رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی ئاماری هێرشەکانی دوو رۆژی رابردووی بۆ سەر سلێمانی و کۆیە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکاندا چوار پێشمەرگە و کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دوێنێ سێ هێرشی درۆنی و دوو هێرشی مووشەکی کراونەتە سەر بارەگای هێزەکانی 70 لە شاری سلێمانی. لە ئەنجامی هێرشەکاندا دوو پێشمەرگە بە سووکی بریندار بوون، بەڵام زۆربەی هێرشەکان لە ئاسمان تێکشکێنراون".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە هەر لەو رۆژەدا و لە کاژێر 03:50، دوو هێرشی درۆنی کراونەتە سەر کەمپی پەنابەران لە شارۆچکەی کۆیە لەلایەکی دیکەوە، دوو کارمەندی ئاگرکوژێنەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا بەهۆی هێرشەکانەوە بە سووکی بریندار بوون.
لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی دەڵێت: "دوو هێرشی درۆنی دیکە کراونەتە سەر بارەگای هێزەکانی 70 لە سلێمانی".
لە شارۆچکەی کۆیەش هێرشەکان بەردەوام بوون. بەپێی راگەیێندراوەکە کاژێر 02:00ـی بەرەبەیان هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر سەنتەری شارۆچکەکە، هەروەها لە کاژێر 01:30ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە تاوەکو ئێستا، شەش هێرشی درۆنی دیکە کراونەتە سەر کەمپی پەنابەرانی کۆیە.
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێرشەکانی رۆژی چوارشەممە هیچ زیانێکی گیانییان لێنەکەوتووەتەوە و زۆربەی هێرشەکانیش پێش ئەوەی بگەنە ئامانج، لە ئاسمان تێکشکێنراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بە 355 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆش بەهۆی هێرشەکانەوە سێ پێشمەرگە بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، بەهۆی هێرشەکانەوە لە 28ی شوباتەوە تاوەکو ئێستا 8 کەس گیانیان لەدەستداوە و 48 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، سوپای پاسداران بە زیاتر لە 33 مووشەک و درۆن هێرشی کردووەتە سەر کەمپەکانیان، کە شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی سڤیلن.

