رووداو دیجیتاڵ
دوای 14 مانگ مانەوە لە زیندان لەسەر رووداوەکەی رێستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر، سدقی کەریم خان برادۆستی و تۆمەتبارێکی دیکە ئازادکران، دوو تۆمەتباریش سزای دوو ساڵ زیندانی و دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکەش سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
فاخیر سمکۆ رەشید، پارێزەری سدقی کەریم خان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای رووداوەکەی رێستۆرانتی هۆقەباز لە هەولێر و کوشتنی دیپلۆماتکارێکی کونسوڵخانەی تورکیا و دوو کەسی دیکە، هێزە ئەمنییەکان 7 کەسیان دەستگیرکرد، "کە دوو لەوانە بەناوەکانی (مەزڵووم محەممەد زەکی) و (عەبدولرەحمان شاهین) تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە بوون و بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە".
لەبارەی تۆمەتبارەکانی دیکەش ئەو پارێزەرە گوتی: "پێنج کەسەکەی دیکە، هەریەک لە (سدقی کەریم خان مەحموود)، (ئەیوب ئیبراهیم مەلا)، (ئیسماعیل خەلیل محەممەد)، (رەجەب باقی عەبدولکەریم) بە تۆمەتی داڵدەدانی تۆمەتبارەکان دەستگیرکرابوون لەگەڵ کەسێکی دیکە، کە ئەو کەسە زوو ئازاد کرا و هیچ پەیوەندییەکی بە رووداوەکەوە نەبوو".
فاخیر سمکۆ لەبارەی سزای تۆمەتبارەکانیش دەڵێت، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەریەک لە (مەزڵووم محەممەد زەکی) و (عەبدولڕەحمان شاهین) دەرکرد، دادگای تاوانی 2ی هەولێر سزای دوو ساڵ زیندانیشی بەسەر چوار تۆمەتبارەکەی دیکەدا سەپاند، "بەڵام ئێمە تەمیزمان کردەوە، چونکە پێمانوابوو هەریەک لە سدقی کەریم خان مەحموود، ئەیوب ئیبراهیم مەلا بێتاوانن و هیچ پەیوەندییەکیان بە بکوژەکان و رووداوەکەشەوە نییە".
دادگای تەمیز دوایین بڕیاری لەبارەی تۆمەتبارەکان دەرکرد. ئەم پارێزەرە گوتیشی: "دوای ساڵێک و دوو مانگ مانەوە لە زیندان و پێداچوونەوە بە دۆسیەکە، دادگای تەمیزی هەرێمی کوردستان رۆژی 15-9-2020 بڕیاریدا هەریەک لە تۆمەتباران (ئیسماعیل خەلیل محەممەد)، (رەجەب باقی عەبدولکەریم) بە دوو ساڵ زیندانیکردن و بەپێی ماددەی 273 لە یاسای سزادانی عێراقی سزابدرێن، (سدقی کەریم خان مەحموود) و (ئەیوب ئیبراهیم مەلا)ش ماددەکەیان گۆڕدرا بە 247 لە یاسای سزادانی عێراقی و ماوەی زیندانییەکەیان تەواوکردبوو کە ساڵێک بوو، بۆیە ئازاد کران".
رۆژی 17-7-2019 لە رێستۆرانتی هۆقەباز لە شاری هەولێر هێرشێکی چەکداری کرایە سەر عوسمان کۆسە، دیپلۆماتکار لە کۆنسوڵخانەی تورکیا و لەگەڵ دوو کەسی دیکە کوژران، دواتر هێزە ئەمنییەکان 7 کەسیان بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکرد.



