رووداو - هەولێر
رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ئەمساڵ لە عێراق زیاتربوون و نوێترین و مەترسیدارترینیان ئاگرەکەی دوێنێی کارگەی گۆگردی میشراق بوو لە شارۆچکەی شوعرەی نەینەوا کە بە هاوکاری تیمەکانی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵکرا.
بەرپرسانی موسڵ دەڵێن، ئاگرەکە هیچ مەترسییەکی نەماوە و کۆنترۆڵکراوە، بەڵام لیژنەی تەندروستی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق حکومەت بە کەمتەرخەم دەزانێت لە رێگریکردن لەو رووداوانە.
دوای چەندین کاژێر لە گڕگرتنی کارگەی گۆگردی میشراق لە شارۆچکەی شوعرەی نەینەوا، بە هاوکاری بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، سەرەڕای زیانی گەورە بۆ کارگەکە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن رێگە نەدراوە ئاگرەکە بگاتە کۆگاکانی گۆگرد، بەپێچەوانەوە زیانە گیانیی و ماددییەکانی چەند هێندە دەبوون.
لە رووداوەکەدا کارمەندێکی بەرگری شارستانی بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی بەرگری شارستانی گیانیلەدەستدا، چەند کەسێک برینداربوون و تووشی هەناسەتەنگی هاتن، هەروەها دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی شورا بەهۆی مەترسی گازی کارگەکە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.
لە نەینەوا ئەمساڵ زۆرترین رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویانداوە، بەرپرسانی نەینەوا دەڵێن با و پلەی گەرمی بەرز هۆکاری زیاتربوونی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەن.
