رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق رایدەگەیێنێت، ململانێی رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2014 قوڵبووەتەوە، دەشڵێت، هەموو وڵاتان، بە عێراقیشەوە، پێویستە ئەو جەنگەی کە پووتین هەڵیگیرساندووە بە دوژمنکارییەکی نایاسایی، بێ پاساو، ناپێویست و هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆیان و ئاساییشی خۆیان دابنێن.
مارچین کوبیاک، باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی سێشەممە 08-03-2022 ئەنجامدرا رایگەیاند، پۆڵەندا بە هێزەوە پاڵپشتی لە گەلی ئۆکراینی دەکات! هەبوونی سەتان قوربانیی سڤیل، لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆری منداڵ، تۆپبارانکردنی شارەکان بێ جیاوازی، هەموو ئەمانە وادەکەن پێویست بێت کارێک بکەین. لە نێویشیاندا پێدانی کەرەستەی سەربازی بە ئۆکراینا. ئێمەی ئەوروپی نرخی ئاشتی دەزانین. ئێمە لەنێو مێژوویەکی درێژدا ژیاوین، لە نێویشیاندا دوو جەنگی جیهانی کە هەر خۆمان دروستمانکردوون.
ئەو باڵیۆزەی پۆڵەندا لە عێراق باس لەوەش دەکات، بیرکردنەوە لەوەی کە ئاساییش گەمەیەکە تەنیا یەک لایەن تێیدا براوە دەبێت، بیرکردنەوەیەکی ماوەبەسەرچوو و مەترسیداریشە. بە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی گەلی ئۆکراینا لەسەر حسابی ئاساییشی خۆی، رووسیا یادەوەرییەکانی رابردووە تاریکەکەمان بە بیردەهێنێتەوە، کاتێک کە روانگەی سۆڤیەت بریتیبوو لە "تێکۆشان لە پێناو ئاشتی تاوەکو ئەو کاتەی جیهان پارچە پارچە دەبێت."
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق
رووداو: پۆڵەندا چ جۆرە رێکارێکی بۆ رێگەگرتن لە بەردەوامبوونی جەنگ و بەدیهێنانی ئاشتیی لە ئۆکراینا گرتووەتەبەر؟
مارچین کوبیاک: ململانێی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ساڵی 2014 دروستبوو، لەو کاتەشەوە هەوڵدراوە لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی نۆرماندی چارەسەربکرێت. هەرچی پەیوەندی بە پۆڵەنداوە هەیە، لە گۆڕانکارییە دیموکراسییەکانی ساڵی 1989ـەوە، ئێمە چالاکانە هەوڵمان بۆ سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە داوە. بە دیاریکراویش لەبەر ئەو هۆکارە، ئێمە هەمیشە داکۆکیکارێکی سەرسەختی سەروەریی ئۆکراینا و مافی چارەی خۆنووسینی ئۆکراینییەکان بووین، چونکە بڕوامان وایە کە بەبێ ئۆکراینایەکی خاوەن سەروەری، نە ئاشتی و نە سەقامگیریی درێژخایەن لە ئەوروپا بەدینایەن.
ئەمساڵ، سەرۆکایەتیکردنی رێکخراوی ئاساییش و هاوئاهەنگیی ئەوروپی لە لایەن پۆڵەنداوە دەرفەتێکی نموونەیی بوو بۆ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ رووسیا و ئۆکراینا بۆ ئەوەی تێیدا بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بگەن بە جۆرێک کە بە گوێرەی نەریت و بەهاکانی رێکخراوەکە بێت کە لە یاسای کۆتایی هێلسنکیدا دیاریکراون. زبیگنییف راو، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا سەردانی خۆی بۆ مۆسکۆ لە 15ـی شوبات بە دەرفەت بینی بۆ ئەوەی پێشنیازی دانوستاندن لە چوارچێوەی رێکخراوی ئاساییش و هاوئاهەنگی بخاتە بەردەم هاوتا رووسییەکەی، بەڵام بە داخەوە، رووسیا پێشنیازەکەی رەتکردەوە، ئەگەر بەس رووسیا سوودی لە پێشنیازی ئێمە وەرگرتبا، دەکرا "دانوستاندنی ئاساییشی نوێی ئەوروپا" ببێتە سەکۆیەک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخەکە و نیگەرانییەکانی مۆسکۆ.
