رووداو دیجیتاڵ
بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و رفاندنی ئەندامێکی خوجێیی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوار بەندکراو لە یەکێک لە گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە دران.
میدیای فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران رایگەیاند، حوسێن ئەردۆخانزادە، شاهین ئیمانی مەحموودئاباد، میلا ئەشرافی و مەنوچەهر شەهبەندی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و رفاندن، لەلایەن دادگەوە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ کرا.
لەبارەی دۆسیەی ئەو چوار کەسەوە دەزگای دادوەریی ئێران دەڵێت، ئەم گرووپە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتڵاعات دەستگیر کرابوون. گرووپەکە تۆمەتبارن بەوەی کە بە سەرپەرشتی و ئاراستەکردنی دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل رۆڵیان هەبووە لە دزین و تێکدانی موڵکی گشتی و کەسی، هەروەها رفاندن و وەرگرتنی دانپێدانانی ساختە.
دەزگای دادوەریی ئێران هەروەها رایگەیاندووە، سێ کەسی دیکە کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەبووە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی، بەشداری لە رفاندن و هەڵگرتنی نایاسایی چەک بە 5 تاوەکو 10 ساڵ بەند کران.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ میدیاکانی ئیسرائیل گرتەی ڤیدیۆیی دانپێدانانی کەسێکیان بەناوی "مەنسور رەسووڵی" بڵاوکردەوە کە لەنێو خاکی ئێران لەلایەن مۆسادەوە لێپرسینەوەی لێدەکرێت. لە دیمەنەکەدا مەنسور رەسوولی دەڵێت، "کار بۆ سوپای قودسی سوپای پاسداران دەکات و فەرمانی پێکراوە تاوەکو کەسێکی ئیسرائیلی لە تورکیا و کەسێکی ئەمریکی لە ئەڵمانیا و رۆژنامەڤانێک لە فەرەنسا تیرۆر بکات."
لە وەڵامدا میدیاکانی نزیک لە ئەنجوومەنی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لەبارەی دانپێدانانی مەنسور رەسوولی رایانگەیاند، مەنسور رەسوولی "کەسێکی سادەیە کە سەرقاڵی کشتوکاڵە لە باکووری رۆژئاوای ئێران، بەڵام لەلایەن گرووپێکی تێکدەرەوە رفێندراوە تاوەکو هەندێک شتی دیاریکراو بڵێتەوە."



