بوو. تاوەکو ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارکردنی کۆمپانیاکانمان نەبووە لە عێراق، چونکە، بە سادەیی، هێشتا جێبەجێنەکراوە. ئەوە مافێکی سەروەری حکومەتی عێراقە مامەڵە لەگەڵ ئەم مژارەدا بکات. هیوادارم بەوجۆرەی کە کاری لەسەر دەکەن زیانبەخش نەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سوودی بۆ هەمووان هەبێت. ئەوە ئاواتی ئێمەیە. لەبارەی دەرەنجامی کرداریش، وەک باسمکرد، هێشتا زووە باسی بکەین.
رووداو: ناوەندی ئاڵوگۆڕی هەواڵگری، کە رووسیا، عێراق. ئێران و سووریا تێیدا ئەندامن، ئایا هێشتا ئەو ناوەندە لەکاردایە؟ رووسیا چ ئەرکێکی هەیە لەو ناوەندەدا بۆ دابینکردنی زانیاری هەواڵگری بۆ ئەو وڵاتانە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەو ناوەندە لە کاردایە و لەو کاتەوەی هاتوومە عێراق دووجار سەردانم کردووە. جاری یەکەم تەنیا سەردانێکی پڕۆتۆکۆڵی بوو. جاری دووەم لەوێ کۆبوونەوەم هەبوو لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، بەرێز ئەعرەجی. لەوێ گوێمان لە راپۆرتی هەموو وەفدەکان گرت. هاوڕابووین کە ناوەندێکی زۆر باشە و زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی نیشتمانی و رووبەرووبوونەوەی داعش. بۆیە دەبێ ئەو ناوەندە بەردەوام بێت لە کارکردن. تەنانەت پسپۆڕانیش لەوێ باسی ئەوەیان کرد؛ لەبەرئەوەی داعش هێشتا ماوە لەم وڵاتە و لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش، هەبوونی ناوەندی لەمجۆرە زۆر گرنگە. هەروەها ئەنجامی کارکردنی ناوەندەکەش زۆر ئەرێنییە. کەواتە بۆ لێنەگەرێین کارەکەیان بکەن؟
رووداو: ئەو بەرپرسە رووسیانەی لەو ناوەندەدا کار دەکەن چ دەکەن بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی ناوچەکە لەرووی ئاسایش و شەڕی دژی تیرۆر؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئێستا دەتوانین تەنیا باسی ئەو وڵاتانە بکەین کە ئەندامن لە ناوەندەکە. هەڵوێستی وڵاتانی دیکە نازانم. کە گوتم وڵاتانی دیکە، مەبەستم ئەوەیە داعش هەڕەشەیەکی هاوبەشە بۆ هەمووان. بۆ نموونە دەزانین داعش لە ئەفغانستان هەیە، کە مەترسییە تەنانەت بۆ سەر تاڵیبانیش. داعش لە ئەفریقا هەیە کە شانۆیەکی نوێیە بۆ چالاکییەکانی. داعش لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و چەند ناوچەیەکی دیکەش هەیە. لەو رووەوە، ئێمە وەک رووسیا بۆ چالاکی دژە تیرۆر ئامادەین هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو لایەنێک بکەین لە جیهاندا. جا ئەم کارە لەو ناوەندەی بەغدا دەکرێت یان نا؟ نازانم. پێموایە پێویستە ئەم پرسیارە لەهەموو وڵاتانی ئەندام لە ناوەندەکە بکرێت. تاوەکو ئێستا ئەم بابەتە لەسەر هیچ مێزێک گەنگەشە نەکراوە. تۆ یەکەم کەسیت کە ئاماژەی بۆ بکەی. رەنگە کارێکی باشت کردبێت.
رووداو: باشە. هیچ خواستێک هەیە بۆ فراوانکردنی و بانگهێشتکردنی وڵاتانی دیکە بۆ ناو ناوەندەکە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: وەک گوتم، هەر کەسێک بەم دەستپێشخەرییەوە بێت، دەتوانرێ لێی بڕوانرێ، بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی هەموو ئەندامەکان. من وەکو باڵیۆزی رووسیا هیچ کێشەیەک لەوەدا نابینم. بەڵام من بەرپرسی دەزگای هەواڵگری نیم. با ئەوان لەسەر ئەم بابەتە قسەی خۆیان بکەن. تاوەکو ئەم کاتە هەموویان وەک تیمێکی گەورە لە ژینگەیەکی زۆر دۆستانەدا کاردەکەن. لەبەرئەوە ئەنجامی کارەکەیان باش و ئەرێنیە و داهاتوویان گەشە.