رێگەم بدە کەمێک لە بابەتەکە دووربکەومەوە، ئێمەی ئەوروپی نرخی ئاشتی دەزانین. ئێمە لەنێو مێژوویەکی درێژدا ژیاوین، لە نێویشیاندا دوو جەنگی جیهانی کە هەر خۆمان دروستمانکردوون. سەدەی بیستەم وانەیەکی گەورە بوو بۆ ئێمە لەسەر ئەوەی کە نەتەوەپەرستی، کۆمۆنیزم، نازیگەری و سەربازگەری چ جۆرە کارەساتێک بۆ وڵاتان دروستدەکەن. بیرۆکەی یەکێتیی ئەوروپا لەو بەڵێنەوە سەرچاوەی گرتووە کە تەنیا هاوئاهەنگیی ئاشتیانە و دادپەروەرانەی وڵاتە دیموکراسییەکان دەتوانێت سەقامگیری مسۆگەر بکات. ئەوە سەلمێندراوە کە ئەم تێڕوانینە دەتوانێت زۆر باش بێت و بە تەواویش سەرکەوتوو بێت. ئەو بیرۆکەیە دژی بیرۆکەی هەبوونی "کۆمەڵەی وڵاتە زلهێزەکان" لەسەر بنەمای سەربازگەری و پاوانخوازییە، کە بەگوێرەی بیرۆکەی دووەمیان، بەدەستهێنانی خاکی زیاتر بە نیشانەیەکی بەهێزی دادەنرێت.
بیرکردنەوە لەوەی کە ئاساییش گەمەیەکە تەنیا یەک لایەن تێیدا براوە دەبێت، بیرکردنەوەیەکی ماوەبەسەرچوو و مەترسیداریشە. بە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی گەلی ئۆکراینا لەسەر حسابی ئاساییشی خۆی، رووسیا یادەوەرییەکانی رابردووە تاریکەکەمان بە بیردەهێنێتەوە، کاتێک کە روانگەی سۆڤیەت بریتیبوو لە "تێکۆشان لە پێناو ئاشتی تاوەکو ئەو کاتەی جیهان پارچە پارچە دەبێت." لەگەڵ ئەوەشدا، بە بۆچوونی من، ئەم بیرکردنەوە و تێڕوانینە پووچەڵانە تاکە هۆکار نەبوون بۆ دەستپێکردنی جەنگ. بڕوام وایە کێشە نێوخۆییەکانی رووسیا کاریگەری گەورەیان لەسەر هاوکێشە گشتییەکە هەبوو. بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوانە، وا دەردەکەوت کە ململانێکە مسۆگەرە و هەر روودەدات.
رووداو: پۆڵەندا لە بارەی پەنابەرە ئۆکراینییەکان چی کردووە و چ ئامارێکتان لایە؟
مارچین کوبیاک: تاوەکو ئێستا پۆلەندا زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار پەنابەری لە ئۆکرایناوە پێگەییشتووە، بێگومان هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵەکە پێکدەهێنن. شەپۆلی رۆژانەیان لە نێوان 40 هەزار تاوەکو 60 هەزار کەسە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. گرنگ نییە ژمارەی پەنابەران چەند بێت، حکومەتی پۆڵەندا رایگەیاندووە کە هەر کەسێک لە ئۆکراینا لە جەنگ رابکات، دەتوانێت پشت بە پاڵپشتیی پۆڵەندا ببەستێت. حکومەتی پۆڵەندا ناوەندی پاڵپشتیکردنی بۆ پەنابەران کردووەتەوە. هەروەها شارە پۆلەندییەکانیش دەستیان بە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا کردووە. هەندێک لە شارەکان زانیاریی لە بارەی شوێنی مانەوە بۆ پەنابەران کۆدەکەنەوە.
هێڵێکی تایبەتی شەمەندەفەر لە نێوان شارەکانی پزێمیشل لە باشووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا و شاری لڤیڤی رۆژئاوای ئۆکراینا خراوەتە کار. شەمەندەفەرەکە یارمەتیی مرۆیی دەگوازێتەوە بۆ شاری لڤیڤ و پەنابەرانیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێتەوە. خاچی سووری پۆڵەندی، ناوەندی پۆڵەندی بۆ هاریکاریی نێودەوڵەتی، نێردەی پزیشکیی پۆڵەندی و ژمارەیەکی دیکەی دامەزراوەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەستیان بە کۆکردنەوەی بەخشینەکان بۆ ئاوارە ئۆکراینییەکان کردووە. ئەوان ژمارەیەک جۆری جیاوازی یارمەتی پێشکێشی ئۆکراینییەکان دەکەن، لەوانەش یارمەتیی پزیشکی، خێوەت، نوێن، کیسەخەو، خۆراک و کەلوپەلی پاککردنەوە. هەروەها پارە بۆ چالاکییەکانیان کۆدەکرێتەوە. لە دەیان شوێنی سەرانسەری پۆڵەندا خەڵک خوێن دەبەخشن و پارە بۆ پەنابەرە ئۆکراینییەکان کۆدەکەنەوە.
