رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد کرد بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان تاوتوێ بکەن.
ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی دیموکراتی سووریا (مەسەدە)، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سەردانێکدا بۆ ئەوروپا، سەرۆکایەتیی شاندێکی رۆژئاڤای کرد و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەوروپا کۆبوونەوە، لە نێویشیاندا، ئان لیندە، وەزیری دەرەوەی سوێد.
لە ستۆکهۆڵم، شاندەکە سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.
مەسەدە باڵی سیاسیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)یە و لە ماوەی رابردوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی چەند پرسێک، کۆسپ و تەگەرەیان تێکەوتبوو.
شیار عەلی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، رۆژی چوارشەممە لە ستۆکهۆڵم بە رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە "دۆخی سوێد و چالاکییەکانمان لە سوێد" کردووە. هەروەها گوتیشی گفتوگۆیان لە بارەی کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە سوێد کردووە.
لە سەرەتای دروستبوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان باش نەبوون، لە ساڵی رابردووشەوە بە دیاریکراوی روویان لە خراپتر کرد، ئەوەش دوای ئەوەی کە شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) روویدا، لە کاتێکدا کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پەیوەندیی بە پەکەکەوە هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرکردایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، پاڵپشتی ئەنەکەسەی ئۆپۆزیسیۆنی رۆژئاڤا دەکات.
شیار عەلی گوتی: "ئێمە لە سوێد، زۆر چالاکین. نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و باشووری کوردستان هیچ کێشەیەکیان نییە و ئێمە بەردەوام پێکەوە گفتوگۆ لەسەر کاری پێکەوەیی دەکەین لە پێناو بەرژوەندیی گەلەکەمان. ئێمە راوێژ بە یەکدی دەکەین و گوێ لە یەکدی دەگرین. کاتێک ئێمە پێشوازی لە میوانەکان دەکەین، ئێمە دەبینە میوانی نوێنەرایەتیی کوردستانیش. ئێمە پێکەوە نان دەخۆین."
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هیواشی خواست پەیوەندییەکانی نێوان نووسینگەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا لە وڵاتانی رۆژئاواش بە هەمانشێوە بن و گوتیشی کە هەردوو لایەن دەتوانن لە ناوچەکانی خۆشیان پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و "هەموو کوردێک شانازیی بەوە دەکات."
باسی لەوەش کرد کە پلانیان وایە شاندێکی هاوبەش لە نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە سوێد پێکبێنن و بینێرن بۆ باشوور و دواتریش رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی هەردوولا زیاتر لە یەکدی نزیکبکەنەوە.
شۆرش قادر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ستۆکهۆڵم رۆژی چوارشەممە، بە رووداوی راگەیاند کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوای ئەوە هات کە ئیلهام ئەحمەد و شاندەکەی بەشدارییان لە بۆنەیەکی تایبەت بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە سوێد کرد.
شۆرش قادر گوتیشی هەردوو لا کۆبوونەوەیەکی "هاوڕێیانە و گەرموگوڕ"یان ئەنجامداوە و باسیان لە سەردانی ئیلهام ئەحمەد بۆ سوێد و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و گرنگیی بەشداریپێکردن هەموو گرووپ و پێکهاتە کوردییەکان لە کۆنفڕانسەکانی داهاتوو لەسەر سووریا، کردووە.
باسیشی لەوە کرد کە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوودا، میوانداری کوردی هەموو ناوچەکانی کوردستانی گەورەی کردووە، گوتیشی نوسوینگەکەیان "بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان هەموو کورد و دروستکردنی کەشی دانوستاندن، یەکێک لە ئەرکەکانی خۆی بەجێدەگەیێنێت."



