رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر دەڵێ، پڕۆژەی (رووناکی) بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری هەنگاوی گەورەی بڕیوە و تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ، سنووری پارێزگای هەولێر 100% دەبێتە خاوەنی کارەبای بەردەوام.
رۆژی دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە دیوانی پارێزگا و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار؛ نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر و بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێر، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەڕێوەبەرانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای هەولێر کرا.
ئێستا 85%ی سنووری پارێزگای هەولێر سوودمەند بووە لە کارەبای 24 کاژێری. پارێزگاری هەولێر گوتی، "تاوەکو نێوەڕاستی ئەم ساڵ پڕۆژەکە دەگاتە 100%. بە تەواوبوونی ئەم قۆناخەش، هیچ شوێنێک لە سنووری پارێزگاکەدا نامێنێت کارەبای 24 کاژێری نیشتمانی پێنەگەیشتبێت."
ئومێد خۆشناو گوتی، "ئەم پڕۆژەیە وەچەرخانێکی گرنگە و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان هەیە. ئەرکی ئێمە لەم دۆخەدا تەنیا بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پاراستنی سەقامگیریی ژیانی خەڵک و دابینکردنی پێویستییەکانیانە."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی ئێستای پێدانی کارەبای نیشتمانی و کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن کرا. پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی چارەسەرکردنی گرفتە تەکنیکییەکان و گۆڕینی بگۆڕەکان کردەوە، تاوەکو هاووڵاتییان لە وەرزی نوێدا کەمترین کێشەی کارەبایان هەبێت.
رۆژی 04-04-2026 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا لە دهۆک رایگەیاند، "85%ی کارەبای هاوبەشان کراوەتە 24 کاژێری."



.jpg&w=3840&q=75)