رووداو: مەبەستت چییە ئەنجامی کارەکەیان باش و ئەرێنییە؟ هیچ شتێکی بەرجەستە هەیە، کە بتوانین بە مەیدانی بیبینین لە کارەکەیاندا؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: پێموایە هەموومان دەتوانین بیبینین. هەرچەندە داعش هەوڵدەدات بگەڕێتەوە، شکست دەهێنێت، ئەوەش بەشێکی بەهۆی کاری ناوەندی زانیاری هەواڵگری بەغدایە.
رووداو: دواتر دەگەڕێمەوە سەر باسی داعش، ئێستا دەمەوێ پرسیار بکەم لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتەکەتان بۆ بونیادنانی ناوەندێکی کولتووری لێرە لە بەغدا، ئایا هیچ پلانێک هەیە بۆ بونیادنانی ناوەندی هاوشێوە، ناوەندی کولتووری لە هەولێر یان هەرێمی کوردستان؟
بەڵێنمان بە مام جەلال دا، کە ناوەندێکی کولتووری لە سلێمانی بکەینەوە
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەداخەوە پلانی بونیادنان یان کردنەوەی ناوەندی کولتووریم لە بەغدا نەبیستووە. ئەگەر پلانی لەوجۆرە هەبێت، بە خۆشحاڵییەوە پشتگیری دەکەم. ئێستا لەبەر هۆکاری ئەمنی، باڵیۆزخانەکەمان لە شوێنێکی لەمجۆرەیە کە وەک دەبینی، لە بارودۆخێکی تووندوتۆڵداین. ئەگەر بتوانین باڵیۆزخانەکەمان بگوازینەوە بۆ شوێنێکی نوێ، بەجۆرێ گەورەتر و ئاسوودەتربێت، ئەوە دەتوانین لە بنکەی باڵیۆزخانە نوێیەکەمان ناوەندیی کولتووریش بکەینەوە. ئەگەر ئەو کارە بکەین کە کارێکی سرووشتی هەر باڵیۆزخانەیەکە، دەتوانرێ بە ناوەندی کولتووری یان بەشی کولتووری باڵیۆزخانە ناوببرێ. ئەو بەشە سەر بەو ئەرکە دیپلۆماتییە دەبێت کە مامەڵە لەگەڵ پێشخستنی هاوئاهەنگی کولتووری دەکات.
لەبارەی هەولێریش، تاوەکو ئێستا پلانمان نییە ناوەندیی کولتووری بکەینەوە. رەنگە لە داهاتوودا بپەرژێینە سەر ئەم بابەتە. لەوێ کونسوڵخانەمان هەیە. ساڵانێکی زۆر لەمەوبەر کاتێک بڕیاری کردنەوەی کونسوڵخانەمان دا لە هەولێر، بەڵێنمان بە مام جەلال دا، خوا لێی خۆشبێت، کە ناوەندێکی کولتووری لە سلێمانی بکەینەوە. هێشتا نەمانکردووەتەوە. کەواتە ئەگەر ئەو ناوەندە بکەینەوە، پێموایە لە سلێمانی دەیکەینەوە.
رووداو: هێشتا پلانتان هەیە بیکەنەوە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: دەزانی، من ئەندامی ئەو شاندە رووسییە بووم کە ئەو بەڵێنەی دا لە ساڵی 2004 یان 2005. لەو کاتەوە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم. هەرچەندە بەڵێنی من نەبوو، بەڵام بە ئامادەبوونی من درا. با چاوەڕێبین. ئێمە پەیوەندیی کولتووری باشمان لەگەڵ عێراق هەیە. ئەوەش بەشێکی بەهۆی چالاکییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤێتەوەیە لەلایەن هەردوو لاوە. لەو رووەوە میراتێکی باشمان بۆ جێماوە. هەرچی زووتر بۆمان بڕەخسێ، لەرووی ئەرکە دیپلۆماسیەکەمان لە عێراق، کە بتوانین زۆرتر رووب کەینە بابەتی کولتووری، دەیکەین.
رووداو: کورسیی خوێندنتان هەیە بۆ خوێندکارانی عێراق بۆ ئەوەی لە زانکۆکانی رووسیا بخوێنن؟
نزیکەی 220 کورسیی خوێندنمان هەیە بۆ عێراق، جگە لە 35 کورسی بۆ کوردستانی عێراق
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەدڵنیاییەوە. بودجەی تایبەتمان هەیە بۆ خوێندکارانی زۆربەی وڵاتانی جیهان. ئەگەر باسی عێراق بکەین، نزیکەی 220 کورسیی خوێندنمان هەیە، جگە لە 35 کورسی بۆ کوردستانی عێراق.
رووداو: هێشتا بەردەوامە؟ ئەم پرۆژەیە هێشتا کارایە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەڵێ بەردەوامە. ئێمە وەک یەک وڵاتی یەکگرتوو لە عێراق دەڕوانین. پرۆژەکە بۆ هەموو عێراقە. بەڵام بۆ ئەوەی هەمووان ئەرخەیان بن، دەڵێین ئەمە پشکی عێراقە. لەو پشکە ئەم رێژەیەی بەشی کوردستانە.بەمجۆرە هەولێر و بەغدا هەردوولا رەزامەند دەبن.
