رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی لە یادی شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەپێناو ئازادی و کەرامەتی گەلەکەیان، ئازایانە گیانی خۆیان بەخت کرد."
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەمڕۆ سێشەممە 12-05-2026 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی لە 52ەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم و هاوڕێکانی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "شەهید لەیلا قاسم و هاوڕێکانی لەپێناو ئازادی و کەرامەتی گەلەکەیان، ئازایانە گیانی خۆیان بەخت کرد و بوون بە سەرمەشق و هێمای بەرخودان بۆ هەموو ئازادیخوازانی کوردستان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی دەڵێت، "لە 52ەمین ساڵیادی لەسێدارەدان و شەهیدکردنی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیدا سڵاو دەنێرین بۆ رۆحی پاکیان و رۆحی هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی."
لەبارەی لەیلا قاسم و هاوڕێکانیەوە
لەیلا قاسم کە نازناوی "بووکی کوردستان"یشی لێنراوە، لە ساڵی 1952 لە خانەقین لەدایکبووە و 12ی ئایاری 1974 لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لەسێدارە دران.
لە ساڵی 1974دا، پێنج گەنجی کورد، لەلایەن حکومەتی بەعسەوە لەسێدارە دران، ئەوان لەیلا قاسم، نەریمان فوئاد مەستی، جەواد ھەمەوەندی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران بوون.
لە کاژێر 07:00ی بەرەبەیانی 12ی ئایاری 1974، ئەو پێنج گەنجە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەسێدارەدران. ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، لە میدیا جیهانییەکانی ئەوکات بڵاوکرایەوە و لەسێدارەدانی وەکو لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسیی عێراق باسکرا.
دوای شەهیدکردنیان، کەسوکاریان تەرمەکان وەردەگرنەوە و دەبینین، چاوەکانی شەهید ئازاد دەرهێنرابوون، لەکاتی هەڵواسیندا هەردوو قۆڵەکانی لای شانی شکابوون، بە حەربە (چەقۆی سەربازی) جەستەی بریندار کرابوو.