رووداو: جیاوازی چییە لە نێوان پەنابەرانی ئۆکراینی و ئەو پەنابەرانەی دیکە کە لە ئۆکرایناوە دێنە ناو پۆڵەندا؟
مارچین کوبیاک: ئێمە جیاوازی لە نێوان وڵات، رەچەڵەک و نەتەوەکان ناکەین. هەر کەسێک لەو جەنگە رابکات کە لە ئۆکراینا هەیە، لە سنووری پۆڵەندا پێشوازی لێدەکرێت، بە هاووڵاتیانی عێراقیشەوە.
رووداو: چ رێکارێکتان گرتووەتە بەر بۆ هاوکاریکردنی ئەو قوتابییە عێراقییانەی لە ئۆکراینان؟ چ جۆرە پەیوەندیەکتان لە حکومەتی عێراقەوە لەگەڵ کراوە؟
مارچین کوبیاک: حکومەتی عێراق دەستبەجێ کاردانەوەی خۆی بۆ دۆخەکە پیشاندا. باڵیۆزخانەی عێراق لە وارشۆ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا توانیی سیستمێکی سەرکەوتووی یارمەتیدان دروستبکات، پاڵپشتیی تەواو پێشکێش بە هەموو ئەو عێراقییانە کرا کە لە ئۆکراینا هێندرابوونە دەرەوە، لە نێویشیدا شوێنی مانەوەی کاتی لە پۆڵەندا.
رووداو: ئایا ئێوە لەلایەنی سەربازییەوە هاوکاریی ئۆکرایناتان کردووە؟
مارچین کوبیاک: پۆڵەندا بە هێزەوە پاڵپشتی لە گەلی ئۆکراینی دەکات! هەبوونی سەتان قوربانیی سڤیل، لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆری منداڵ، تۆپبارانکردنی شارەکان بێ جیاوازی، دروستکردنی مەترسی بۆ ژێرخانی سڤیل و زیادبوونی شەپۆلی پەنابەران (UNHCR مەزەندەی دەکات نزیکەی چوار ملیۆن ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێبێڵن)، هەموو ئەمانە وادەکەن پێویست بێت کارێک بکەین. کاتی ئەوە نییە دەستەوسان بوەستین لە کاتێکدا برا ئۆکراینییەکانمان دەکوژرێن. پۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکراینییەکان بە هەرچیەک پێویستیان پیێ بێت، لە نێویشیاندا کەرەستەی سەربازی. لە بیرتان بێت کە ژمارەیەکی زیاتر و زیاتری ژنان وا دەچنە نێو یەکەکانی بەرگریی لەخۆکردن و رێگری لە سەربازە رووسییەکان و چیچانییەکان دەکەن. بە شێوەیەکی گەورە، سوپای ئۆکراینا، سوپای خەڵکی سڤیلە.
ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە وا بکەین بە هاوکاریکردنی ئۆکراینا شەڕەکە درێژە بکێشێت. ئێمە دەمانەوێت جەنگەکە دەستبەجێ بوەستێت. ئێمە بە هەواڵی کوژرانی ئەو هەموو سەربازە رووسیە گەنجانەش دڵگرانین. ئەستەمە لۆمەی جەنگەکە بخرێتە ئەستۆی سەربازانی تەمەن 18 ساڵ. باڵیۆزی ئۆکراینا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەیەک نامەی سەربازێکی گەنجی رووسی پیشاندا کە ماوەیەکی کەم پێش کوژرانی لە شەڕدا بۆ دایک و باوکی ناردبوونی. ئەوە لە دڵشکان گەورەترە. ئەم جەنگە بۆ هەزاران دایک و باوکی رووسیش تراژیدیایەکی گەورەیە. هەربۆیەشە ئێمە بە دیاریکراوی دەڵێین نەخێر بۆ جەنگی سەرۆک پووتین!