رووداو: پلانتان هەیە ئەو ژمارەیە زۆرتر بکەن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: پێموایە ئەو ژمارەیە بەشێوەیەکی خۆڕسک زیاد دەکات. چونکە ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە زیادبووندایە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، کوردستان دەیەوێ لە ڕێی کەرتی تایبەتەوە چەند بەنداوێک دروست بکات. چوار لە بەنداوە گەورەکانی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکانی یەکێتی سۆڤیێت بونیادنراون. هیچ پلانێک هەیە کۆمپانیاکانی رووسیا بەنداوی نوێ لە هەرێمی کوردستان بونیادبنێن؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بەداخەوە هیچ لە بەنداو نازانم. بە گشتی دەزانم بیرۆکە هەن بۆ پێشخستنی هاوئاهەنگیمان لە بواری ئاودا. ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی مانگی ئابی نێوان هەردوو حکومەت لە مۆسکۆ گەنگەشە کرا. ئایا سەرکەوتووبوون لە بەرەوپێشبردنی بیرۆکەکە یان نا، زانیاریم نییە بەداخەوە. بە هەر حاڵ ئەم بابەتە لەئارادایە. پشت بە هەردوولا دەبەستێت کە بەرەوپێشی ببەن بەمجۆرە یان بەوجۆرە، بەخێرایی یان بە هێواشی. بەڵام هاوڕام لەگەڵت کە ئەم بابەتە زۆر گرنگە بۆ عێراق.
رووداو: با باسی رەوشی سیاسی بکەین لە عێراق! رەوشی سیاسی لە عێراق چۆن دەبینی؟ بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: وەک هەموو هاووڵاتیانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش، وەک هەموو ئەندامانی دیکەی شاندە دیپلۆماتییەکان، چاوەڕێی پێکهاتنی حکومەتی نوێم. چاوەڕێین بزانین چۆن پێکدێت. هیوادارین پێکهاتنی حکومەت زۆر درێژە نەکێشێ.
رووداو: هیچ شتێک هەیە حکومەتی ئێوە بیکات بۆ یارمەتیدانی عێراقییەکان بۆ ئەوەی بگەنە دۆخێک کە بتوانن حکومەتی نوێ پێکبهێنن؟
عێراقییەکان لە پێگەیەکدانین کە داوای یارمەتی لە هیچ لایەنێک بکەن
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەگەر راشکاو بم، عێراقییەکان لە پێگەیەکدانین کە داوای یارمەتی لە هیچ لایەنێک بکەن. لایەنە سەرەکییەکانی نێو پرۆسەکە زۆر باش دەزانن چۆن دەکرێ و چ ئاستەنگێکیان دێتە پێش. پرسیارەکە هەرگیز ئەوە نییە کەسێک بێت و بۆ عێراقییەکانی روونبکاتەوە کە بە خێرایی پێویستیان بە پێکهێنانی حکومەتە و چۆن ئەو حکومەتە پێکبهێنن. لەم رووەوە پێویست ناکات ئێمە هیچ بکەین. وەک باسمکرد، ئێمە دەستوەرنادەینە کاروباری نێوخۆیی. پێکهێنانی حکومەت پێویستە بڕیارێکی خاوەن سەروەری خەڵکی عێراق بێت. بەڵام ئەوەی ئێمە وەک هاوڕێ دەیکەین، چاومان لەسەر رووداوەکان دەبێت، چاودێری هەموو شتێک دەکین، شرۆڤەی هەموو شتێک دەکەین، قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین و بۆچوونی خۆمان دەخەینە روو. هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە تاوەکو پێکهێنانی حکومەت درێژە بکێشێت، چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابووریەکان بۆ عێراقییەکان قورستر دەبێت. تاوەکو خێراتر بێت باشترە. بەڵام دیسان دەڵێم بڕیارەکە پێویستە لەلایەن عێراقییەکانەوە بدرێت. چونکە گرنگە حکومەت بەهێز و پتەوبێت. ئەگەر وانەبێت، باش نابێت.
رووداو: لەبارەی دەستتێوەردان، لە هەڤپەیڤینێکی ئەم دواییانەدا ئاماژەت بەوە کرد کە نیگەرانی دەستتێوەردانی لە عێراق. دەتوانی باسی بکەی کە نیگەرانی چ جۆرە دەستتێوەردانێکی لە عێراق؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: مەبەستت کام هەڤپەیڤینەیە؟ ئەوەی چەند رۆژێک لەمەوبەر؟
رووداو: بەڵێ.
