هەواڵەکانی ڤیڤیان فەتاح
<p style="text-align: justify;">پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوە لە نووسینگەی رۆژئاوای كوردستان لە قامشلۆ. </p>
ڤیڤیان فەتاح، لە نیسانی 2018 دەستی بە كاركردووە لە تۆڕی میدیایی رووداو. رووماڵەكانی بۆ شەڕی داعش زۆر دەنگیاندایەوە لە كوردستان، زۆر لە بەرهەمەكانی لەو ئاژانس و تەلەڤزیۆنانە بڵاوكرانەوە كە رێككەوتنی هاوكارییان هەیە لەگەڵ رووداو.
ڤیڤیان فەتاح، لە 3ی ئابی 2018 ڤیتییەكی ئامادەكرد لەسەر ژیانی ژنانی كوردی ئێزدی لە رەققە لەژێر دەستی داعشدا، لەو ڤیتییەدا كە ڤیڤیان جلی ژنانی داعشی پۆشیبوون، بە وردی لەو شوێنانەی ئەو ژنانەی لێ ژیاوە ، باسی شێوەی ژیانی ئەوانی كرد ، ئەو بەرهەمەی زۆر بڵاوبووەوە و دەنگیدایەوە.
ڤیڤیان رووماڵی شەڕی داعشی كرد لە رەققە، دێرزوور و هەروەها رووماڵێكی تەواوی كرد بۆ شەڕی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە باغۆزی سووریا، كە بە دوایین ناوچەی خەلافەتی داعش دادەنرا. بەشدارییە راستەوخۆییەكانی ڤیڤیان لە بوولتەنەكانی رووداو دا، ڤیتییەكانی سەبارەت شەڕی باغۆز زۆر بینەر و بیسەریان هەبوو. ڤیڤیان فەتاح تاوەكو دوایین خاڵی نێوان سووریا و عێراق رووماڵی شەڕی داعشی كرد.
هەروەها هەڤپەیڤینەكەی لە مانگی حوزەیرانی 2019 لەگەڵ ستیڤ دوورات، چەكداری داعشیی خەڵكی لۆكسمبۆرگ كە ئێستا لە زیندانەكانی هێزەكانی سووریای دیموكراتدایە، زۆر بە فراوانی بڵاوبووەوەو، بووە رۆژەڤی میدیا و حكومەتی لۆكسمبۆرگ.
ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 1992 لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان لەدایكبووە. بڕوانامەی لە بواری دەرووناسیدا لە زانكۆی حومسی سووریا وەرگرتووە.
لە ساڵی 2015 لە دەزگاكانی راگەیاندن دا دەستی بە كار كردووە. لە رۆژی 12ی ئاداری 2004 لەكاتی ئاڵۆزییەكانی یاری نێوان یانەی جیهادی قامشلۆ و فتوەی دێرزوور لەگەڵ باوكی لە یاریگەی قامشلۆ بووە، كە لایەنگرانی فتوە و پۆلیس هێرشیانكردە سەر كورد و لە ئەنجامدا كورد لە پارێزگای حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان لە دژی حكومەتی سووریا راپەڕین، لەوكاتدا حەزیكردووە ببێتە رۆژنامەڤان بۆ گواستنەوەی هەواڵەكان. هەروەها ئەوكاتەی باوكی لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێكی دانراوی داعش لە قامشلۆ گیانی لەدەستدا، خۆی هەواڵەكەی خوێندووەتەوە، دوای تەواوبوونی بوولتەنەكە زانیویەتی ئەو هاونیشتیمانییە سیڤیلەی كە ناوی لە هەواڵەكەدا نەنووسرابوو، باوكی بووە.
ڤیڤیان فەتاح، ساڵی 2015 وەك كامێرامان لە تەلەڤزیۆنی رۆناهی كاری كردووە لە رۆژئاوای كوردستان، دواتر وەك بێژەری هەواڵ لە تەلەڤزیۆنی گەلی كوردستان و رادیۆی دواڕۆژ و تەلەڤزیۆنی ئێن ئاڕ تی لە باشووری كوردستان كاری كردووە .