ئەم جەنگە بەڕاستی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە چ جۆرە پێکهاتەیەکی جیهانی و چ جۆرێک لە پەیوەندیی نێودەوڵەتیمان دەوێت و لە چەند دەیەی داهاتوودا دەمانبێت. ئایا ئەوەتا جیهانێک دەبێت لە سەر بنەمای رێزگرتن لە یاسا یان ئەوەتا جیهانێک دەبێت کە تێیدا یاسا بنچینەییەکانی پێکهاتەی نێودەوڵەتی لەڕێگەی هێزی سەربازییەوە دەگۆڕدرێن. جەنگی سەرۆک پووتین بۆ سەر ئۆکراینا هەوڵێکە بۆ سەپاندنی بژاردەی دووەم کە بۆ هەموو جیهان کارەساتبار دەبێت. هەموو وڵاتان، بە عێراقیشەوە، پێویستە ئەوە بە دوژمنکاریەکی نایاسایی، بێ پاساو و ناپێویست و هەڕەشەیەک بۆ سەر بەرژەوەندییە زیندووەکانی خۆیان و ئاساییشی خۆیان دابنێن. هەر بۆیەشە پێویستە هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت پێکهاتەیەکی جیهانیی جێگیر، هاوئاهەنگ و فرەجەمسەر دروستبکەن، دژی داگیرکاریی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا بوەستنەوە.
رووداو: ئەو ئۆکراینییانەی دەچنە پۆڵەندا، ئایا ئازادن بچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپی؟
مارچین کوبیاک: دراوسێکانمان پێویستیان بە یارمەتییە. بۆیە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، یاسایەکی تایبەتمان پەسندکرد کە لەم رۆژانەی دواییدا لە ژێر رێنموونی وەزیری نێوخۆ و کارگێڕییدا بەپەلە ئامادەکرا. بە شێوەیەکی سەرەکی، سەرۆکوەزیران ماتێوز مۆراڤیێتزکی رۆژی دووشەممە 7ـی ئادار گوتی: "مەبەست لەم یاساییە ئەوەیە کە جێگرەوەیەکی ژیانی ئاسایی بۆ هەموو ئەو خەڵکانە پێشکێش بکرێت کە هاتوونەتە پۆڵەندا."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، سەرۆکوەزیران هەروەها ماروێز کامینسکی، وەزیری نێوخۆ و کارگێڕی، مارلێنا مالۆگ، وەزیری سیاسەتی خێزان و کۆمەڵایەتی و ماچی ڤۆشیک، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی نێوخۆ و کارگێڕی، ئەو چارەسەرانەیان خستنەڕوو کە لەو یاسا تایبەتەدا هاتوون بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ئۆکراینی لە ماوەی دوژمنکاریی رووسیا دژی وڵاتەکەیان.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی ئەو خێزانە پۆڵەندییانەی کرد کە ئەو خەڵکەیان لە خۆگرتووە کە لەبەر جەنگ رایانکردووە. ئەو گوتی، "هەزاران خێزانی پۆڵەندی پەنایان بە دراوسێکانمان بە درێژایی سنووری رۆژهەڵات داوە. من سوپاسی ئەو خێزانە پۆڵەندییانە دەکەم کە ئەو کارەیان کردووە. سەرۆکوەزیران ماتوێز مۆراڤیێتزکی هەروەها سوپاسی حکومەتە خۆجییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکانی کرد بۆ پێکەوە کارکردنە سەرکەوتووییەکەیان لە دابینکردنی یارمەتی بۆ هاووڵاتییانی سڤیل. لە هەمانکاتدا ئەوەشی بەبیرهێنایەوە کە زۆربەی هەرە زۆری پەنابەران ژن و منداڵن و پێویستیان بە پاراستن و چاودێریی تایبەتە.
سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، ئەو رێچارە ئامادەکراوانە وادەکەن هاووڵاتییە ئۆکراینییەکان بە شێوەیەکی یاسایی لە وڵاتەکەماندا بمێننەوە. سەرۆکی حکومەت هەروەها پاڵپشتیی دارایی بۆ حکومەتە خۆجێییەکان و چەندین شتی دیکەشی راگەیاند. پێویستە کاری زیاتر بکرێت، بۆ نموونە لە پێناو گەییشتنی منداڵان و گەنجان بە سیستمی پەروەردە یانیش خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان. سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە "لەم رۆژانەی دواییدا، پۆڵەندییەکان دەربڕینێکی جوانی هاوسۆزییان بۆ خەڵکی ئۆکراینا پێشکێشکردووە. ئەوان لە ناخۆشترین کاتدا ماڵ و دڵەکانیان بۆ ئەو کەسانە کردووەتەوە کە لە پێویستیدان. پۆڵەندییەکان هەمیشە دڵێکی گەورەیان هەبووە."
