رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەڵێت: 30 کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل دەستگیر کردووە دەستیان بە سەر کۆمەڵێک چەکدا گرتووە.
رۆژی سێشەممە، 10ی ئاداری 2026، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: هێزەکانیان سێ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، ئەمریکا و گرووپە جوداخوازەکان دەستبەسەر کردووە.
بەپێی وەزارەتی ئیتلاعات، ئەو کەسانەی دەستگیر کراون لە پارێزگاکانی خۆراسانی رەزەوی، سیستان بەلووچستان، تاران و سنە بوون.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو کەسانە ویستوویانە لە 8 پارێزگای وڵاتە ئاژاوە بنێنەوە.
وەزارەتی ئیتڵاعات ئاماژەی بەوەشکرد، دەستیان بە سەر 10 چەکی جۆری(کڵاشینکۆف) و 630 گولـلەدا گرتووە.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئێران دوای شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی 2025 کۆمەڵێک خەڵكیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل دەستگیر کرد و بەشێکیان سزای لە سێدارەیان بە سەردا سەپێندراوە.
تاوەکو ئێستا سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات چەند جارێک هوشداریان داوەتە خەڵک کە هەر کەسێک هاوکاری ئیسرائیل و ئەمریکا بکات رووبەڕووی سزای تووند دەبێتەوە.
لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە، هێرشێکی هاوبەشی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگاکانی ئێران دەستیپێکردووە کە زۆرترینیان بۆ سەر تاران بووە.
لە بەرامبەردا سوپای پاسداران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە.