ئێلبروس کوتراشێڤ: باش دەزانرێ کە عێراق بە تەنیا نییە. وڵاتگەلێک هەن کە رۆڵی گرنگ دەگێڕن لەو رووداوانەی لێرە روودەدەن. بەشێوەی سەرەکیش ئێران و ئەمریکان. بەڵام جگە لەوان، وڵاتی دیکەش هەن، لە راستیدا، دراوسێکانی عێراق لە جیهانی عەرەبی لەگەڵ تورکیا، هەموویان رۆڵی خۆیان لە رووداوەکانی عێراقدا دەگێڕن. بەشێکی لەبەر ئەوەیە ئەو وڵاتانە بایەخ بە بەرژەوەندیی خۆیان دەدەن لەم وڵاتە و لە ناوچەکەش. بەڵام بەشێکیشی لەبەرئەوەیە کە عێراقییەکان ناتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن. پەنا بۆ یاریزانی دەرەکی دەبەن بۆ پشتگیری و نێوبژیوانی. بە پێویستی نازانم باڵیۆزی رووسیا بۆ خەڵکی عێراقی روونبکاتەوە ئەمە چۆن روودەدات. دەبێ من لە عێراقیان بپرسم چۆن روودەدات و هەستیان چۆنە؟ باوەڕی پتەوی ئێمە ئەوەیە دەستتێوەردان لەپێناو دەستتێوەردان باش نییە. بەڵام هەندێجار دەکرێ ئەرێنی بێت.
رووداو:چۆن ئەرێنی بێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: لەرووی مێژووییەوە، هەندێ دەستوەردان لە دەوڵەتی هاوپەیمان یارمەتیدەربووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. نامەوێ بچمە قوڵایی ئەم بابەتە بۆ ئەوەی لە عێراق دوورنەکەوینەوە. وەک گوتم ئێمە ئامادەین یارمەتی عێراق بە بیرۆکە و بۆچوونەکانمان بدەین ئەگەر بیانەوێت، بەڵام بەنیازنین دەستوەربدەینە ئەم بابەتانەوە. هەمیشە دەڵێم خۆشحاڵم کە چاودێری چۆنێتی پێکهاتنی حکومەتی عێراق دەکەم. ئەمە بەرپرسیارێتی منە و راپۆرتەکە دەگەیێنمە حکومەتەکەم. بەڵام پێویستناکات هیچ بکەم پەیوەست بە پێکهاتنی حکومەتی عێراق. ئەم ئەرکە بۆ خەڵکی عێراق جێدەهێڵین.
رووداو: ئەی چ دەستتێوەردانێکی ئەمریکا و ئێران نیگەرانت دەکات؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: نیگەرانین لەوەی ئەو دوو وڵاتە عێراق وەک مەیدانی پێکدادان بەکاربهێنن. دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا هەردوو لا بەرژەوەندییان لەوەدایە عێراق سەقامگیربێت. چونکە عێراقی ناسەقامگیر نە لەبەرژەوەندیی ئێران و نە لە بەرژەوەندیی ئەمریکادایە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان دوو وڵاتی دەرەکین لە عێراق. ئەگەر رۆڵی گەورە ببینین لە عێراق مانای ئەوەیە رۆڵی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیدا زۆر گەورە نییە. لەبەرئەوەیە دەڵێم لە درێژخایەندا پشتگیری رۆڵی لە راددەبەدەر ناکەین لە کاروباری نێوخۆیی عێراق. وەک گوتم، هەوڵنادەم کەس تۆمەتبار بکەم. بەپێچەوانەوە، وەک دەبینی واشنتن و تاران دەیانەوێت عێراق لەم کێشەی پێکهێنانی حکومەتە بێتە دەرەوە و تەواو ببێت. رەنگە بۆچوونی جیاوازیان هەبێت لەسەر چۆنێتی پێکهاتنی حکومەت، بەڵام لەم بارودۆخەی ئێستا بەرژەوەندییان لەوەدا نییە عێراق بکەنە مەیدانی شەڕی نێوانیان. بەڵام کێ دەزانێ. باش دەزانرێ واشنتن و تاران هەرچەندە پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە، بەڵام هێشتا پەیوەندییان لەنێواندا هەر هەیە. ئەو پەیوەندییانە بەزۆری گرژن. کێشەی گەورەشیان لەنێواندا هەیە. کەواتە، ئەگەر هەر شتێک رووبدات و دۆخەکە تێکبچێت، چەندین وڵاتی دیکە کە هیچ پەیوەندییان بە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە نییە، دەبێ باجەکەی بدەن.
رووداو: هەڵوێستی رووسیا چییە لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی؟ ئەوە چۆن کاریگەری لەسەر رەوشی عێراق دەبێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: لە ڤیەننا پشتگیری گفتوگۆ دەکەین و رۆڵی نێوبژیوانمان هەیە. کە زۆر گرنگە. لانی کەم تاوەکو سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆکراینا، هەموو لایەنەکان سوپاسگوزاری رووسیابوون.