گوتیشی کە ئاسانترە لە بواری داراییەوە هاوکاری پێشکێش بکرێن، بۆیە، ئەوانەی هاووڵاتییانی ئۆکراینییان بردوونەتە ماڵەکانیان، پارەی زیاتر وەردەگرن. گوژمەکە بە بڕی 40 زلۆتی پۆڵەندی رۆژانە بۆ هەر کەسێک یان هەزار و 200 زلۆتی پۆڵەندی بۆ هەر مانگێک. پاڵپشتییەکە بۆ ماوەی دوو مانگ دەدرێت. مافی نیشتەجێبوونی یاسایی و ژمارەی PESEL تۆماری ئەلیکترۆنیی گشتیی دانیشتووان بەو پەنابەرانە دەدرێت کە لە ئۆکرایناوە دێن.
وەزیر ماروێز کامینسکی ئێمەی ئاگادارکردەوە کە یەک ملیۆن و 85 هەزار پەنابەر لە سەرەتای ململانێکەوە لە ئۆکرایناوە هاتوونەتە وڵاتەکەمان. دوێنی ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرا، 142 هەزار هاووڵاتیی ئۆکراینی لە سنوور پەڕینەوە بۆ نێو پۆڵەندا.
وەزیری نێوخۆ قسەی لە بارەی هۆکارەکانی ئامادەکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ یارمەتیدانی هاووڵاتیانی ئۆکراینا کرد و گوتی: "دەمانەوێت ئەو هاووڵاتییە ئۆکراینییانەی بەهۆی ململانێی سەربازییەوە خۆیان لە پۆڵەندا بینیوەتەوە، بتوانن بەشێوەیەکی یاسایی لە پۆڵەندا بمێننەوە بێ ئەوەی بە رێکاری بیرۆکراتی ناپێویستدا بڕۆن. هەروەها وردەکاریشی لە بارەی رێچارەکانی نێو یاساکە خستەڕوو و گوتی کە بنەمای پێدانی مافی نیشتەجێبوونی یاسایی لە نێو وڵاتەکەمان بە ئۆکراینییەکان بۆ ماوەی 18 مانگ لەگەڵ هەبوونی دەرفەتی درێژکردنەوە، دوای پەڕینەوە بۆ نێو سنوورەکەمان و تۆمارکردنیان لە لایەن پاسەوانی سنوورەوە لە ماوەی ململانێی سەربازیدا، پەسندکراوە.
وەزیری نێوخۆ و کارگێڕی رایگەیاند، ئەو رێچارانەی لە لایەن حکومەتەوە پەسندکراون، وایانکرد کە بتوانرێت ژمارەی PESEL بە هاووڵاتییە ئۆکراینییەکان بدرێت. "بۆ ئەوەی دۆخەکە رێکوپێک بکەین و ژیان بۆ ئەو دراوسێیانەمان ئاسانتر بکەین کە لە ئەنجامی دۆخی تراژیدیی ئۆکراینا خۆیان لە پۆڵەندا بینیوەتەوە، ژمارەی PESEL بە هەموو کەسێک دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەک خزمەتگوزاری گشتیی وڵاتەکەمان بەکاربهێنن. هاووڵاتییانی ئۆکراینی داواکاریی ژمارەی PESEL لە نووسینگەی شارەوانی پێشکێش دەکەن. لە تۆماری PESELـدا، پۆلێنێکی نوێی بیانییەکان دەخرێتەڕوو، واتە هێمای UKR، بۆ ئەوەی ژمارەی PESELی ئەو کەسانە جیابکاتەوە کە لە ژێر هەلومەرجێکی تایبەتدا، ژمارەکەیان پێدراوە.
وەزیر ماروێز کامینسکی هەروەها ئاماژەی بە دابینکردنی یارمەتیی بەردەوام بۆ پەنابەران دا. "یاساکە دەرفەت بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و حکومەتە خۆجێیەکان دەدات کە یارمەتی، خۆراک، شوێنی مانەوە و گواستنەوە بە هەموو ئەو پەنابەرانە بدەن کە پێویستیان پێیە."
مارلێنا مالۆگ قسەی لە بارەی ئەو چارەسەرانە کرد کە لە یاسا تایبەتەکەدا هاتوون کە پەیوەستن بە دابینکردنی یارمەتیی کۆمەڵایەتی و دەرفەتی گەییشتن بە بازاڕی کار. وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە چاودێریی تایبەت بە ژن و منداڵان بدرێت. منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتانی ئۆکرایناش یارمەتی وەردەگرن و گوتیشی "یاسا تایبەتەکە، کە ئێمە هەر ئێستا دەیخەینەڕوو، ژمارەیەک رێچارەی گرنگ لەخۆدەگرێت بۆ ئەوەی منداڵانی خانەی بێسەرپەرشتانی ئۆکراینا کە لە سنووری کۆماری پۆڵەندا دەمێننەوە، بە شێوەیەکی گونجاو چاودێری بکرێن."
