رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخوی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، ئەمڕۆ هەموو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان بو دەنگدانی تایبەت کاژێر 7:00ی بەیانی کراونەتەوە و ئامێرەکانی دەنگدان کارا کران. گوتیشی، "بەپێی راپۆرتەکانی ئێمە، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە بە رێکوپێكی بەرێوەدەچێت و تاوەکو کاژێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت."
جومانە غەلای گوتیشی: ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشوازی لە هێزی ئەمنی کردووە بۆ دەنگدانی تایبەت کە ژمارەیان زیاتر لە ملیونێک و 300 هەزار دەنگدەرە لە کارمەندانی دەروازەی سنووری، هێزی پێشمەرگە، دەستەی حەشدی شەعبی، هێزی بەرگریی عێراق، هێزی ناوخۆی عێراق و کوردستان هەروەها دژە تیرۆر.
غەلای لەبارەی ئاوارەکانیش دەڵێت: ئەمڕۆ لەڕێگەی 27 بنکەی دەنگدان کە لە 97 وێستگە پێکهاتوون، دەنگی خۆیان دەدەن، ژمارەیان زیاتر لە 26 هەزار کەسە."
جومەنا غەلای لەبارەی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان گوتی: "بەیانی ناتوانن رێژەکە بزانن، بەڵام دوای کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ لە راپۆرتێکدا کە لە کۆمیسیۆنەوە بڵاودەکرێتەوە، رێژەی بەشداری دیاری دەکەن و رایدەگەیێنن".
لەبارەی ئامێرەکانی هەڵبژاردن، جومانە غەلای بە رووداوی راگەیاند، "هەموو ئامێرەکانی دەنگدان لە بەیانی کاژێر 7:00 کارا کران و پێشوازی لە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان کراوە بەبێ هیچ کێشەیەک و پرۆسەکە زۆر بەباشی بەڕێوەچووە."
سەبارەت بە تێکچوونی دوو ئامێری دەنگدان لە پارێزگای دهۆک و ئەگەری گۆڕینی ئامێرەکان، غەلای دەڵێت، "ئامێرەکانی دەنگدان ناگۆڕدرێن. راستە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامێری یەدەگی هەیە، بەڵام تیمی تایبەتیش هەیە بۆ چاودێریکردنی ژوورەکانی دەنگدان یان هەر کێشەیەک لە کاتی پرۆسەکە یان تێكچوونی ئامێرەکانی دەنگدان و زۆر بە رێکوپێكی ئیشی خۆیان دەکەن و ئامێری یەدەگیش هەیە."
لەبارەی بانگەشەکردن لە نزیک بنکەکانی دەنگدان، جومانە غەلای دەڵێت، "هەندێک لە پۆستەرەکان پێش رۆژی بێدەنگی دانروان و ئەوە حاڵەتێکی ئاساییە، چونکە ئەوکات ئەم شوێنانە بنکەی دەنگدان نەبوون، بەڵام هەر چالاکییەکی بانگەشە ببینرێ، کۆمیسیۆن بەدواداچوونی بۆ دەکات و سزا دەدرێن، چونکە بانگەشەی هەڵبژاردن نابێ 100 مەتر کەمتر نزیک بێ لە بنکە و وێستگەکانی دەنگدان."
گوتەبێژی کۆمیسیۆن هەروەها دەڵێت: "بۆ ئەم هەڵبژاردنە کێشەی پەنجەمۆر نابێت، چونکە لەڕێی ناسینی روخسار کە کامێرا بە ئامێرەکانی هەڵبژاردنەوە بەستراون کێشەکە چارە دەکرێت."


.jpg&w=3840&q=75)