رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ دوو ناوەند کراونەتەوە بۆ وەرگرتنی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی شاری هاتای. شارەوانیی شارەکە سەرپەرشتیی هەڵمەتەکە دەکات و هاوکارییەکان دەنێرێتە شاری هاتای کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.
خەڵکێکی زۆر بەشداری لە هەڵمەتەکەدا دەکەن. ئایدن ئوزمەن، هاونیشتمانی بە رووداوی گوت، "بۆ ئەوە هاتووم بەشداربم کە بتوانم هاوکاریی برینداران و لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بکەم. چیمان لەدەست بێت بۆیان دەکەین."
عایشە، خۆبەخش باس لەوە دەکات "ئێستا لێرە هەموو ئامادەکارییەکانمان کردووە و چاوەڕێی خێرخوازان دەکەین. کاتێک هاوکاری دەهێنن، دەیگەیێنینە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە".
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە، 6-2-2023، بەڕێوبەرایەتیی کارەسات و باری لەناکاوی تورکیا ناسراو بە ئافاد بڵاویکردەوە، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 پلەی رێختەر شاری مەرەشی باکووری کوردستانی هەژاند. بوومەلەرزەکە زۆربەی ناوچەکەی گرتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا شەوی سێشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و 434 کەس گیانیان لەدەستداوە و 31 هەزار و 777 کەسیش بریندار بوون.
ماهیر پۆڵات، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بە رووداوی گوت، "شارەوانیی ئیستەنبووڵ بووە بە دەستەبرای هاتای، بۆیە ئەو هاوکارییانەی لێرە کۆدەکرێنەوە بۆ هاتای دەنێرین. شەوی رابردوو بەشێک لە تیمەکانی هاوکاری و فریاگوزاریمان گەیشتنە شاری هاتای، هەروەها چەندین ئۆتۆمبێلی کارکردن و تیمی دیکە دەنێرین بۆ هاتای".
خەڵکێکی زۆر بەشداریی لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکەن. شارەوانیی ئیستەنبووڵ کاروانی یەکەمی هاوکارییەکانی ناردووەتە شاری هاتای و دەڵێت، بەردەوام دەبن لە وەرگرتنی هاوکارییەکان.
ئێردینچ چۆلاک، بازرگان باسی لەوە کرد، "ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین. ئێستا کۆمەڵێک ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنیمان بەخشیوە. هەروەها هاوکاریمان لە خواردن و کاڵاکانی تردا کردووە. پێویستە خەڵک پشتگیری لەم هەڵمەتە بکەن".
ساکینا، خوێندکارە و دەڵێت، "من لە قەزای چاپەوە هاتوومەتە ئێرە. وەک هاوڵاتییەک ویستم پشتیوانیی هاوکارییەکان بکەم".
جگە لەو دوو ناوەندە؛ لە 76 شوێنی دیکەی ئیستەنبووڵ هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە کۆدەکرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)