وەزیری خێزان و سیاسەتی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، بازاڕی کار بە خێرایی بەڕووی پەنابەرانی ئۆکراینادا دەکرێتەوە و گوتیشی، "خاوەن کارەکان تەنیا پێویستیان بەوە دەبێت کە نووسینگەیەکی کار ئاگاداربکەنەوە (لە رێگەی پۆرتاڵی http://praca.gov.pl) بەوەی کە کەسێکی بیانی لە لای ئەوان کاری دەستکەوتووە. ئەوان 7 رۆژیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەردەستدا دەبێت". زیاتریش، ئەو هاووڵاتییە ئۆکراینیانەی کە لە سنوورەوە پەڕیوەنەتەوە پۆڵەندا، دەتوانن پشت بە یارمەتیی دارایی زیاتر ببەستن. ئەو جۆرە یارمەتییە داراییە، دوای تۆمارکردنێکی رێکوپێک، گوژمەیەک بە بڕی 300 زلۆتی دەبێت.
رووداو: ئەم شەپۆلی پەنابەرانەی ئۆکراینا بە گەورەترینی ئەوروپا دادەنرێت کە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە دروستبووبێت، ئەم دۆخە چ کێشەیەکی بۆ پۆڵەندا دروستکردووە؟
مارچین کوبیاک: فەرمانگەکانی وەزارەتی نێوخۆ و کارگێڕی و ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەرقاڵی هاوکاریکردنی ئەو خەڵکەن کە لە ئۆکرایناوە لە جەنگ رادەکەن. هەموو فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی نێوخۆ و کارگێڕی و بەرپرسی هەرێمەکان لە هاوکاریکردنی پەنابەرەکاندا بەشدارن. پاسەوانانی سنوور لە دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئۆکراینا ئەو خەڵکە دەپشکنن کە لە جەنگ رادەکەن، لە کاتێکدا کە بەرپرسی هەرێمەکان دابەشکردنی یارمەتییەکان لە ئەستۆدەگرن، لە نێویشیاندا، دامەزراندنی خاڵی پێشوازیکردن و پێدانی زانیاری. کارمەندانی ئاگرکوژاندنەوە پەنابەرەکان دەگوازنەوە لە کاتێکدا پۆلیس چاودێری ئاساییشی خاڵەکانی پێشوازی و پێدانی زانیاری دەکات.
لەوەتەی جەنگ لە ئۆکراینا دەستیپێکردووە، پاسەوانی سنووری پۆڵەندا ستافی دەروازە سنوورییەکانی زیادکردووە. هەموویان کەوتوونەتە کار و تواناشیان زیادکراوە. هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل لە هەر هەشت دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئۆکراینادا هەیە. پاسەوانەکانی سنوور گەشتیاران دەپشکنن و لە ناسنامەی ئەو خەڵکە دڵنیادەبنەوە کە دێنە نێو پۆڵەندا. هەموو ئەو کەسانەی لە ئۆکرایناوە دەگەن بڵاوکراوەیەکی تایبەتیان پێدەدرێت. لە نێویدا بە چوار زمان زانیاریی خراونەتەڕوو: ئۆکراینی، پۆڵەندی، رووسی و ئینگلیزی. ئامارەکانی ئێستای پەڕینەوەش لە نێوان سنووری پۆڵەندا و ئۆکراینا لەسەر هەژماری پاسەوانانی سنوور لە تویتەر بڵاودەکرێنەوە.
بەرپرسانی ناوچە سنوورییەکانی لوبلێسکیێ و پۆدکارپاتسکیێ و سەرانسەری پۆڵەندا خاڵی پێشوازیکردنیان بۆ ئەو خەڵکە دروستکردووە کە بەهۆی جەنگەوە لە ئۆکراینا هەڵدێن. هەموو ئەو کەسانەی لە ململانێی سەربازیی ئۆکراینا هەڵدێن، ئەوانەی کە شوێنێکی مسۆگەریان نییە بۆ مانەوە لە پۆڵەندا، دەتوانن بچنە سەنتەرەکانی پێشوازی. لەوێ زانیاری لە بارەی شوێنی مانەوەیان لەنێو پۆڵەندا، خۆراک، چاودێریی پزیشکیی سەرەتایی و شوێنی پشوودان وەردەگرن، هەروەها شوێنی مانەوەی کاتییشیان پێدەدرێت. هەموو کەسێک دەتوانێت بێبەرامبەر سوود لە چاودێریی پزیشکی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی پۆڵەندا وەربگرێت. جیا لەوە، خاڵەکانی پێدانی زانیاریی بە پەنابەرانی ئۆکراینا لە هەموو شارەکان کراونەتەوە؛ لە وێستگەکانی شەمەندەفەر و چەند وێستگەیەکی دیاریکراوی پاس. دوو خاڵی لەو جۆرە لە فڕۆکەخانەی فرێدێریک شوپێن لە ئۆکەنچییە کراونەتەوە. پەنابەرانی ئۆکراینا دەتوانن لەوێ زانیاریی سەرەتایی لە سەر چۆنیەتی دەستکەوتنی یارمەتی لە پۆڵەندا دەستبخەن.