رووداو: باباسی مژارە گەورەکە بکەین؛ کێشەی رووسیا و ئۆکراینا. ئامانجی ئەم لەشکرکێشییەی هێزەکانی رووسیا چییە بۆ سەر ئۆکراینا؟
هێزێکی سیاسی تووندئاژۆ، شۆڤێنیست و نازی لە ئۆکراینا دەسەڵاتی گرتەدەست
ئێلبروس کوتراشێڤ: درامایەکی گەورەیە بۆ ئێمە. ئۆکراینا دەوڵەتێکی برایانە و دۆستە بۆ خەڵکی رووس. لەراستیدا رووسی و ئۆکراینی سەر بە یەک گەلن. لەرووی مێژووییەوە، هەمان رەچەڵەکمان هەیە. ئۆکراینا وەک وڵات، رووسیا وەک وڵات و بیلارووس وەک وڵات دروست بوون بەهۆی چەند پرۆسەیەکی مێژوویی و رووداو کە لەسەردەمی دەوڵەتی یەکگرتووی رووسیای دێرین روویاندا. وەک گوتم، ئێمە هەمان بنەچەمان هەیە و بە نزیکەیی هەموومان بە یەک زمان قسە دەکەین، بە چەند جیاوازییەکەوە، بەڵام بە هەر حاڵ، رووسی و ئۆکراینی وەک گروپی ئیتنیکی هەمان ئاینیان هەیە. ساڵی 2014 کاتێک کودەتایان کرد، حکومەتی کیێڤیان سەرەوبن کرد، حکومەتی خۆیان پێکهێنا. ئەو ساتە بوو کە نەک تەنیا ئانارکی لە کیێڤ سەریهەڵدا، بەڵکو ئەو ساتەش بوو کە هێزێکی سیاسی تووندئاژۆ، شۆڤێنیست و نازی لە ئۆکراینا دەسەڵاتی گرتە دەست. یەکەم شت کە کردیان، کە شتێکی زۆر گەمژانە بوو، بەڵام زۆر سووربوون لەسەری، زمانی رووسیان قەدەخە کرد لە ئۆکراینا. ئۆکراینا هەمیشە دوو زمان بووە. لەو کاتەوەی سەربەخۆیی بەدەستهێناوە دوو زمانی تێدابووە؛ رووسی و ئۆکراینی. تۆ وەک کوردێک لە عێراق رەنگە لێم تێبگەی. بیهێنە بەرچاوت حکومەتێک لە بەغدا دەسەڵات بگرێتە دەست و بڕیارێک دەربکات. ئێوە ئێستا نیگەرانن لە بڕیاری پەیوەست بە نەوت، بیهێنە بەرچاوت کەسێک بێتە سەر دەسەڵات لە بەغدا و زمانی کوردی قەدەخە بکات. زمانی کوردی لە هەموو عێراق قەدەخە بکات، نەک تەنیا لە بەغدا و بەسڕە، کە هێشتا خراپە، بەڵکو لە کوردستانیش قەدەخەی بکات.
رووداو: لە ئۆکراینا شتی وا روویداوە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ساڵی 2014 ئەوە روویدا. پێمگوتی، ئەو بەشەی ئۆکراینا هەرگیز ئۆکراینی نەبووە. ئەو بەشەی ئۆکراینا 370 ساڵ بەشێک بوو لە رووسیا و بە زمانی رووسی پارا قسە دەکەن. بەشێکی دیکە 200 ساڵ بەشێک بووە لە رووسیا. ئێستا ناتوانن بە رووسی قسە بکەن.
رووداو: لەو بەشانەی ئۆکرایبنا کەس ناتوانێ بە زمانی رووسی قسە بکات؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بە فەرمی قەدەخەیان کردووە.
رووداو: سزاکە چییە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: لە زانکۆ و قوتابخانە و میدیاکان قەدەخەکرا. ئەوە پرسیارەکەیە. خەڵکی رۆژهەڵاتیش.
