ژمارە 593 دوایین ژمارەی هەفتەنامەی رووداوە و لێرە بەدواوە لە دەرچوون دەوەستێ. رەنگە ئەمە بۆ زۆربەتان هەواڵێکی ناخۆش و چاوەڕواننەکراو بێت، بەڵام ئەم بڕیارە پاش تاووتوێ و گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی هەموو لایەنەکانی وەرگیرا. رەنگە هەرە گرنگترین هۆکاری ئەم بڕیارە (لەپاڵ هەندێ هۆکاری لاوەکیتر) ئەوە بێت کە ئەمڕۆ رووداو میدیایەکی گەورەیە.. کەناڵی تەلەڤزیۆنی و رادیۆ و پۆرتاڵێکی چالاکی هەیە کە گەرماوگەرم و چرکە بە چرکە هەواڵ و زانیاری دەگەیەنێتە ناو ماڵەکان و سەر شاشەی مۆبایلە زیرەکەکان. رۆژگاری ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لەگەڵ 12 ساڵ لەمەوبەر کە لە مانگی نیسانی 2008 دا یەکەم ژمارەی هەفتەنامەی رووداومان بڵاوکردەوە.. میدیا ئەمڕۆ چ لە دنیادا و چ لەسەر ئاستی کوردستانیش پێشڤەچوونێکی زۆری بەخۆوە بینیوە.
ئەمڕۆ سۆشیال میدیا و شاشە بچووکەکانی ناو گیرفان خەریکە تەنگ بە شاشەی تەلەڤزیۆنیش هەڵدەچنن جا چ بگا بە بڵاوکراوەیەکی هەفتانە. لەسایەی ئەم پێشکەوتنەدا وەرگر چیدی وەرگرێکی بێ دەسەڵات نییە بە دیار شاشەی تەلەڤزیۆنێکەوە دانیشتبێ و گوێ لەو زانیارییانە بگرێ کە ژووری هەواڵ لەو رۆژەدا بۆیان ئامادە کردووە، بەڵکو خۆی بەشدارە لە هەڵبژاردنی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی بۆی گرنگن و بە جووڵاندنی پەنجەیەکی دەستی کە بەسەر شاشەی مۆبایلەکەیدا دێنێ، ئەوانە بەلاوە دەنێ کە بۆی گرنگ نین، ئەمەش واقیعێکە و دیاردەیەکی جیانییە و تەنیا تایبەت نییە بە وڵاتی ئێمە، بەڵام سەرباری ئەوەش میدیای نووسراو لە دنیای ئێمەدا باری شانی بە کۆمەڵێ کێشە و ئاستەنگی دیکەش قورسە کە ئەمەیان تەنیا تایبەتە بە واقیعی وەک ئەوەی ئێمە و جیهانی پێشکەوتوو لەمێژە ئەم ئاستەنگانەی تێپەڕاندووە، لەوانەش کەمیی ژمارەی خوێنەری راستەقینە و قازانج لە فرۆشتنی رۆژنامە و هەروەها کێشەی دابەشکردن و بڵاوکردنەوە بە خێرایی کە خوێنەران لەمسەر تا ئەوسەری وڵات بتوانن لە یەک کاتدا دەستیان پێی رابگات.. بەهەرحاڵ میدیای نووسراو لە وڵاتی ئێمە کە هێشتا لەگەڵ ئەم کێشە لاوەکییانە دەستەویەخە بوو، تەکنەلۆژیاش لەولاوە تەنگی پێ هەڵچنیوە.
لەبەر هەموو ئەم هۆکارانە، بڕیارمان دا بژارە قورسەکە قبوڵ بکەین و ئەم هەفتەنامەیە راگرین. بۆ ئێمە دڵنەوایی ئەوەیە ئەم پرۆژەیە گەورە بووە و گۆڕاوە بۆ تۆڕێکی میدیایی کە دەتوانێ لەڕێی کەناڵی دیکەوە درێژە بە کاری خۆی بدات.
سوپاس بۆ هەموو ئەو خوشک و برا و هاوکارانەی لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بە دڵسۆزی و لێبڕاوی و شارەزایی خۆیان درێژەیان بەم پرۆژەیە دا و دەوڵەمەندیان کرد و کاری میدیاییان لە کوردستان هەنگاوێکی گرنگ بردە پێشەوە.


.png&w=3840&q=75)