کارمەندانی فەرمانگەی فیدراڵیش پەنابەران بێ بەرامبەر دەگوازنەوە بۆ سەنتەرەکانی پێشوازی و لەوێشەوە بۆ شوێنی مانەوەی بێبەرامبەر. کارمەندانی ئاگرکوژاندنەوەی سەرانسەری وڵات و خوێندکاری کۆلێژەکانی ئاگرکوژاندنەوە لە کراکۆف بەشدارن لە دابینکردنی یارمەتی بۆ پەنابەرانی ئۆکراینا. کارمەندانی ئاگرکوژاندنەوە لە فەرمانگەی فیدراڵی و فەرمانگەکانی دیکەش پاڵپشتی لە کارمەندانی سەنتەرەکانی پێشوازیکردن دەکەن لە رێگەی دابینکردنی خێوەت، سۆپا، نوێن، کورسی، مێزە و هتد. لە وەڵامی داواکاریی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی فیدراڵیی ئاگرکوژاندنەوەدا، کارمەندان زیاد لە دوو هەزار پالێتی پێداویستی و زیاتر لە 100 ئامرازیی ئاگرکوژاندنەوەیان کۆکردووەتەوە کە دواتر بە لایەنی ئۆکراینی دەدرێن. جگە لەوەش، بەڕێوەبەری گشتی هاوئاهەنگی دەکات بۆ وەرگرتنی کەلوپەلی ئاگرکوژاندنەوە لە وڵاتانی سەرانسەری جیهان بۆ ئەوەی بە ئۆکراینای بدات.
لە هەموو خاڵەکانی گەییشتنی پەنابەرانی ئۆکراینا، پۆلیس چاودێریی ئاساییشی ئەو خەڵکە دەکات کە دەگەنە جێ. بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی پۆلیس، کارمەندانی پۆلیس راسپێردراون بچنە خاڵەکانی پێشوازی، وێستگەکانی شەمەندەفەر و شوێنەکانی دیکەی کە پەنابەران لێیان دەمێننەوە. لە کاژێرەکانی سەرەتای دەستپێکردنی کاری ئەو خاڵانەدا ئەفسەرانی پۆلیس بەردەوام بوون لە مسۆگەرکردنی ئاساییش و ئارامی بۆ پەنابەران. پۆلیسی هاتووچۆش هاوکارە لە دابینکردنی گواستنەوەیەکی خێرا و بێ کێشە بۆ ئەو کاروانە زۆرانەی کە یارمەتی دەگەیێننە سەر سنوور. ئەفسەرانی پۆلیسی فەرمانگەی رێگریکردن لە تاوان پاسەوانیی ئەو شوێنانە دەکەن کە پەنابەران لێیان دەمێننەوە، هەروەها لە کاتی پێشوازیکردن لێیان و چاودێریکردنیشیان هاوکارن. هەروەها لەو شەمەندەفەرانەشدا هەن کە لە سنوورەوە دەگەڕێنەوە نێو وڵات.
نووسینگەی کاروباری بیانییەکان هێڵێکی تایبەتی پەیوەندیی داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاگاداریانەی کە لە لایەن ئەو کەسانەوە دەنێردرێت کە پێویستیان بە یارمەتییە، هەروەها ماڵەپڕێکیشی داناوە: ua.gov.pl کە تێێدا زانیاریی پێویست لە بارەی پەڕینەوە لە سنوور، خاڵەکانی پێشوازی، مانەوە لە پۆڵەندا، چاودێریی پزیشکی، کار و پەروەردە خراوەتەڕوو. کارمەندانی نووسینگەکە لە خاڵەکانی پێشوازین و پاڵپشتیی راستەوخۆ بەو بیانیانە دەدەن کە لەوێ دەمێننەوە. هەروەها پسپۆڕانی نووسینگەکە ئامادەکارییە یاساییەکان بۆ مانەوەی ئەو کەسانەی لە ئۆکرایناوە دەگەن لە پۆڵەندا، ئەنجامدەدەن.