رووداو: ئایا رووسیا هەوڵیدا بە دانوستاندن ئەم کێشەیە لەگەڵ حکومەتی کیێڤ چارەسەر بکات بۆ ئەوەی بارودۆخەکە ئاسان بکات بۆ ئەو رووسییانەی لەو بەشانەی ئۆکراینا دەژین؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: دانیشتووانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا پێشتر ناڕەزاییان دەربڕی. دژایەتی ئەو کودەتایەیان کرد، دژی ئەو یاسا گەمژەیە. ئەو یاسا گەمژەیەی بەسەریاندا سەپێنرا. بەرپەرچیان دایەوە. ئێوە لە عێراقن، عێراق وڵاتی ناڕەزایی دەربڕینە. خەڵک خۆپیشاندان دەکەن، شتێکی ئاساییە. لە ئۆکرایناش خۆپیشاندان ئاسایی بوو بەر لەوەی ئەم مافیایە بێتە سەر دەسەڵات. ئەو مافیایە بە خۆپیشاندان هاتە سەر دەسەڵات، خۆپیشاندانیان کرد بە قسەی خۆیان لەدژی ئەنجامی نایاسایی هەڵبژاردن. بەخۆپیشاندان دەسەڵاتیشیان گرتە دەست. دوای ئەوە هەرکەسێک خۆپیشاندانیان بەرامبەر بکات هێزی سەربازی لەدژی بەکاردەهێنن. سوپای ئۆکراینا نێردرایە سەر خۆپیشاندەران، پەنجا هەزار سەرباز و تانک و تۆپ. شەڕێکی خوێناویان دەستپێکرد. کاتێک باسی ململانێی ئۆکراینا دەکەین، باسی لەشکرکێشی رووسیات کرد، شەڕی ئۆکراینا ساڵی 2015 دەستیپێکرد. 2014. ساڵی 2014 دەستیپێکرد و تاوەکو ئەم کاتە بەردەوامە. تەنانەت دوای ئەوەش کە یاخیبووان سوپای ئۆکراینایان تێکشکاند و لەرۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردیانە دەرەوە، تەنانەت دوای ئەوەش کە رووسیا بڕیاریدا دەست لە دۆخەکە وەربدا، هێزەکان بڕیاریاندا ئاگربەست واژۆبکەن و دەست بە پرۆسەی سیاسی بکەن. کاتێک ئێمە لەگەڵ ئەڵمانیا و فەڕەنسا بڕیارماندا دەستبکەین بە گفتوگۆکانی نۆرماندی. کە رووسیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئۆکراینا بەشداربوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی مینسک. رێککەوتنەکانی مینسک لەنێوان دۆنباس و کیێڤ، بە نێوبژیوانی رووسیا، یان بە چاودێری رووسیا. ئێمە بەشێک نین لەو رێککەوتنانە. سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەمشتانە کرا بۆ گەیشتنە چارەسەرێکی سیاسی، کیێڤ هیچ هەنگاوی نەنا، بەڵکو بەردەوام بوو لە گوشاری سەربازی لەسەر رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، دۆنباس. ئەو گوشارە بەردەوام بوو تاوەکو ساتی کۆتایی. پێشئەوەی ئەم رووداوانە دەستپێبکەن، ئێمە داتای روونمان هەبوو کە دەسەڵاتی کیێڤ هەوڵی لەشکرکێشی دەدات بۆ سەر بەشەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. هەموو شتێکیان ئامادەکردبوو بۆ ئەو مەبەستە. پلانی جینۆسایدیان دانابوو لەدژی خەڵکی رۆژهەڵات. ئێمە هۆشداریمان پێدان کە ناتوانن ئەو کارە بکەن. کە هۆشداریمان پێدان، هاواریان لێ هەستا کە رووسیا هەڕەشەمان لێدەکات. ئەم رووداوانە بەمجۆرە دەستیانپێکرد. کاتێک تێگەیشتن لەوەی رژێمی کیێڤ بەنیازە چی بکات، بەبێ گوێدان بەوەی چ روودەدات و، پشتگیری بەهێزی رۆژئاوایان هەیە، کە ئەوان پاڵیانپێوەدەنێن لەرووی دروستکردنی ململانێ لەگەڵ رووسیا، دواتر دەبووایە شتێک بکەین. ناکرێ تەنیا دابنیشی و سەیر بکەی خەڵکەکەت چۆن دەکوژرێن. پێویستە شتێک بکەی. لەم رووەوە، ئەوەی ئێستا دەیکەین لە ئۆکراینا، کردارێکی ناچارییە. هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو. هیچ شوێنگرەوەیەکی دیکەمان نەبوو. بەدوای شوێنگرەوەدا گەڕاین،
رووداو: رێگەی دیپلۆماسی؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: دیپلۆماسیانە کاری سەختمان کرد. هەوڵماندا لەگەڵ ئۆکراینا قسە بکەین، شکستمان هێنا. قسەمان لەگەڵ ئەوانە کرد کە لەپشتیانن لە رۆژئاوا، گوێیان نەگرت. بەپێچەوانەوە، دەستیان کرد بە دروستکردنی پڕوپاگەندە لە دژمان و دروستکردنی گوشاری سیاسی و سەربازی.
رووداو: مەبەستت ئەمریکایە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: ئەمریکا، بەریتانیا، تا راددەیەکیش فەڕەنسا. بەشێوەی سەرەکی ئەمریکا.
