رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە پارێزگای بۆرسای تورکیا، شەش منداڵ و دایکێک گیانیان لەدەستدا. تەمەنی منداڵەکان لەنێوان یەک تاوەکو 11 ساڵان بوون و ئەمڕۆ بەخاک سپێردران. جگە لەوە دوو منداڵی دیکەیش گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە کاژێر 23.50 خولەکی رۆژی سێشەممە، 8-11-2022، لە گەڕەکی دەیرمەنئۆنوی شارۆچکەی یڵدرم روویدا. بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش منداڵ و دایکێک و دوو منداڵی دیکەی برازای دایکەکە، کە بەهۆی شەڕی نێوخۆیی سووریاوە لە 2017 روویان لە تورکیا کردبوو.
سەلیم موسڵەت، سەرۆکی هاوپەیمانیی سووریا دەڵێت، "بەر لەوەی سەرەخۆشی لە خانەوادەی خوالێخۆشبووان بکەین، سەرەخۆشی لەخۆمان دەکەین، خوا لێیان خۆش بێت. لە راستیدا منداڵانی خۆمان لەدەستداون، بەڵام ئەوە چارەنووسی خەڵکی سووریایە کە لە مردن رادەکەن، پرسیارەکە ئەوەیە، ئەوە بەردەوام چارەنووسی سوورییەکان دەبێت؟ یاخود دەبێ چارەسەرێک هەبێت بۆ گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان بە شکۆوە."
ئەو خێزانە بە کۆکردنەوەی کارتۆن و قوتوو بژێویی ژیانی خۆیان دابین دەکرد. کاتێک ئاگر لە ماڵەکەیان کەوتووەتەوە، ئەندامانی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا.
ئەحمەد، دراوسێی ماڵەکەیە و باس لەوە دەکات، "دەوروبەری کاژێر 11:30ـی شەو رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە روویدا، ئێمە بەدەمیانەوە چووین، کاتێک ئێمە گەیشتین چوار منداڵ بەهۆی ئاگرەکە گیانیان لەدەستدا بوو، خانەوادەیەکی باش بوون، منداڵەکانیان بەردەوام بێرەدا هاتووچۆیان دەکرد."
تەمەنی منداڵە بچووکەکە 1 ساڵە و گەورەترینەکەیان 11 ساڵە. دایکەکە ناوی ئامینەیە و ساڵی 1991 لەدایکبووە.
نیهات یەشیڵتاش، سەرۆکی ناوچەی یەڵدرمی CHP گوتی، "لە شاری ئێمە بایەکی بەهێز هەیە، لە ناوچەی یڵدرم و لە چەند گەڕەکێکی دیکە هێلی گازی سرووشتی نییە، لەبەر ئەوە خێزانەکان ناچارن بۆ گەرمکردنەوەی خۆیان زۆپا بەکاربێنن، هیوادارین لە ناوچەی یڵدرم هێلی گازی سرووشتی دابینبکرێت بۆ ئەوەی چیدیکە رووداوی لەو شیوەیە دووبارە نەبێتەوە."
لە شاری بۆرسا بەشێوەیەکی فەرمی 185 هەزار پەنابەری سووری دەژین کە پارێزگاکە حەوتەمین شاری تورکیایە کە رێژەیەکی زۆری پەنابەری سووری تێدایە.


.jpg&w=3840&q=75)