رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە. ئەعرەجی رایگەیاند ئەوان شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەن، چونکە رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە.
رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئایاری 2026، لە بەردەوامیی زنجیرە دیدارەکانیدا لە بەغدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەت، لە دیدارەکەدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و گوتی: "شانازی بە هەرێمی کوردستانەوە دەکەین کە خەبات و قوربانییەکی زۆری داوە و رۆڵێکی دیاری لە هێنانەدی سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا هەبووە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پشتیوانیکردنی حکومەتی نوێی فیدراڵ بۆ خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکان بێ جیاوازی و، چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە دەستوور، سیستمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.


.jpg&w=3840&q=75)