رووداو: لەگەڵ ئەو هەموو گەمارۆیانەی ئێستا لەسەر رووسیا دانراون، رووسیا تا کوێ دەیەوێ بەردەوام بێت؟ ئایا رووسیا دەتوانێ بەرگەی ئەو هەموو گوشارانە بگرێ لەلایەن جیهانەوە؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: گەمارۆکان لەسەر رووسیا دانران وەک پشتگیری بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا لە ساڵی 2014ەوە. گەمارۆکان لەسەر رووسیا دانران بەرامبەر گوێگرتن لە خواستی خەڵکی کریمیا بۆ چوونەوە نێو رووسیا.
رووداو: بەڵام ئەم سزایانە جیاوازن دڵنیام. ئەم گەمارۆیانە قورستر نین؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: جیاوازییەکە ئەوەیە، لە راستیدا هیچ جیاوازییەک نییە. رۆژئاوا بەدوای ئەوەوەیە دەرفەتی نوێی بۆ بڕەخسێ بۆ سەپاندنی گەمارۆ. گەمارۆی نوێ دەسەپێنێ و ژیانمان ئاڵۆزتر دەکات، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ژیانمان ئاڵۆزتر نابێت لە چاو ساڵی 2014 کاتێک بۆ یەکەم جار تووشی ئەم دۆخە بووین. ئێستا لێی راهاتووین. سیاسییەکانی رووسیا، ئەوانەی ئەندامی پەرلەمانن، یان بەرپرسی حکومین، بۆ ئەوان شانازییە گەماڕۆیان لەسەر بێت. ئەگەر لە لیستی سزاکاندا نەبن، رەنگە کەسێک گومانیان لێ بکات کە بۆ لە لیستەکەدا نین؟ چونکە هەموو خەڵکی باش لە رووسیا لە لیستی سزاکاندان.
رووداو: ئەو گفتوگۆیانەی ئێستا لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا هەن پێتوایە دەتوانن ئەنجامێکی بەرجەستەیان هەبێت کە وا بکات رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازی بوەستێنێت لە ئۆکراین؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بێگومان، پێموایە رژێمی کیێڤ، ناڵێم رژێمی ئۆکراینا، چونکە ئێمە ئەو رژێمە نابەستینەوە بە دۆستانمان لە ئۆکراینای دراوسێمان. ئەم رژێمەی کیێڤ بەشێوەیەکی بەهێز پشتقایمە بە پشتگیری سەربازی رۆژئاوا. لەبەر ئەم هۆکارە ئەم هەموو دوژمنکارییە بەرامبەر رووسیا دەکەن. هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا دەکەن، تەنانەت هەڕەشەی بەکارهێنانی بۆمبیش دەکەن لە دژی ئێمە. بەڵام ئەوان زۆر هەڵەبوون. کاتێک ئێمە ناچارکراین ئەم ئۆپەراسیۆنە تایبەتە دەستپێبکەین لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیمان و پاراستنی براکانمان لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کاتێک دەستمانپێکرد، رژێمی ئێستا تووشی بێهیواییەکی گەورەبوو کە کەس لە رۆژئاوا نەهات بەرگرییان لێ بکات. قسەی زۆر دەکەن، دەڵێن چەکتان بۆ دەنێرین، سزای رووسیا دەدەین، ناهێڵین فڕۆکەکانی رووسیا بفڕن، ئەوە دەکەین و ئەوە دەکەین. بەڵام هێز نانێرن بۆ ئۆکراینا، چونکە نایانەوێ رووبەرووی رووسیا ببنەوە و بایەخ بەوە نادەن کە لە ئۆکراینا هەیە. ئەوە بێهیواییەکی گەورەبوو بۆ رژێمەکە. لەبەرئەوە ئەو رۆژێمە لە کۆتاییدا وەڵامی پێشنیازەکەی رووسیای دایەوە بۆ دانوستاندن.
