رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی بۆردوومانێکی سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر گوندێکی سەر بە شاری شیراز لە ئێران، دوو برا کە هەردووکیان قوتابی بوون گیانیان لەدەستدا و بەرپرسانی ناوچەکەش دەڵێن: "هێرشەکە کراوەتە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون."
رۆژی چوارشەممە 25-03-2026، بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، ئێوارەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر گوندی "شاپوورجان" لە دەوروبەری شاری شیراز، دوو برای قوتابی بە ناوەکانی (ئیلیا شەڕەفی) قوتابی پۆلی هەشتەم و (ئەمیر حوسێن شەڕەفی) قوتابی پۆلی 12ی ئامادەیی، گیانیان لەدەستداوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی فەرمانگەی پەروەردەی پارێزگای فارس لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو برایە لە کاتی هێرشەکەدا لە ماڵەکەی خۆیاندا بوون و بەهۆی بەرکوتنی "پاشماوەی مووشەکی" گیانیان لەدەستداوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای دەسپێکی ئەو ململانێیەی میدیای ئێران بە "جەنگی رەمەزان" ناوی دەبەن، تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگای فارس 8 قوتابی و دوو مامۆستا بەهۆی هێرشەکانەوە کوژراون.
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە شەش قوتابی دیکەی قوتابخانەی "شەجەرەی تەییبە" لە میناب، کە پێشتر لە هێرشەکاندا گیانیان لەدەستدابوو، خەڵکی پارێزگای فارس بوون.



