رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، حکومەتی وڵاتەکەی هیچ ئارەزوویەکی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا نییە، ئەمەش وەک رەتکردنەوەی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ کە گوتبووی تاران دەیەوێ رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە بکات.
عێراقچی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ بەرنامەی فەیس زە نەیشنی کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی گوتی: "ئێمە تەواو سەقامگیر و بەهێزین. ئێمە تەنیا بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکییەکان گفتوگۆ بکەین، چونکە ئێمە لەگەڵیان لە گفتوگۆدا بووین کاتێک بڕیاریاندا هێرشمان بکەنە سەر. هیچ ئەزموونێکی باشمان لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان نییە."
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئێران رێککەوتنی دەوێ، بەڵام ئەو ئامادە نییە بەم مەرجانەی ئێستا رێککەوتنیان لەگەڵ بکات، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە بدات.
عێراقچی بە تووندی وەڵامی دایەوە و گوتی: "ئێمە هەرگیز داوای ئاگربەستمان نەکردووە، تەنانەت هەرگیز داوای دانوستاندنیشمان نەکردووە."
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکات کە دەیانەوێ دانوستاندن بکەن بۆ ئەوەی رێگە بە تێپەڕبوونی هەندێک کەشتیی نەوتهەڵگری دیاریکراو بەو رێڕۆ ستراتیجییەدا بدات.
عێراقچی گوتی: "ناتوانم ناوی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بهێنم، بەڵام ژمارەیەک وڵات پەیوەندییان پێوە کردووین کە دەیانەوێ رێڕۆیەکی سەلامەت بۆ کەشتییەکانیان هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە
پێشکەشکار: ئایا ئێران داوای ئاگربەستی کردووە؟
عەباس عێراقچی: نەخێر، ئێمە هەرگیز داوای ئاگربەستمان نەکردووە، تەنانەت هەرگیز داوای دانوستاندنیشمان نەکردووە. ئێمە ئامادەین تا ئەو کاتەی پێویست بکات بەرگری لە خۆمان بکەین، تاوەکو ئێستاش هەر وامانکردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەر ئەوە تاوەکو سەرۆک ترەمپ دەگاتە ئەو بڕوایەی کە ئەمە جەنگێکی نایاساییە و هیچ سەرکەوتنێکی تێدا نییە.
دەزانیت، خەڵک دەکوژرێن چونکە سەرۆک ترەمپ دەیەوێت چێژ ببینێت. ئەمە ئەوەیە کە خۆی گوتوویەتی. بەڵێ، ئەمە قسەی خۆیەتی کە دەڵێت کەشتییەکان نوقم دەکەن و شوێنە جیاوازەکان دەکەنە ئامانج چونکە چێژبەخشە. وەزیری جەنگیش گوتوویەتی کە هیچ بەزەییەک نابێت، ئەمەش لە راستیدا تاوانی جەنگە. تەنانەت گوتنی قسەی واش تاوانی جەنگە. بۆیە ئەمە جەنگێکە کە سەرۆک ترەمپ هەڵیبژاردووە و ئێمەش بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خۆمان.
پێشکەشکار: باشە، رەنگە ئەوە هەڵوێستی ئێوە بێت، بەڵام جەنابی وەزیر، ئەمە جەنگی مان و نەمانە بۆ حکومەتەکەتان. ئایا پێویست ناکات دانوستاندن بکەن و راستەوخۆ یان لەرێگەی لایەنی سێیەمەوە پەیوەندی بکەن؟
عەباس عێراقچی: نەخێر، ئەمە جەنگی مان و نەمان نییە. ئێمە تەواو سەقامگیر و بەهێزین. ئێمە تەنیا بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین دژی ئەم دەستدرێژییە و هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکییەکان قسە بکەین، چونکە ئێمە لەگەڵیاندا لە دانوستاندندا بووین کاتێک بڕیاریاندا هێرشمان بکەنە سەر، ئەمەش جاری دووەم بوو. هیچ ئەزموونێکی باشمان لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکییەکان نییە. ئێمە گفتوگۆمان دەکرد، بۆچی بڕیاریاندا هێرشمان بکەنە سەر؟ کەواتە سوودی چییە ئەگەر جارێکی دیکە بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ؟
پێشکەشکار: باشە، دەمەوێ کەمێکی دیکە بگەڕێمەوە سەر ئەو بابەتە. تۆ ئاماژە بەو دیپلۆماسییە دەکەیت لەگەڵ جارید کۆشنەر، زاوای سەرۆک ترەمپ و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆک. بەڵام بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام بین، ئێران درۆن و مووشەکەکانی دەنێرێتە وڵاتانی دراوسێ، کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە کەنداو. پێش جەنگەکە، حکومەتەکەتان بازرگانی لەگەڵیان دەکرد و پەیوەندیتان هەبوو. ئەگەر حکومەتەکەتان لەم ململانێیە رزگاری ببێت، چۆن دەگەڕێنەوە بۆ کارکردن و بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە درۆنیان تێدەگرن و ئامانجی سڤیلیان تێدا دەپێکن؟
عەباس عێراقچی: باشە، روونە کە ئەم وڵاتانە خاکەکەیان داوەتە هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی هێرشمان بکەنە سەر. دەبێت ئێمە چی بکەین؟ تەنیا دابنیشین و سەیر بکەین کە هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی ئەوانەوە هێرشمان دەکەنە سەر؟
پێشکەشکار (لێرەدا قسەکەی پێ دەبڕێت): بەڵام درۆنەکانی ئێوە دەچنە ناوچە سڤیلەکان و کارگە و هۆتێل و خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج.