رووداو: پێتوایە ئەو گفتوگۆیانە ئامانجیان دەبێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: نازانم، کێ دەزانێت؟ کێ دەزانێت چییان لەسەردایە؟
رووداو: بەڵام رووسیاش دەیەوێ ئەو دانوستاندنە ئەنجامیان هەبێت؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: بێگومان. ئێمە نامانەوێ ئۆکراینا خاپوور بکەین، یان داگیری بکەین. تەنیا دەمانەوێ بەرگری لە ئاسایشی نیشتمانیمان بکەین و بەرگری لە برا رووسەکانمان بکەین لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا. ئێمە ئەمەمان دەوێت. تائێستا گوێیان لە ئێمە نەدەگرت. ئێستا کە گوێدەگرن کات بەسەرچووە. سەرەتا وا دانرابوو یەکەمجار رۆژی هەینی پێکەوە دانیشین. رازیبوون بێن، بەڵام نەهاتن. ئۆپەراسیۆنی سەربازیش لەو کاتەدا وەستێنرابوو. ئەوە تەنیا فێڵکردن بوو. ئێمەش گوتمان لەمەودوا هەرچەند دانوستاندن ئەنجامبدرێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی ناوەستێنین. پشت بەوە مەبەستن! ئەگەر دەتانەوێ قسە بکەن وەرن بەڵام تێبگەن کات لەبەرژەوەندی ئێوەدا نییە کاتێک دانوستاندن دەکەین. ئێمە رژدین لەسەر دانوستاندن و چەند داواکارییەکمان هەن لە حکومەتی ئۆکراینا. ئەم داواکارییانە وەک ئامانجی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکەمان هەر لەسەرەتاوە راگەیەندران. ئێمە دەڵێین یەکەم پێویستە ئۆکراینا لەچەک دابماڵرێت. واتە هەموو چەکانەی رۆژئاوا کە سەقامگیر و ئاسایشی رووسیا دەکەنە ئامانج پێویستە نەمێنن. نابێ هیچ پسپۆڕێکی سەربازی رۆژئاوایی لە ئۆکراینا هەبێت. هیچ گفتوگۆیەکیش نەکرێت لەبارەی ئەندامبوونی ئۆکراینا لە یەکێتیی ئەوروپا. پێویستە ئۆکراینا وڵاتێکی بێلایەن بێت. نامانەوێ ئۆکراینا لەژێر دەستی ناتۆ بێت، ناشمانەوێت لەژێر دەستی ئێمە بێت، با بێلایەن بێت. ئاوا باشترە بۆ ئۆکراینا. ئەمە داواکاری یەکەم و دووەمی ئێمە بووە. حکومەتی ئۆکراینا پێویستە واز لە هەموو توخمێکی رەگەزپەرستی، توندئاژۆیی و نازی بهێنێت. کە سوتوەمەنی ئەم کێشانەن. کە سەرچاوەی هەموو ئەو کێشانەن کە هەمانن. هەموو کێشەکانی دیکە لەگەڵ ئۆکراینا وەکو کێشەی ئابووری و سیاسی چارەسەرکردنیان زۆر ئاسانە. کەواتە هەمووی پەیوەندی بەوەوە هەیە شاندی ئۆکراینا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم داواکارییانەمان دەکات. ئێمە رژدین لەسەر ئەم داواکاریانە و کڕین و فرۆشتن ناکەین تا باسی نرخ بکەین. پرسیارەکە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی رووسیا و گاڵتەی پێ ناکرێت.
رووداو: موقتەدا سەدر، کە دڵنیام دەیناسیت. لە تویتێکدا گوتی ئەوەی روودەدات لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، لەنێوان دوو کەوانەدا، "تەواو بێ سوودە" کاردانەوەی تۆ چییە بۆ قسەکەی؟
ئێلبروس کوتراشێڤ: هاوڕام لەگەڵی، هاوڕام لەگەڵی وەک رابەرێکی ئایینی عێراقی و سەرکردەیەکی سیاسی عێراقی. هەڵوێستەکەی هاوسەنگ و زیرەکانەیە. وەک باڵیۆزی رووسیا پێی دەڵێم زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڵوێستەت، هەرچەندە ناتوانین بە تەواوی لەگەڵت هاوڕابین، بەڵام ئێستا بۆ تۆ و بۆ بینەرانیش بە وردی روونی دەکەمەوە بۆ ئەوەی باشتر تێبگەن. کێ دەتوانێ باشتر بۆتان باس بکات؟ نهێنییەکە لە وردەکارییەکاندایە. پێموایە ئەگەر عێراقییەکان ئەم وردەکاریانەیان زانیبان، هەڵوێستیان لەسەر ئەم کێشەیەی ئۆکراینا جیاواز دەبوو. بەڵام هەر ئەوەندەی لێ دەزانن، ئەوەندە دەزانن کە لە ماسمیدیا دەیبیستن. کە زۆرینەی دژی رووسیایە. ئەگەر ئەو هەموو درۆیە لەبەرچاوبگرین کە لەدژی رووسیا دەکرێن، هەروەها دژی ئۆپەراسیۆنەکەی لە ئۆکراینا، ئەو کات تێدەگەی کە عێراقییەکان زۆر دۆستانەن کە رەخنەمان لێ ناگرن، تەنیا بەسادەیی دەڵێن شەڕەکە بێسوودە. من دەڵێم ئەم هەڵوێستەی عێراقییەکان دەریدەخات کە عێراق دەوڵەتی دۆستە بۆ ئێمە و هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر عێراق و کاروباری عێراق هەڵوێستێکی باشە و داهاتووێکی باشمان هەیە. خۆشحاڵم کە باڵیۆزی رووسیام لە عێراق. سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنەش. زۆر سوپاس.