رووداو دیجیتاڵ
قاچاخچییەک لە ئیزمیری باکووری کوردستان باسی چۆنێتیی دروستکردنی بەلەمی کۆچبەران دەکات و دەڵێت، ئەگەر بەلەمێک بۆ 20 کەس دروستبکرێت و 50 کەسی تێبکرێت ئەوا هەڵەی قاچاخچییەکەیە، هەروەها دەشڵێت، خەڵک هەیە بۆ گەیشتن بە ئەڵمانیا 12 هەزار یۆرۆ دەدات.
ئەبو جاسم، قاچاخچییەکە لە پارێزگای ئیزمیر لە ناوچەیەکی دوورە دەست لە کەلاوەیەکدا دەژی، ئەو بەلەم و پێداویستیی تایبەت بە کۆچکردن دروست دەکات، ئەبو جاسم خۆی پەنابەرە و خەڵکی سووریایە، زمانی تورکی و کوردی دەزانێت و 10 ساڵە لە ئیزمیر کاری قاچاخچیێتی دەکات، ئەو دەڵێت، "خەڵک هەیە تاوەکو بگاتە ئەڵمانیا ئامادەیە 12 هەزار یۆرۆ بدات."
ئەبو جاسم دەڵێت، "پێشتر خەڵک زۆر کاری قاچاخچێتیی دەکرد، بەڵام هەمووان جێگەی متمانە نەبوون، ئێستا ئێمە بە بەرنامە ئەو ئیشە دەکەین، خانوو بۆ کۆچبەران دەگرین و دەیانبەینە خاڵی دەربازبوون، هیچ پارەیەکی پێشوەخت وەرناگرین، بەڵکو پارەکان لە نووسینگەیەک دەخەوێنین بە ئاگاداری هەردوولا تاوەکو کۆچبەران دەگەنە شوێنەکانیان ئەوکات پارەکانیان لێ وەردەگرین."
بۆ دروستکردنی بەلەمێکی چووپی شەش مەتری، ئەبو جاسم و تیمەکەی سێ رۆژە خەریکن، بە گوتەی خۆیان بەلەمەکە 15 بۆ 25 کەس لەخۆ دەگرێت، ئەو بەلەمە تاوەکو دروست دەکرێت نزیکەی شەش هەزار لیرەی تورکی تێدەچێت، دوای دروستکردنی بە نزیکەی 10 هەزار لیرەی تورکی بە کۆچبەران و قاچاخچییەکانی دیکە دەیفرۆشنەوە.
ئەبو جاسم گوتی، "خەڵک لێرە ماندوو بوون، یۆنان کۆچبەر وەرناگرێت و دەیانگەڕێنێتەوە، بۆیە کۆچبەران دەیانەوێت لە رێگەی ئیتاڵیاوە بچنە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا، ئێمە دەبێت بەلەمەکەمان بەهێزبێت و نابێت لە قەبارەی خۆی زیاتر خەڵکی لێ سەربخەین، ئەو بەلەمەی ئێمە دروستی دەکەین 15 بۆ 20 کەس هەڵدەگرێت، ئەگەر ئێمە 50 کەسمان لێ سەرخست و دواتر چووپەکە تەقی بێگومان هەڵەی ئێمەیە."
قاچاخچییەکان بە تیمێکی 15 بۆ 20 کەسی کاردەکەن، لە نێویاندا خەڵکی سووری، تورکی، رۆژئاوایی و باکووری کوردستانیش هەن، بەپێی خاڵ و ئەو شوێنانەی کە کۆچبەران بۆی دەچن بڕی پارەکانیشیان لێوەردەگرن.
ئەو قاچاخچییە باس لەوە دەکات، نرخەکان بەردەوام دەگۆڕدرێن، ئێستا بۆ هەر کۆچبەرێک بڕی هەزار و 300 بۆ هەزار و 500 دۆلار وەردەگرن، ئەگەر ئیشەکەیان باش بوو پارەی باشتریش وەردەگرن دەشڵێت، "لە هەموو وڵاتێک ئەو کارە دەکرێت لەوانە: ئەفغانستان، میسر، سووریا، ئەفریقا، لوبنان، سوودان و سۆمال. هەر کۆچبەرێک نەگاتە شوێنی مەبەست پارەکانیان دەدەینەوە."
محەممەد بەکر، پەنابەرێکی سووریە و دەڵێت، "با کەس بە بەلەم ئەو رێگەیە نەگرێتە بەر، قاچاخچییەکان فێڵ لە خەڵک دەکەن، داوا دەکەم خەڵک بە رێگەی یاسایی بڕوات، رێگەی قاچاخ مردنە".
عوسمان خەلیل، کۆچبەرێکی خەڵکی عەفرینە و باس لەوە دەکات، قاچاخچییەکان فێڵی زۆر لە کۆچبەران دەکەن و دەڵێت، "قاچاخچییەکان پێیان گوتین بۆ گەیشتن بە یۆنان 10 کیلۆمەتر رێگەتان لە پێشە، دواتر دەرکەوت 40 کیلۆمەترە ئیتر گوتمان ناڕۆین".
تۆماس یەعقوبی، کۆچبەرێکی خەڵکی ئەریتیریایە و ماوەیەکە لە ئیزمیرە، ئەوەی خستەڕوو کە دەیەوێت بچێتە ئەوروپا بەڵام نەک بە بەلەم، چونکە پۆلیسی یۆنان کێشە بۆ کۆچبەران دروست دەکەن.
ئەحمەد محەممەد، کۆچبەرێکی سوورییە و باس لەوە دەکات، "لە تورکیا هەموو شت گران بووە، هەندێکجار خەڵکی تورکیا بە چاوێکی کەمتریش سەیرمان دەکەن، بۆیە دەمانەوێت کۆچبکەین".
هاوشێوەی ئەبو جاسم، لە شاری ئیزمیری تورکیا سەتان گرووپی دیکەی قاچاخچیی هەن، ئەوان لە یۆنانیش گرووپیان هەیە و هاوئاهەنگی لەنێوان هەردوولایاندا هەیە. بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی تورکیا، سزای قاچاخچیکردن بە پەنابەران زیندانیکردنە کە لە سێ ساڵ و هەشت مانگەوە دەستپێدەکات و تاوەکو هەشت ساڵ زیندانیکردن دەڕوات، هەندێکجاریش دادگە بە پێبژاردن قاچاخچییەکان ئازاد دەکات.


.jpg&w=3840&q=75)