رووداو: زۆرینەی پەنابەران لە پۆڵەندا نامێننەوە و بەرەو ئەڵمانیا، فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپی دەڕۆن، هۆکاری ئەوە چییە بە بۆچوونی ئێوە؟
مارچین کوبیاک: بەهۆی ئەوەی کە ئەوان ئێستا ئازادیی هاتووچۆیان هەیە، بڕیارەکە لە دەستی ئەواندایە. کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، پێشنیاز دەکات فەرمانی خۆی بۆ پاراستنی کاتی چالاکبکاتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیی خێرا و کاریگەر بەو خەڵکە بگەیێندرێت کە بەهۆی جەنگەوە لە ئۆکراینا رادەکەن. ئەوانەی لە جەنگ رادەکەن، لە یەکێتیی ئەوروپا پاراستنی کاتییان پێدەدرێت، واتە مۆڵەتی مانەوەیان پێدەدرێت و دەستیان بە پەروەدە و بازاڕی کار دەگات. یەکێتیی ئەوروپا هەر هەفتەی رابردوو رایگەیاند، میکانزمی پاراستنی سڤیلەکانی چالاککردووە و 18 وڵاتی ئەندام یارمەتیی مرۆیی گرنگ بۆ ئۆکراینا دەنێرن. لە هەمان کاتدا، یەکێتیی ئەوروپا ئاسانکاری بۆ خەڵك دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەگەڵ ئاژەڵە ماڵییەکانیان لە سنوور بپەڕنەوە و پشكنینی ئەمنیی پێویستییشیان بۆ دەکرێت.
ئەم کاتە بارێکی قورسی بۆ ئێمە دروستکردووە، بەڵام یەکێتیی ئەوروپا و هەموو وڵاتە ئەندامەکانی بێ هیچ گومانێک پێشانیدەدەن کە ئەوان ئامادەین بێینە پێشەوە و لە تەک ئۆکراینا بوەستن. لەم کاتەدا، ریزی درێژی ئۆتۆمبێل و لەو رێگەیانە هەیە کە خەڵک بەرەو دەروازە سنوورییەکان دەهێنن، کە زۆربەیان ژن، منداڵ و بەتەمەنەکانن و بۆ ماوەی چەندین کاژێر لە بارودۆخی سەختدا چاوەڕێدەکەن بۆ ئەوەی لە سنوور بپەڕنەوە. پیاوانی تەمەن 18 بۆ 60 ساڵ پێویستە بمێننەوە بۆ ئەوەی بەرگری لە ئۆکراینا بکەن و رێگەیان پێنادرێت وڵات جێبێڵن.
رووداو: نزیکەی 9 هەزار سەربازی ئەمریکی لە سنووری پۆڵەندا و ئۆکراینان کە 100 مەتر لە سنووری ئۆکرایناوە دوورن. هەندێ دانوستاندن لە ئەمریکا دەکرێت گوایە پۆڵەندا فڕۆکەی جەنگی سەردەمی سۆڤیەت بە ئۆکراینا دەدات و لە بەرامبەردا پۆڵەندا فڕۆکەی جەنگیی ئێف شازدە وەردەگرێت. پێتان وا نییە ئەوە وا دەکات ئۆکراینا بخزێتە نێو جەنگەکە؟
مارچین کوبیاک: وێڕای ئەوەی کە گفتوگۆ لەسەر ئەم پرسە هێشتا بەردەوامە، حکومەتی پۆڵەندا پێشتریش رایگەیاندووە کە نایەوێت بیر لە پێدانی ئەم فڕۆکە جەنگییانە بکاتەوە. گرنگە کە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەر بڕیارێکی لەو جۆرە پێویستی بەوەیە لە نێوان هاوپەیمانانی ناتۆوە بدرێت و پۆڵەنداش نایەوێت بڕیاری سەربەخۆ هاوپەیمانییەکە رووبەڕووی هیچ مەترسییەک بکاتەوە. ئێمە بیر لە ئاسایشی ئۆکراینا و وەستاندنی ئەم جەنگە دەکەینەوە، بەڵام پێویستە ئەگەری گەورەکردنی ململانێکە بۆ ململانێیەکی جیهانیش ببینین. بڕیار لەسەر ئەم جۆرە هاوکارییە پێویستە لەسەر ئاستی ناتۆ بدرێت و بڕیارێکی کۆدەنگ بێت لە نێو هەموو وڵاتانی ناتۆ. نابێت یەک وڵات لە لای خۆیەوە هاوکاریی بکات.
