رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەڕەشە دەکات، کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر بەندەرەکانیان، سەرجەم بەندەر و لەنگەرگەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆردوومان دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە 11-03-2026، ئەبولفەزل شکارچی، گوتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، ئیسرائیل و ئەمریکا هێرش بکەنە سەر بەندەر و لەنگەرگەکانیان، هەموو بەندەر و لەنگەرگەکانی ناوچەکە دەبنە ''ئامانجی رەوا''ـیان.
ئەبولفەزل شکارچی داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات، کە رێگە نەدەن ئەمریکا خاکەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن.
پەیامەکەی گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەکاتێکدایە کە جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پێی ناوەتە 12ـیەم رۆژەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری مانگی سووری ئێران، لە سەرەتای جەنگەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە، لانیکەم دوو هەزار کەس کوژراون و 15 هەزار کەسیش بریندار بوون.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەتایبەتی سوپای پاسداران، بە چەندین قۆناخ هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل.



