له تۆڕی میدیایی رووداو پره‌نسیپی كار هه‌یه، هه‌موومان ئینتیما و بیركردنه‌وه‌ی سیاسیی خۆمان وه‌لا ده‌نێین و زانیاری له‌سه‌ر بنه‌مای دروستی و هاوسه‌نگی به بینه‌ر و بیسه‌ر و خوێنه‌ری رووداو ده‌ده‌ین، ههڵیناخهڵهتێنین به زانیاری دڵحۆشكهری نادروست، به‌هه‌مانشێوه‌ش دڕدۆنگ و ره‌شبینی ناكه‌ین بۆ ئامانجێكی سیاسی به پشتبه‌ستن به درۆ و چه‌واشه، دۆخه‌كه خراپ بێت یان باش وه‌ك خۆی ده‌گه‌یه‌نین، نه گه‌وره‌كردن و نه بچوككردن، ده‌بێ وه‌رگر راستیه‌كه‌ی پێ بگات، ئه‌گه‌ر ئه‌و راستیه تاڵیش بێت. دۆخی سیاسیی و ئابووری كوردستان له‌م ساڵانه‌ی دوایی زۆربه‌ی كات خراپ بووه، رووداو له‌وه به‌رپرس نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار له رێگه‌ی موعاله‌جه‌ی رۆژنامه‌وانییه‌وه هاوكار بووین بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك نه‌ڕووخێ و به‌رگه بگرێ و بێ ئومێدنهبێت، به‌ڵام ئومێد له بۆشه‌وه دروستناكه‌ین.
ئێمه ده‌زانین ئه‌و شێوازه‌ی كاركردن له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه بارگاوی بووه به ئایدیۆلۆژیا و دابه‌شبوونی حیزبی و سیاسیی ئاسان وه‌رناگیرێ، به‌تایبه‌تی ئه‌زموونی رۆژنامه‌وانی پرۆفیشناڵانه له كوردستان پێشینه‌ی نه‌بووه و رووداو كه سه‌رمه‌شقی ئه‌و شێوازه ده‌كات، به‌رگه‌ی كاردانه‌وه‌كانی قبوڵنهكردنیشی ده‌گرێ، هه‌ر بۆیه هیچ حیزبێك به‌رده‌وام لێمان رازی نه‌بووه و به‌رده‌وامیش لێمان ناڕازی نه‌بووه، ئەوەش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه رووداو بۆ هیچ حیزب و هێزێ واز له پره‌نسیپه‌كانی خۆی ناهێنێ.
له‌سه‌ره‌تای ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرینه‌وه، ئێمه رۆژانه رووماڵی شه‌ڕ و رووداوه‌كانمان كرد، هه‌رچه‌نده نه توركیا و ئۆپۆزسۆن، نه یه‌په‌گه رێگه‌یان نه‌دا تیمی رووداو له‌وێ بێت، به‌ڵام هه‌ر رووداو ئه‌و سه‌رچاوه جێ باوه‌ڕه بوو بۆ خه‌ڵكی ئه‌وێ. هه‌ر ئه‌و رێنهدانهش بوو، وایكرد میدیای یه‌په‌گه و میدیای توركیا ببنه یه‌كێك له‌سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵمان.
هاوكارانمان له رۆژئاوا، نووسینگهكانمان له ئه‌وروپا و ئه‌مریكا كارێكی زۆریان كرد، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌هۆی ئۆپه‌راسیۆنی توركیاوه به‌سه‌ر خه‌ڵكی عه‌فرین دێت به دنیا بگات، رووداو پرسی عه‌فرینی برده كۆنفرانس و كۆبوونه‌وه گرنگه‌كان، به‌رپرسانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و نوێنه‌رانی وڵاتانی له‌و رێكخراوه جیهانییه رووبه‌ڕووی پرسیاری بێهه‌ڵوێستیان له‌هه‌مبه‌ر كوشتنی به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی عه‌فرین كرده‌وه، له به‌یانیه‌وه تا شه‌و له ژووری هه‌واڵ، له پۆرتاڵ و سۆشیال میدیا كار ده‌كرا بۆئه‌وه‌ی زۆرترین دیمه‌نی كوژرانی خه‌ڵكی سڤیل به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی توركیا به هه‌موو زمانه‌كان بڵاوبكرێنه‌وه. به‌ڵام ده‌بوایه و ئه‌ركێكی میدیاییشه رێككه‌وتنه ژێربه‌ژێرییه ئیقلیمی و نێوده‌وڵتییه‌كان باس بكه‌ین، پێویست بوو عه‌فرینییه‌كان و كورد بزانن كه ئه‌و هێزه‌ی هێرشیان ده‌كاته سه‌ر چی‌یان پێده‌ڵێ. ئینجا بینه‌ری كورد به‌گشتی بزانی شه‌ڕكه‌ره‌كان له كوێن. تۆش نه‌یڵێی هه‌ر ده‌گوترێ، كه دنیا باسی كرد، هێزی توركیا چووه عه‌فرین، كه تۆ نه‌یڵێی چی ده‌گۆڕێ؟
به‌داخه‌وه كورد میلله‌تێكه له‌كاتی شكست به‌رامبه‌ر دوژمنهكانیشدا، هه‌ر له‌گه‌ڵ خۆی شه‌ڕ ده‌كاته‌وه، هه‌ر خه‌ریكی شكاندنی خۆیه‌تی، ئێمه راهاتووینه به‌هێرشی ناڕه‌وا و تۆمه‌تباركردنی بێ به‌ڵگه، ئه‌و شتانه نه‌بوونه‌ته هۆی گۆڕانی پره‌نسیپه‌كانی كاركردنمان.
ئه‌وه‌ی له رووماڵی دهستبهسهردراگرتنی عه‌فرین به‌رامبه‌ر رووداو كرا جێی داخه، نه له‌به‌ر ئه‌و درۆ و چه‌واشه‌یه‌ی له رێگای فۆتۆشۆپه‌وه دروستكرا، ئه‌وان شایانی به‌زه‌یین، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی جێی داخ و نیگه‌رانی بوو، كه‌سانێكی به‌ڕێز و ناسراو و رۆژنامه‌وان باوه‌ڕیان كردبوو، یاخود گومانیان لا دروست ببوو، كه ئه‌وه‌ی یه‌ك رۆژ سه‌یری رووداوی كردبێ، ده‌زانێت ئه‌وه زمانی رووداو نییه، ئێمه له چه‌واشه‌كاره‌كان نیگه‌ران نین، ئه‌وان كوێركراون و بڕیاریانداوه نه‌بینن، به‌ڵام چۆن ده‌بێ كه‌سانێك رۆژنامه‌وان بن، یان خوێنده‌وار بن، به‌و درۆیه ئاشكرایه بڵێن ئامین؟! هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش بوو، پۆرتاڵی رووداو روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، ئه‌گه‌رنا چه‌واشه‌كار راستییه‌كه باش ده‌زانێ، چونكه خۆی شێواندوویه‌تی!