عەباس عێراقچی: نەخێر، نەخێر، راستییەکە ئەوە نییە. ئێمە تەنیا سامانی ئەمریکی، دامەزراوەی ئەمریکی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەینە ئامانج. هەموو شتێک کە هی ئەمریکییەکان بێت. ئەمە راستییەکەیە کە ئەوان خاکی ئەو وڵاتانە بەکاردەهێنن، نموونەی زۆریش هەن. هەر دوێنێ، لەرێگەی مووشەکی تۆپخانەیی کە مەودایان کورتە، هێرشیان کردە سەر دوورگەکانی ئێمە و خاکی ئیماراتیان بۆ ئەو مەبەستە بەکارهێنا. هەفتەیەک لەمەوپێش، 3 فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-15 لە کوێت خرانە خوارەوە، کە دیارە بە تەقەی دۆستانە بوو، بەڵام هیچ کەسێک نەیپرسی ئەوانە لە کوێت چییان دەکرد. ئەوان ئاسمانی کوێتیان بەکاردەهێنا بۆ هێرشکردنە سەرمان، کە وڵاتێکی دراوسێ و دۆستە. بۆیە روونە کە ئێمە ناتوانین تەنیا دەستەوەستان بین.
پێشکەشکار: زۆر لەم وڵاتانە بەشێکن لە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، بەڵام مەبەستەکە ئەوەیە کە ئەمە لە مەودای درێژخایەندا زیان بە وڵاتەکەتان دەگەیەنێت. سەبارەت بە تەنگەی هورمز، کە خاڵێکی زۆر گرنگی بازرگانیی جیهانییە، ئێوە گوتووتانە کە بەڕووی ئیسرائیل و ئەمریکادا داخراوە. رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز بڵاویکردووەتەوە کە دیپلۆماتە ئەورووپییەکان لە فەرەنسا و ئیتاڵیاوە لەگەڵ حکومەتەکەتان قسە دەکەن بۆ ئەوەی رێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتییەکانیان بکرێتەوە. ئایا ئێوە کراوەن بەڕووی دەستپێکردنەوەی هاتووچۆی کەشتییەکانی نەوت و گاز لەوێوە؟
عەباس عێراقچی: ئێمە دەرگامان کراوەیە بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ لەگەڵمان گفتوگۆ بکەن لەسەر تێپەڕبوونی سەلامەتی کەشتییەکانیان.
پێشکەشکار: ئایا لە دانوستاندندان؟
عەباس عێراقچی: ناتوانم ناوی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بهێنم، بەڵام ژمارەیەک وڵات پەیوەندییان پێوە کردووین کە دەیانەوێت رێڕەوێکی سەلامەتیان بۆ کەشتییەکانیان هەبێت. بڕیاردان لەسەر ئەمەش لە دەسەڵاتی سوپاکەماندایە. ئەوان پێشتر بڕیاریانداوە رێگە بە کۆمەڵێک کەشتیی وڵاتانی جیاواز بدەن بە سەلامەتی تێپەڕن. ئێمە ئاسایشیان بۆ دابین دەکەین بۆئەوەی تێپەڕن، چونکە ئێمە ئەم تەنگەیەمان دانەخستووە. ئەوان خۆیان نایەن بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی کە لەوێ هەیە، کە هۆکارەکەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکایە.

.jpg&w=3840&q=75)
